دواى 15 ساڵ
تەواوی بەربەستە کۆنکرێتییەکانی دوزخورماتوو لادەبرێن

February 22, 2019 at 2:24 pm

دوزخورماتوو, شوباتى 2019, لابردنى به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كان دوای 15 ساڵ له‌ دانانی فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌ت

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

ئیداره‌ی قه‌زای دوزخورماتوو، ده‌ستیكرد به‌ لادانی به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێیتییه‌كانی به‌رده‌م فه‌رمانگه‌ و نێوانی گه‌ڕه‌كه‌كان، ئه‌وه‌ش دوای 15 ساڵ له‌ دانانیان به‌ پاساوی جیاوازی ئه‌منی و سیاسی.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر قایمقامیه‌تی دوزخورماتوو، به‌ هه‌ماهه‌نگی شاره‌وانی هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكرد بۆ هه‌ڵگرتن و لادانی ته‌واوی به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كان، كه‌ به‌ چوارده‌وری فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان و له‌ هه‌ندێك گه‌ڕه‌كیش وه‌كو جیاكارییه‌ك له‌ نێوان دانیشتوانی دوو پێكهاته‌دا دانرابون.

حەسەن زەینلعابدین، قایمقامی قه‌زای دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دەستمانکردوە بە ھەڵگرتنی كۆنكرێته‌كانی نێوان گەڕەکەکانی ناوشار، ھەموی ھەڵدەگرین بۆ ئەوەی گەڕەکی کوردی و تورکمانەکان جیانەبنەوە و دەكیانبخه‌ین، چونكه‌ له‌ ئێستادا بارودۆخی ئەمنی شارەکە باشە”.

“ماوه‌ی 15 ساڵه‌ ئه‌و به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییانه‌ دانراون و ماونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی خراپی دۆخی ئه‌منییه‌وه‌”.

له‌ دوای روخانی رژێمی حوكمڕانی به‌عسه‌وه‌، به‌هۆی خراپی بارودۆخی ئه‌منی و روداوه‌ توندوتیژییه‌كانه‌وه‌، زۆربه‌ی داموزده‌زگا حكومییه‌كان له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كاندا به‌ به‌ربه‌ستی كۆنكرێتی چوارده‌وریان گیراوه‌.

دوزخورماتوو، شوباتی 2019، هه‌گرتنی به‌ربه‌ستێك له‌ سه‌ره‌تای كۆڵانێكی قه‌زاكه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌ت

قه‌زای دوزخورماتوو، كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی فره‌ پێكهاته‌یه‌، سه‌رباری روداوه‌ ئه‌منییه‌كان، چه‌ندینجار روبه‌روی كێشه‌ی نێوان هێزه‌ جیاوازه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كان بۆته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ به‌ربه‌ست له‌ نێوان به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كاندا دانراوه‌ له‌ رابردودا.

سه‌ردار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لیژنه‌ی ئەمنی شار بڕیاریدا ئەو به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییانه‌ هه‌مویان هه‌ڵبگیرێن، چونكه‌ پێشتر رێگه‌ی هاتوچۆی قورس كردبوو، ئۆتۆمبێلی گه‌وره‌ نه‌یده‌توانی بچێته‌ ناو بازاڕه‌وه‌”.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی قایمقامیه‌تی قه‌زای دوزخورماتوو، هه‌ڵمه‌تی لابردنی به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كان به‌رده‌وامی ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی شاره‌كه‌ له‌و سیمایه‌ پاكده‌كرێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی وێنه‌یه‌كی خراپی له‌سه‌ر سنوره‌كه‌ نیشان ده‌دا.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن