دوزخورماتوو: پریشكی نەبونی خزمەتگوزاری بەر منداڵان دەكەوێت

پاركێكی دوزخورماتوو، یارییەكانی كۆن بووە و بەڕوی منداڵانیشدا داخراوە فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەیلا ئەحمەد – دوزخورماتوو

پاركەكانی قەزای دوزخورماتوو بەڕوی منداڵاندا داخراون، یان یارییەكانی كۆن بون و ناتوانن سودی لێ ببینن. بەگشتی لەو قەزایە شوێنی گونجاو نییە بۆ یاریی و پشودانی منداڵ. لە زستاندا پارك و شوێنەكانی یاریكردن دەبنە قوڕاو و هاوینانیش بەهۆی نەبونی سەوزایی و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما ناتوانن یاریی تێدابكەن.

ئەم گرفتە كە روبەڕوی منداڵانی بێنازی دوزخورماتوو بۆتەوە لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەشێكی كەمە لەو كێشانەی كە بەرۆكی تەواوی هاوڵاتیانی قەزای گرتۆتەوە، هۆكارەكەشی نەبونی خزمەتگوزارییە.

محەمەد سەرکەوت (11ساڵ)، هاوینان تەنیا ئەو چەند دارە لەبەردەم پاركەكەی ماڵیان دەبینێت كە تەنانەت سێبەر بۆ خۆشی ناكات، پاركەكە هاوینان تۆزاویی و گەرمن و منداڵان ناتوانن یاری تیابكەن، هاوینانیش لەبەر باران بارین دەبێتە قوڕاو.

ئەو وتی "ئێمە بێزارین، شوێنی یاریكردنمان نییە، تەنیا لەسەر شەقام و ناو كۆڵانەكان یاریی دەكەین و تۆپی پێ دەكەین".

ئێمە بێزارین، شوێنی یاریكردنمان نییە، تەنیا لەسەر شەقام و ناو كۆڵانەكان یاریی دەكەین

محەمەد وتی كە حەزدەكات بچێتە شاری یاریی و لە یاریگای سەوز تۆپی پێ بكات.

دوزخورماتوو یەكێكە لە قەزا جێناكۆكەكان لەنێوان بەغدا و هەولێر، دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان.

dwzz
پاركێكی دوزخورماتوو، یارییەكانی كۆن بووە و بەڕوی منداڵانیشدا داخراوە فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لە چوار ساڵەی شەڕی داعشدا، هەرچەندە قەزاكە نەكەوتە دەست داعش، بەڵام كاریگەریی لەسەر دۆخی ئەمنیی و كەمی خزمەتگوزاریی هەبوو. هەروەها ململانێی حزب و لایەنە نەتەوەییەكان وەك بەشێكی تر لە هۆكاری كەمی ئاوەڕدانەوە لەو قەزایە دەبینرێن.

مەریوان خورشید، كوردێكی دانیشتوی دوزخورماتووە، دەڵێت 10 ساڵ دەبێت، خزمەتگوزاری ئەوتۆی لە قەزاكە بەدینەكردووە، بەتایبەت پارك و شاری یاریی منداڵان.

"هەندێك پارك بۆ یاریی منداڵان لە دەرەوەی قەزاكە هەیە، بەڵام ساڵانە سێ بۆ چوار رۆژ تەنیا لە جەژنەكان دەكرێنەوە"، مەریوان زیاتر وتی "ئەو پاركانەش چەند یارییەكی كۆن و شكاویان تیایە".

بۆیە ئەو لە بۆنەكاندا منداڵەكانی دەباتە شارەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەو وتی "ئەگەر لە قەزاكە پارك هەبێت پارەش بدەین كێشە نییە، گرنگ ئەوەیە منداڵەكانمان ئاسودەبن".

ئەگەر لە قەزاكە پارك هەبێت پارەش بدەین كێشە نییە

بونی زبڵ و خاشاك لەو یاریگا بچوك و خۆڵاوییانەی كە منداڵان خۆیان دروستیان كردووە، ترسی لای دایك و باوكان دروستكردووە تووشی نەخۆشی بن، وەك مەریوان وایوت.

هێمن بەرزان، چالاكوانێكی قەزاكەیە، وتی "دەتوانین بڵێین منداڵانی ئێرە بێنازترینن، رۆژێك نییە كاتێكی خۆش لە شوێنێكی گونجاو بەسەر ببەن".

ئیدارەی دوزخورماتوو لە ساڵی رابردودا پاركێكیان لە گەڕەكی كۆماری كردەوە، بەڵام چەند یارییەكی كۆن و دیاریكراوی تێدایە، هەروەها خێرخوازێك هەوڵێكی هاوشێوەیدا، ئەوەش بە هەمان شێوە جێی رەزامەندی منداڵان نییە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT