عیراق لە راگوزەردا

كه‌ركوك: چیرۆكی هه‌ڵكشانی كورسییه‌كانی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكدا

  • 2020-01-05
كه‌ركوك: چیرۆكی هه‌ڵكشانی كورسییه‌كانی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكدا
كه‌ركوك/ئایاری 2017/ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
شۆڕش خالید
كاتێك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ ساڵی 2005دا راگه‌یه‌ندرا، پارتی دیموكراتی كوردستان لە کۆی 41 کورسی ئه‌نجومه‌ن، ته‌نیا حه‌وت كورسی له‌نێو لیستی برایه‌تییدا به‌ركه‌وت، به‌ڵام دوای 14 ساڵ لەتەمەنی ئەو ئەنجومەنە، ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ نزیكه‌ی دوو هێنده‌ به‌رزبۆوە، بێئه‌وه‌ی هیچ هه‌ڵبژاردنێك سازکرابێت.
ئه‌م چیرۆكه‌، سیاسه‌ت و كاركردنی پارتی ده‌رده‌خات بۆ زیادكردنی ئه‌ندامه‌كانی له‌‌نێو ئه‌و ئه‌نجومەنە ته‌مه‌ن 14 ساڵییه‌دا، تا گه‌یشته‌ ئه‌وەی بووە هێزی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نه‌كه‌. بەهۆیەوە رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ پەكخستنی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له‌ دوو ساڵی كۆتایی كارەكانی ئەنجومەندا و تەنانەت شكستپێهێنانی هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ دانانی پارێزگاری نوێ لە كه‌ركوك.

لیستی برایه‌تیی و دابه‌شبونی كورسییه‌كانی له‌ 2005دا

حزبه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك به‌پێی رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر داوای هه‌ریه‌ك له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری پێشوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی کوردستان له‌ ساڵی 2005دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب، توركمان، كریستیان و سه‌ربه‌خۆ به‌ لیستی برایه‌تی به‌شدارییانكرد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی دوای روخانی رژێمی به‌عس بوو و تیایدا لیستی برایه‌تی به‌ ژماره‌ (367) چووه‌ كێبڕكێكه‌وه‌ و به‌ 26 كورسی بووه‌ هێزی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ردوو پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن به‌ر كورد كه‌وت.

له‌نێو لیستی برایه‌تیدا كه‌ رزگار عه‌لی، ئه‌ندامی ئێستای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، پارتی حه‌وت كورسی به‌ده‌ستهێنا، دوای ئه‌و یه‌كێتیی به‌ پێنج ئه‌ندام، یه‌كگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی هه‌ریه‌كه‌ به‌ سێ ئه‌ندام.

پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب دوو كورسی له‌ نێو لیستی برایه‌تی بۆ خۆی مسۆگه‌ركرد، هه‌روه‌ها دوو كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ بونه‌ خاوه‌نی دوو كورسی، هه‌ریه‌كه‌ له‌ توركمان، سۆشیالیست، زه‌حمه‌تكێشان و كریستیان یه‌كی كورسییه‌كیان به‌ده‌ستهێنا.

26 ئه‌ندامه‌كه‌ی لیستی برایه‌تی له‌ساڵی 2005

پارتی دیموكراتی كوردستان

1 – محه‌مه‌د كه‌مال

2 – په‌روین محه‌مه‌د

3 – مه‌حمود محه‌مه‌د (كامه‌ران كه‌ركوكی)

4 - نه‌سرین خالید

5 - ساهیره‌ سه‌یفه‌دین

6 - شێرزاد عادل

7 – دڵشاد پیرۆت

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان

1 – رزگار عه‌لی

2 – ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا عه‌سكه‌ری

3 – گه‌لاوێژ جه‌باری

4 - بابه‌كرسدیق ئه‌حمه‌د

5 - ئه‌ڵماس فازڵ

حزبی شیوعی کوردستان

 1– عه‌لی حه‌مزه‌ محه‌مه‌د

2 – جه‌مال مه‌ولود

3 – له‌یلا محه‌مه‌د

یه‌كگرتوی ئیسلامی کوردستان

1 – جوان حه‌سه‌ن

2 -  رێبوار فایه‌ق تاڵه‌بانی

3 – ئیبراهیم خه‌لیل

حزبی سۆشیالیست دیموكراتی کوردستان

1 - ئازاد جه‌باری

حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان

1 - ئاوات محه‌مه‌د ئه‌مین

پێكهاته‌ی كریستیان له‌نێو لیستی برایه‌تی

1 - سلڤانا بویا

سه‌ربه‌خۆ

1 – عه‌بدولڕە‌حمان مسته‌فا

2 - عه‌لی نامیق

پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌نێو لیستی برایه‌تی

1 - ریاز محه‌مه‌د

2 - جواد جاسم جه‌ناب

پێكهاته‌ی توركمان له‌نێو لیستی برایه‌تی

1 - عرفان جه‌مال كركوكلی

 

سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ی بچوکەکان‌

 ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی 2005، دوای 14 ساڵ لە تەمەنی ئەو ئەنجومەنەدا، بە ته‌واوی گۆڕاوه‌، سودمه‌ندی یه‌كه‌م تیایدا پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.

گۆڕینی ئەو هاوكێشەیە بەهۆی سەنگەر گواستنەوەی بەشێك لەئەندامانی حزبەكان بوو بۆ ناو یه‌كێتیی و پارتی، بۆنمونە له‌نێویاندا ئه‌ندامێکی حزبی شیوعی، حزبی سۆشیالیست دیموكرات، زه‌حمه‌تكێشان و هه‌ردوو كورسییه‌كه‌ی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، توركمان و سه‌ربه‌خۆكان.

ئه‌ندامه‌كانی سۆشیالیست، حزبی شیوعی، هه‌روه‌ها ئه‌ندامێكی عه‌ره‌ب، پەیوەندیان بە ریزەكانی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستانەوە كرد له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، به‌ڵام كێشه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ خۆی سێ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی له‌ده‌ستداوه‌ له‌ ‌ماوه‌ی 14 ساڵی رابردودا.

له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی ئه‌ندامێكی عه‌ره‌ب، توركمان و بێلایه‌نی بۆ لای خۆی راكێشاوه‌، هه‌روه‌ها پارتی به‌پێی ریزبه‌ندی كاندیده‌كان‌ سودمه‌ند بووه‌ له‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا. بەهۆی مردن یان وەرگرتنی پۆستی تر و دەستلەكاركێشانەوەی.

دابه‌شبونی كورسییه‌كان له‌ ساڵی 2019دا

دواجار  پارتی به‌ ره‌سمی بووە خاوه‌نی 11 كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، یه‌كێتیش حەوت كورسی، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌و گۆڕانگارییانه‌ی له‌ 14 ساڵی رابردودا له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ رویدا.

ئەڵماس فازڵ، بڕیارده‌ری پێشوی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی زیادبونی كورسییه‌كانی پارتی ئه‌وه‌بوو، زۆرینه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه‌ وازیان ده‌هێنا یان به‌هه‌ر هۆكارێك وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن نه‌ده‌مان، به‌پێی ریزبه‌ندی ئه‌ندامی پارتی و نزیك له‌و جێگه‌یان ده‌گرتنه‌وه‌".

یه‌كێتی له‌ ماوەی ئەو 14 ساڵەی تەمەنی ئەنجومەندا، سێ ئه‌ندامی له‌ده‌ستداوه‌، له‌وانه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ له‌یلا حه‌سه‌ن و ئه‌ڵماس فازڵ دوای ئه‌وه‌ی بون به‌ په‌رله‌مانتار، هه‌روه‌ها رزگار عه‌لی دوای وازهێنانی له‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، به‌ڵام حزبه‌كه‌ له‌ ئێستادا خاوه‌نی هەشت كورسییه‌.

کاکەڕەش سدیق، ئازاد جەباری (پێشتر سۆشیالیست بون)، ئاوات محەمەد - پێشتر زەحمەتكیشان بوو-، ئەحمەد عەسکەری، جواد جەنابی (له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب)، جەمال مەولود (پێشتر شیوعی بوو)، گەلاوێژ جەباری، عوسمان عەلی، ئه‌مه‌ی دواییان وه‌ك جێگره‌وه‌ی ئه‌ڵماس فازڵ ده‌ستبه‌كاربوو، بەو شێوەیە ئه‌مانه‌ ئه‌ندامانی دواین ساتەكانی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیان پێكهێنا لە پشكی یەكێتی.

به ‌پێچه‌وانه‌وه‌، پارتی جگه ‌له‌وه‌ی هه‌ر حه‌وت ئه‌ندامه‌كه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌ن ماوه‌، چوار ئه‌ندامی تریشی زیادكردووه‌؛ ئەوەش دوای ئەوەی ریاز محه‌مه‌د له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، عرفان جه‌مال كركوكلی له‌ پێكهاته‌ی توركمان، فواد حسێن به‌پێی ریزبه‌ندی و عه‌لی نامیق ساڵه‌ییش کە پێشتر سه‌ربه‌خۆ بوو، بوونە ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن.

كریستیانه‌كان یه‌كێكی تر بون له‌و لایه‌نانەی به‌پێی ریزبه‌ندی كاندیده‌كان دوو ئه‌ندامیان بۆ زیادبووه‌، به‌هۆی وازهێنانی ئه‌ندامانی تری ئه‌نجومه‌ن.

خشته‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی لیستی برایه‌تی بۆ‌ ساڵی 2019

پارتی دیموكراتی كوردستان

1 – محه‌مه‌د كه‌مال

2 – په‌روین محه‌مه‌د

3 – مه‌حمود محه‌مه‌د (كامه‌ران كه‌ركوكی)

4 - نه‌سرین خالید

5 - ساهره‌ سه‌یفه‌دین

6 - شێرزاد عادل

7 – دڵشاد پیرۆت

8 – ریاز محه‌مه‌د

9 – علی نامیق ساڵه‌یی

10 – عرفان كركوكلی

11 – فواد حسێن

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان

1 – ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا عه‌سكه‌ری

2 – گه‌لاوێژ جه‌باری

3 - بابه‌كرسدیق ئه‌حمه‌د

4 – جه‌مال مه‌ولود

5 – ئازاد جه‌باری

6 – ئاوات محه‌مه‌د

7 – جه‌واد جاسم جه‌نابی

8 - عوسمان عەلی

یه‌كگرتوی ئیسلامی کوردستان

1 – جوان حه‌سه‌ن

2 -  رێبوار فایه‌ق تاڵه‌بانی

3 – ئیبراهیم خه‌لیل

كریستیانه‌كان

1 - سلڤانا بویا

2 - سویتلن ئیستڤان

3 - ئه‌دوارد ئه‌وراهان ئه‌دیشۆ

سه‌ربه‌خۆ

له‌یلا محه‌مه‌د

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا له‌ لیستی برایه‌تی -یه‌كگرتوی ئیسلامی- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە سەرەتاوە تاكۆتایی وه‌ك یه‌كگرتوو هیچ ئەندامێکمان له‌ناو ئه‌نجومه‌ن نه‌گۆڕا، هه‌رسێكمان په‌یڕە‌وی سیاسه‌تی حزبه‌كه‌مان‌ كرد".

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هاوشانی تەواوی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لە 26ی تشرینی دووەم، بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشایەوە. 

ئەنجومەنەكە له‌ 41 ئه‌ندام پێكهاتبوو، پارتی لەكۆتایی تەمەنی كاری ئەنجومەنەكەدا هێزی یه‌كه‌م بوو به‌ 11 ئه‌ندام، دوای ئه‌وانیش به‌ره‌ی توركمانی به‌ نۆ ئه‌ندام، یه‌كێتی هێزی سێیه‌م به‌ هه‌شت ئه‌ندام، دواتر كوتله‌ی عه‌ره‌بی به‌ شه‌ش ئه‌ندام و كریستانه‌كان و یه‌كگرتوی ئیسلامی هه‌ریه‌كه‌ به‌ سێ ئه‌ندام.

له‌یلا محه‌مه‌د كه‌ له‌سه‌ر حزبی شیوعی بووه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ ساڵی 2005، دواتر بووە ئه‌ندامێكی سه‌ربه‌خۆ.

هەڵکشان و داکشانی ئەندامانی پارتەکانی ناو ئەنجومەن تەنیا گۆڕانکاریی نەبون لە ژمارەدا، بەڵکو سات بە سات کاریگەری لە سەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان دروستدەكرد و تەنانەت نەیدەتوانیی لەبەر ململانێ حزبی و نەتەوەییەكان، رۆڵی خۆی ببینێت لە چاودێریكردنی كارەكانی ئیدارەی كەركوكدا.

ئەندامانی پارتی كە دوو ساڵی كۆتایی تەمەنی ئەنجومەنەكەدا بەهیچ شێوەیەك دەوامیان نەكرد، بەربەستی گەورە بون لە تەواونەكردنی رێژەی یاسایی ئەندامان، تەنانە یەكلایینەكردنەوەی دۆسییەی پارێزگارێكی نوێ بۆ پارێزگاكە كە زیاتر لە دوو ساڵە بەوەكالەت بەڕێوەدەچێت.

كاروان ساڵحی و سۆران محەمەد پەیامنێرانی (كەركوك ناو) بەشدارییان لەم بنكۆڵكارییەدا كردووە

 

هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT