دلبه‌ر، زمانی كوردی بیرچۆته‌وه
ئه‌و منداڵه‌ی نیوه‌ی ته‌مه‌نی لای داعش بوو
February 24, 2019 at 8:31 pm

سوریا/22ی شوباتی 2019/ دلبهرعهلی رهڤۆ 10 ساڵ، سێیه‌م كه‌س له ده‌سته چه‌پی وێنه‌كه
عه‌مار عه‌زیز – دهۆك
دلبه‌ر عه‌لی رهڤۆ 10 ساڵ، كاتێك به ته‌له‌فون قسه‌ی له‌گه‌ڵ مامی ده‌كرد به عه‌ره‌بی وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه و كوردی بیرچوبۆوه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ته‌نیا پێنج ساڵ بوو چه‌كدارانی داعش دایان به‌سه‌ر گونده‌كه‌یدا و له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ده‌ستگیریان كردن.
دلبه‌ر و 10 منداڵی تری ئێزیدی كه ته‌مه‌نیان له‌یه‌كتره‌وه نزیكه، هه‌ینی رابردوو 22ی شوبات له سوریا و له ده‌ستی داعش رزگاركران، له ئێستا هه‌وڵده‌درێت بیانگه‌ڕێننه‌وه بۆ عیراق.
دلبه‌ر چیرۆكێكی تراژیدی تری نێو ئێزیدییهكانه، وه‌كو كه‌سوكاری ده‌ڵێن منداڵێكی بزێو و روح سوك بووه كاتێك له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌ندامانی تری خێزانه‌كه‌ی له گوندی كۆجۆ سه‌ر به قه‌زای شنگال، له باكوری خۆرئاوای موسڵ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه ده‌ستگیركران و ته‌نیا ئه‌و له دوای نزیكه‌ی پێنج ساڵ چاره‌نوسی دیاره.
جیهاد رهڤۆ، شه‌ممه 23ی شوبات، توانی پێنج خولهك له‌ڕێی ته‌له‌فونه‌وه قسه له‌گه‌ڵ دلبه‌ری برازایدا بكات، دوای ئه‌وه‌ی دلبه‌ر براوه‌ته ماڵی خێزانێكی ئاواره‌ی ئێزیدی له سوریا كه خزمی نزیكی خۆیانن.
جیهاد به (كه‌ركوك ناو)ی وت “وتم دلبه‌ر چۆنی؟ به زمانی عه‌ره‌بی وه‌ڵامی دامه‌وه و وتی: باشم…. وتم ده‌مناسیته‌وه وتی به‌ڵی تۆ مامی منی”، جیهاد زیاتر وتی “یه‌کسه‌ر ده‌ستم به گریان کرد و بیری ئه‌و رۆژانه‌م كه‌وته‌وه که پێکه‌وه له گوندی کۆجۆ ده‌ژیاین… دلبه‌ر ئێستا كوردی نازانێت”.
وتم دلبه‌ر چۆنی؟ به زمانی عه‌ره‌بی وه‌ڵامی دامه‌وه و وتی: باشم…. وتم ده‌مناسیته‌وه وتی به‌ڵی تۆ مامی منی
دلبه‌ر، دوو برا و دوو خوشكی له‌خۆی گه‌وره‌تری هه‌بووه كاتێك كه‌وتونه‌ته ده‌ست چه‌كدارانی داعش له 3ی ئابی 2014.
دڵدار 15 ساڵ، دیار 14 ساڵ، خوشكه‌كانیشی شیلان 30 ساڵ و عه‌مشه 19 ساڵ، به‌ڵام چاره‌نوسی ئه‌وان و دایك و باوكیشیان نادیاره.
دلبه‌ر هه‌ر له ته‌له‌فونه‌كه به مامی وتووه، زیاتر له ساڵێكه دایك، باوك و خوشك و براكانی نه‌بینیوه، به‌ڵام مانگێك له‌مه‌وبه‌ر دیاری برای بینیوه، ئیتر ئاگای له هیچیان نییه.
جیهاد به (كه‌ركوك ناو)ی وت “دلبه‌ر خه‌می خێزانه‌كه‌یه‌تی و له تهلهفونهكهش پرسیاری كردووه، من پێموت ئه‌وانیش رزگارده‌کرێن، کاتێك ئه‌و قسه‌یه‌م کرد دلبه‌ر زۆر دڵی خوشبوو”.
دلبه‌ر خه‌می خێزانه‌كه‌یه‌تی و له تهلهفونهكهش پرسیاری كردووه
رزگاركردنی ئه‌و 11 منداڵه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌ره‌و كۆتاییهاتنی داعش له ناوچه جیاوازه‌كانی سوریا و رۆژانه چه‌كدارانی ئه‌و گروپه به كۆمه‌ڵ خۆیان راده‌ستی چه‌كدارانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌كه‌ن، كه پێنج ساڵه به‌شێوه‌ی جیاواز شه‌ڕی چه‌كدارانی داعش و گروپه توندڕه‌وه‌كان ده‌كه‌ن.
دلبه‌ر له دایكبوی ساڵی 2009ی شنگاله، ئه‌و قه‌زایه‌ی زۆرترین زیانی به‌ركه‌وت به‌هۆی هێرشی داعش، خه‌ڵكه‌ی روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵكوژیی و ده‌ستگیركرد بونه‌وه، ئه‌وانه‌شی خۆیان رزگاركرد زۆرینه‌یان هێشتا له ئاواره‌ییدا و له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین.
له کۆی شه‌ش هه‌زار و 417 رفێنراوی ئێزیدی، تاوه‌کو ئێستا سێ هه‌زار و 367 که‌س رزگارکراون، چاره‌نوسی نزیكه‌ی نیوه‌ی رفێنراوه‌كان نادیاره.
ئه‌و 11 منداڵه هه‌مویان خه‌ڵكی قه‌زای شنگالن، له ئێستادا هه‌وڵده‌درێت بگه‌ڕێنرێنه‌وه زێدی خۆیان.
“مامه من دوو رۆژی تر ده‌گه‌ڕێمه‌وه كوردستان”، ئه‌مه كۆتا قسه‌ی دلبه‌ر بوو بۆ مامی كاتێك به ته‌له‌فون قسه‌یان كرد، جیهاد ده‌ڵێت کاتژمێره‌کان ده‌ژمێرێت تاوه‌کو به برازاكه‌ی شادبێته‌وه.

نه‌ینه‌وا، 2018، ژماره‌یه‌ك منداڵی ئێزیدی له ناوچه‌یه‌كی قه‌زای شه‌نگال سه‌رقاڵی یاریكردنن فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو
“کاتێک منداڵ بوو زۆر جوان و ئاقڵ بوو، داوا له هه‌موو رێکخراوه‌کان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌م ئه‌ندامانی خێزانی دلبه‌ر رزگاربكه‌ن و به باوه‌شی دایك و باوكی شادبێته‌وه”، جیهاد وایوت.
جیهاد رهڤۆ، ئێستا له که‌مپی قادیای سه‌ر به قه‌زای زاخۆ له پارێزگای دهۆك ده‌ژین، وتی “هیوام هه‌یه بتوانین دایک و باوکی دلبه‌ر له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگاربکرێن… هه‌ر کاتێك دلبه‌ر بگاته‌وه کوردستان خۆم به‌خێوی ده‌كه‌م، وه‌کو منداڵه‌کانی خۆم خۆشمده‌وێت”.
حسێن قائیدی، لێپرسراوی نوسینگه‌ی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به (که‌رکوک ناو)ی وت “ئه‌و 11 منداڵه له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان كه‌وتبونه ده‌ست چه‌كدارانی داعش و دواتر جیاكراونه‌ته‌وه… به‌داخه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه ئاگاداربین داعش هه‌ندێك له منداڵه ئێزیدییه‌كانیان له بنكه سه‌ربازییه‌كانی خۆیان فێری هه‌ندێك بیروباوه‌ڕی توندڕه‌ویی كردووه”.
ئه‌و 11 منداڵه‌ی هه‌ینی 22ی شوبات رزگاركران:
سفیان خه‌له‌ف سلێمان، ماهر خه‌لیل ئیبراهیم، دلبه‌ر عه‌لی رهڤۆ، وه‌سیم ئیسماعیل، ئه‌یاد حسێن شه‌مۆ، مسته‌فا ئه‌حمه‌د، مازن سه‌لیم، خه‌شمان سه‌میر، دلڤان خه‌له‌ف، سه‌جاد عه‌باس و سه‌دام حسێن.