یه‌كێتی دوو داواكاری بۆ پارتی و حكومه‌تی عیراق ده‌نێرێت

گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوای كه‌ركوك/ له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی بۆنه‌ و یاده‌كانی نه‌ورۆز یه‌كێتی داوای هه‌ماهه‌نگی له‌ حزبه‌ كوردییه‌كانی پارێزگاكه‌ ده‌كات فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، داوا له‌ سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یی و پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات په‌له‌بكه‌ن له‌ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد، داوا له‌ حكومه‌تی عیراقیش ده‌كات، كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی بهێنێت له پارێزگاكه‌.

ئه‌و دوو داوایه‌ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك، له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی ئازار بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی "داواكارین له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی و پارتی  به‌زوترین كات بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و دانانی پارێزگارێكی كورد".

داواكارین له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی و پارتی  به‌زوترین كات بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد

هه‌روه‌ها مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كات، بارودۆخی كه‌ركوك ئاسایی بكاته‌وه‌ و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی نائاسایی سه‌ربازی بهێنێت".

ئه‌و داواكارییانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌یی ده‌ربڕینی یه‌كێتی بۆ رێكخستنی بۆنه‌كانی ئازار و نه‌ورۆز له‌ پارێزگاكه‌ ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حزبه‌ كوردییه‌كانی تری كه‌ركوك.

په‌یامی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك بۆ سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یی و پارتی دیموكرات، له‌كاتێكدایه‌ مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردولا له‌ كۆبونه‌وه‌دان له‌باره‌ی پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و باردوخۆی كه‌ركوك له‌ نێویاندا كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT