عیراق لە راگوزەردا

لە خانەقین؛ دەسەڵات لە 14 فەرمانگەی حكومەتی هەرێم دەسەنرێتەوە

  • 2020-03-11
لە خانەقین؛ دەسەڵات لە 14 فەرمانگەی حكومەتی هەرێم دەسەنرێتەوە
دیاله‌، تشرینی یه‌كه‌می 2019، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ گۆڕه‌پانی عه‌بدولعه‌زیز پشتیوان له‌ ناوه‌ڕاستی قه‌زای خانه‌قین بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەكانی بەغدا فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد
لەیلا ئەحمەد – خانەقین

دەسەڵات لە چەندین فەرمانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خانەقین دەسەنرێتەوە، ئەوەش دەرئەنجامی بڕیار و رێنماییەكانی حكومەتی فیدراڵی و ئیدارەی پارێزگای دیالەیە لەدوای سازکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەلایەن هەرێمەوە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧دا.

لێسەندنەوەی دەسەڵات لەو چەند فەرمانگەیە، لەكاتێكدایە بەر لە ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەسەڵاتی رەهایان هەبوو، تەنانەت هەندێكجار بەسەر فەرمانگەكانی حكومەتی فیدراڵییەوە.

ئەو چەند فەرمانگەیەی هەرێم لە خانەقین، لە ساڵی 2003وە بۆ قەزاكە و ناوچەكانی تری جێناكۆك گەڕانەوە و لەپاڵ فەرمانگەكانی تر حكومەتی فیدراڵییدا كاریاندەكرد و دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبوو.

فەرمانگەکانی شارەوانی، ئاو، تەندروستی، ئاوەدانكردنەوە، پەروەردە، كاروباری كۆمەڵایەتی، كارەبا،  شەهیدان، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، كشتوكاڵ، زانكۆ و دەستەی ناوچە دابڕێنراوەكان، لە دیارترین ئەو فەرمانگانەی هەرێمن كە لە خانەقین کاردەکەن.

سۆران عەلی حسێن، سەرۆکی شارەوانى خانەقین سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "فەرمانگەكانی هەرێم وەك پێش ریفراندۆم دەوامی خۆمان دەكەین، بەڵام دەسەڵاتمان نەماوە وەك ئەوەی پێش 16ی ئۆكتۆبەر هەمانبوو".

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا، دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بۆ خانەقین و ناوچەكانی تری جێناكۆك گەڕایەوە، لەوكاتەشەوە دەسەڵاتی فەرمانگەكانی هەرێم سنوردار و كەمكرانەوە تا گەیشتە ئەو رادەیەی ئێستا هیچ رۆڵ و دەسەڵاتێكیان نەماوە.

xanaqen-2
خانەقین/ دیمەنێكی روباری ئەڵوەند فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

سۆران وتی "پێشتر دەستوەردانمان دەكرد لە بەڕێوەبردنی قەزاكە و توانای بڕیاردانمان هەبوو، دەسەڵاتمان بەسەر هەموو قەزا، ناحیە و گوندەكاندا هەبوو، تەنانەت ئەو فەرمانگانەی سەر بە حكومەتی فیدراڵی و پارێزگای دیالەش بون، ئێمە بەڕێوەمان دەبردن".

بەشێك لەو فەرمانگانەی هەرێم کە لە خانەقین هەن، هەمان ئەو فەرمانگانەن کە ناوەندیش لە قەزاکەدا کردونیەتەوە، لەوانە شارەوانی، كشتوكاڵ، كارەبا و تەندروستی.

"ئێمە وەك شارەوانی هەرێم ئێستا تەنیا کارى پاکكردنەوە و سەوزكردنی شار دەكەین، بەڵام شارەوانییەكەی حكومەتی فیدراڵیی هەموو دەسەڵاتێكیان هەیە... بەهۆی بونی دوو شارەوانیش راییكردنی بەشێك لە مامەڵەی هاوڵاتیان پەكیكەوتووە"، سەرۆكی شارەوانی خانەقین سەر بە هەرێمی كوردستان وایوت.

وەك شارەوانی هەرێم ئێستا تەنیا کارى پاکكردنەوە و سەوزكردنی شار دەكەین

لە دوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی، چەندینجار فەرمانگەكانی هەرێم لە خانەقین ئاگاداركراونەتەوە لەوەی دەستوەردان نەكەن لە كاروباری حكومەتی خۆجێی خانەقین.

سەرۆكی شارەوانی خانەقین (سەر بە هەرێم) بۆ ئەوە نمونەی هێنایەوە، "ماوەیەك پێش ئێستا فەرمانگەی هاتوچۆی سەر بە هەرێم سەرقاڵی هێڵكاریی شوێنی روداوێكی هاتوچۆ بون لەناو خانەقین، بەڵام لەلایەن فەرمانگەی هاتوچۆی سەر بە دیالەوە ئاگاداركرانەوە كە شوێنەكە چۆڵبكەن  چونکە ئەوە كاری ئەوان نییە".

naxoshxana-2
دیالە/ئەیلولی 2017/ ئالای عیراق و هەرێمی كوردستان بەسەر نەخۆشخانەی گشتی خانەقینەوە بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

شیروان میرزا قادر، ئەندامی پەرلەمانى عیراق لە فراکسێونى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا ئەوەی لە ناوچەكانی جێناكۆك دەبینرێت دوو ئیدارەییە، ئەوەش دوای 16ی ئۆكتۆبەر دروستبوو... ئێستا كێ لەو ناوچانە بڕیار بەدەست بێت، هەر ئەوەش دەسەڵاتی هەیە، پێش ریفراندۆم هەرێم دەسەڵاتی رەهای هەبوو، ئێستا وانییە و ناوەند بڕیار دەدات".

خانەقین قەزایەكی جێناكۆكی پارێزگای دیالەیە و دانیشتوانەكەی لە عەرەب‌، كورد، توركمان پێكدێن‌، لەگەڵ پێكهاتەیی ئایینی كاكەیی و لە پێشوشدا كریستیانی.

دوو فەرمانگەی سەر بە حكومەتی ناوەندی، بۆچونی ئەو پەرلەمانتارە و سەرۆكی شارەوانی خانەقین (سەر بە هەرێم) پشتڕاستدەكەنەوە و جەختدەكەنەوەی لەوەی دەسەڵات ئێستا لای ئەوانە.

لێپرسراوی فەرمانگەیەكی ئەمنی، سەر بە حكومەتی فیدراڵی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا دەسەڵات لای ئێمەیە، ئەوان هیچ ئەرك وكارێكیان نییە، ناتوانن بڕیار بدەن و بێدەسەڵاتن".

ئێستا دەسەڵات لای ئێمەیە، ئەوان هیچ ئەرك وكارێكیان نییە، ناتوانن بڕیار بدەن و بێدەسەڵاتن

ئەو جەختیكردەوە"فەرمانگە ئەمنییەكانی هەرێم، مەگەر ئێمە داوای هاوكارییان لێبكەین، ئەگینا هیچ رۆڵیان نییە،چونكە ئێستا خانەقین لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵدایە نەك هەرێم".

بەو هۆیەوە شیروان میرزا – پەرلەمانتار - داوایكرد هەرێم و كورد كار بۆ بەهێزكردنی رۆڵی فەرمانگەكانی هەرێم بكەن لە ناوچەكانی جێناكۆك، ئەوەش لەڕێی هەوڵدانیان لە بەغدا.

"زەرورە كورد بەخێرایی ئەو پرسە یەكلایبكاتەوە، چونکە پارێزگارەكانی ئەو ناوچانە، لە هەوڵی ئەوەدان فەرمانگەكانی هەرێم و دەسەڵاتی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك كەمبكەنەوە و دەسەڵاتیان نەهێڵن"، شیروان وایوت.

ئەو زیاتر وتی "بۆ چارەسەرکردنى کێشەى دوو ئیدارەیی لەناوچە دابڕاوەکان، کورد وەفد و وەزیرى هەیە لەبەغدا و گفتوگۆ دەکەن، ئێستا سەردانى بەغدایان کردووە و پێویستە بەدەستور و یاسا هەوڵى بۆ بدرێت، چونکە دوو ئیدارەیی کاریگەرى هەیە بۆ هاوڵاتیان بەتایبەت بۆ کوردەکان".

xanaqen-3
دیالە/25ی ئەیلولی 2017/ پرۆسەی دەنگدان بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك لە خوێندنگەیەی خانەقین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

لێپرسراوانی حزبی لە خانەقین، پێیانوایە دەسەڵاتی فەرمانگەكانی هەرێم بەئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ ئەو قەزایە، ئەگەر دەسەڵاتی ئەمنیان لەگەڵدا نەبێت.

خالید دارا، لێپرسراوی كۆمیتەی ئازادی یەكێتی لە خانەقین، وتی "دەسەڵات و بڕیاردان لە خانەقین ئێستا بەدەست پارێزگای دیالە و فەرمانگەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵییە... هەر لەوكاتەوەی پێشمەرگە پاشەکشێی کرد ئیتر رۆڵی فەرمانگەكانی هەرێم بەرەو كۆتایی رۆیشت و وەك جاران نەما کە هەموو دەسەڵاتەكان لەدەستی كورد و فەرمانگەكانی هەرێمدا بون".

ئەو وتیشی"بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم، پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە".

لێپرسراوی فەرمانگەیەكی تری خانەقین سەر بە حكومەتی فیدراڵ، لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "ئێمە فەرمان لە قایمقامی خانەقین وەردەگرین، قایمقامیش فەرمان لە پارێزگای دیالە وەردەگرێت، ئەوەش مانای وایە فەرمانگەكانی هەرێم رۆڵیان لە خانەقین نەماوە".

هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT