دوای هه‌ڵگرتنی گومرگی نه‌ینه‌وا – هه‌رێم
بارهه‌ڵگره‌كان به‌ هه‌شت كاتژمێر له‌ بازگه‌ی موسڵ تێده‌په‌ڕن

February 22, 2019 at 8:30 pm

نه‌ینه‌وا، ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگر له‌ بازگه‌یه‌كی نێوان هه‌رێمی كوردستان و موسڵ فۆتۆ: ده‌سته‌ی گومرگی عیراق

عه‌مار عه‌زیز

شۆفێرانی بارهه‌ڵگر له‌ رێگای نێوان هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای نه‌ینه‌وا، رۆژانه‌ نزیكه‌ی هه‌شت كاتژمێر له‌ چاوه‌ڕوانیدا ده‌مێننه‌وه‌ تا بۆ داگرتنی باره‌كانیان بچنه‌ ناو موسڵه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی خاڵه‌ گومرگییه‌كان به‌بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌ڵگیران.

16ی شوبات خاڵی گومرگی نێوان نه‌ینه‌وا و هه‌رێمی كوردستان لابرا، به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، له‌وكاته‌شه‌وه‌ قه‌ره‌باڵغی زۆر له‌ بازگه‌كاندا دروستبووه‌ و هه‌ر بارهه‌ڵگرێك دوای چه‌ندین كاتژمێر راوه‌ستان له‌ ریزێكی درودرێژدا، ئه‌وكات ده‌توانێت باره‌كه‌ی له‌ دهۆكه‌وه‌ بباته‌ موسڵ.

“دوای هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان له‌ بازگه‌كاندا كێشه‌كانی ئێمه‌ زیاتر بووه‌، رۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر له‌ سه‌ره‌دا ده‌مێنینه‌وه‌ تا بچینه‌ موسڵ، له‌ كاتێكدا پێشتر باج وه‌رده‌گیرا و زوو به‌رێده‌كراین” سیروان حه‌جی وای وت.

سیروان شۆفێری بارهه‌ڵگره‌ له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و نه‌ینه‌وا، بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد ئه‌گه‌ر پێشتر دووجار باری به‌ره‌و موسڵ گواستبێته‌وه‌، ئێستا به‌ ته‌واوی فریای گه‌یاندنی یه‌ك بار شمه‌ك ناكه‌وێت.

هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، مانگی رابردوو گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر یه‌كخستنی باج و كاروباری گومرگه‌كان و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، له‌ نێویاندا هه‌ڵگرتنی گومرگی نێوان پارێزگاكان.

عیزه‌ت فه‌تاح، به‌رێوه‌به‌ری گومرگی پارێزگای دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “چه‌ند رۆژێكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئوتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان له‌ بازگه‌كاندا سه‌ره‌یان گرتووه‌ و چاوه‌ڕێن رێگه‌ی چونه‌ ناو موسڵیان پێبدرێت” ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ئه‌و له‌ كاتێكدایه‌ پێناسه‌ی گومرگی هاوبه‌ش كه‌وتۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

“به‌دواداچونمان بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ كردووه‌ و پاساوی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئامێری پێویست نییه‌ بۆ پشكنین.. یان ده‌لێن پرده‌كانی سه‌ر رێگاكان ته‌حه‌مولی بارهه‌ڵگره‌كان ناكات چونكه‌ باره‌كانیان قورسه‌، .. به‌ڵام ئه‌و كێشه‌یه‌ كاریگه‌ری خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر جوڵه‌ی بازرگانی نێوان پارێزگاكانی دهۆك و نه‌ینه‌وا” به‌وته‌ی عیزه‌‌ت فه‌تاح.

نەینەوا، تشرینی یەكەمی 2017، شاری موسڵ فۆتۆ: عومەر مەجید/كەركوك ناو

خاڵه‌ گومركییه‌كانی نێوان كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا له‌گه‌ڵ هه‌رێم، له‌ ئه‌یلولی 2018‌ كرانه‌وه‌ و به‌هۆی دانانی باج له‌سه‌ر چه‌ندین شمه‌ك، ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌ و نرخی به‌شێك له‌ پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك به‌رزبۆوه.

سه‌یدۆ چه‌تۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌موو خاڵه‌ گومرگیه‌كان هه‌ڵگیراون و ته‌نیا بازگه‌ ئه‌منییه‌كان ماون، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر سه‌لامه‌تی رێگاكه‌یه‌ و بارهه‌ڵگره‌كان ده‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی هاتوچۆ بكه‌ن به‌بێ رێگری”.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت هۆكاری دواكه‌وتنی بارهه‌ڵگره‌كان له‌ بازگه‌كاندا خراپی رێگاكه‌ كه‌ یه‌ك سایدی هاتوچۆیه‌، وتیشی “به‌فه‌رمی داوامان له‌ وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق كردووه‌ رێگای نێوان دهۆك و موسڵ نۆژه‌نبكاته‌وه‌ به‌وپێیه‌ی رێگایه‌كی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تییه‌”.

له‌و رێگا بازرگانییه‌، رۆژانه‌ له‌ كاتژمێر 6ی به‌یانی تا كاتژمێر 4ی دوانیوه‌ڕۆ رێگا به‌ هاتوچۆی بارهه‌ڵگر ده‌درێت.

به‌ره‌كات شه‌مۆ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاتی هاتوچۆی بارهه‌ڵگره‌كان دیاریكراوه‌ بۆیه‌ “قه‌ره‌باڵغیه‌كی یه‌كجار زۆر دروست ده‌بێت”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ “رێگاكه‌ نه‌گیراوه‌ و رێگری له‌ هاتوچۆی بارهه‌ڵگره‌كان نیه‌ ته‌نیا كاته‌كه‌ی دیاریكراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش، رێگاكه‌ یه‌ك سایده‌ و خراپه‌، بۆیه‌ پێویستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و فراوانكردنی هه‌یه‌”.

كێشه‌ی هاتوچۆی بارهه‌ڵگره‌كان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ پارێزگاكانی تری عیراق ته‌نیا له‌ نه‌ینه‌وا نییه‌، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوشدا چه‌ندین شۆفێر به‌رانبه‌ر بازگه‌ی چونه‌ ناو كه‌ركوك ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی، به‌هۆی وه‌رگرتنی پاره‌ له‌ به‌رانبه‌ر گه‌یاندنی باری ئۆتۆمبێله‌كانیان، له‌ كاتێكدا خاڵه‌ گومرگییه‌كان هه‌ڵگیراون.

سه‌رباری نه‌مانی گومرگشۆفیرانی بارهه‌ڵگر به‌ پاره‌ ده‌چنه‌ كه‌ركوكه‌وه‌

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن