سلێمانی: نەرمین عوسمان: سەركەوتنی ژنان سەركەوتنی منە

نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان دەڵێت خۆی گوێی لێبووە کە سەرەتا بووە بە پێشمەرگە ژنێکی گوندنشین پێی وتووە "ئەمانە ڕەدوکەوتون" ئەم قسەیەی راستییەک دەسەلمێنێت کە لە کۆمەڵگەی کوردییدا ئاسان نییە ژنان کاری سیاسیی بکەن، بەڵام نەرمین عوسمان بەردەوامبوو، تا گەیشتە بەرزترین پۆستە باڵا حکومییەکان و بوو بەیەكێك لەو ژنانەی گەیشتنە هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم و عیراق.

ژنان لە کایەی سیاسییدا لە هەرێمی کوردستان و عیراق بە گشتی پەراوێزخراون، لەماوەی نیو سەدەی رابردودا، لەناو خەباتی سیاسییدا، لێرەولەوێ ناوی ژنێک دەهێنرێت کە بەردەوام لە پۆستە باڵاکاندایە و هەردەم بەکاری سیاسیی و رێکخراوەیی و نوسینەوە سەرقاڵبووە، ئەو کەسە نەرمین عوسمانە، ئەندامی سەرکردایەتی پێشوی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە لە چەند کابینەیەکی حکومەتەکانی هەرێم و بەغدا وەزیر بووە.

نەرمین عوسمان یەکەم هەنگاوی کاری ڕێکخراوەیی لە تەمەنی گەنجییەوە دەستیپێکردووە، ساڵی ١٩٦٤ بووە بە ئەندامی یەکێتی قوتابییانی کوردستان، خۆی دەڵێت "ئەوکاتەی من چوومە زانکۆ و کاری رێکخراوەییم کرد، لە هەموو هەولێر تەنها شەش کچ ئامادەییان تەواوکردبوو و هاتبونە زانکۆ" ئەمە باس دەکات وەکو ئاماژەیەک بۆئەوەی کۆمەڵگەی ئەوکات رێگەی بە خوێندن و چوونەدەرەوەی کچان نەداوە.

نەرمین عوسمان بە زوویی لە کاری ڕێکخراوەییدا پێشدەکەوێت و ئەوکاتەی کە لە تەمەنی ٢٠ ساڵییدا بووە توانیویەتی ببێتە سەرۆکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دەڵێت دایکی بەهێزترین پاڵنەریبووە بۆ ئەوەی هەنگاوی گەورە بنێت، ئەو ئێستاش هیچ بازن و بابەتێکی تری جوانکاریی بە دەست و پەنجەکانییەوە نییە، دەڵێت "گەنج بوم کە دایکم پێی وتم بازن لە دەست مەکە چونکە بازن نیشانەی کۆت و بەندە"، پێدەچێت تائێستاش ئەو ئامۆژگارییەی دایکی لەبیرنەکردبێت.

نەرمین عوسمان دوای ئەوەی سەرسام دەبێت بە هزری چەپ و دەچێتە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، ناچار دەبێت شار بەجێبهێڵێت و ڕوو لە شاخ بکات بۆ پێشمەرگایەتی، ئەوکاتەی ئەو دەبێت بە پێشمەرگە تەنها یەک ژنی تر پێشمەرگە بووە، ئەویش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە.

ڕێگرییەکانی بەردەم ژنان لە شاخیش کەم نەبون، نەرمین عوسمان دەگێڕێتەوە "سەرەتا کە چوینە شاخ سەردانی کاک نەوشیروانم کرد کە سکرتێری کۆمەڵە بوو، وام دانابوو زۆر هانمبدات و دڵخۆش بێت بەوەی  ژنێک بڕیاریداوە پێشمەرگایەتی بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە بوو، پێی وتم تۆ ژنە شێخی بڕۆ لە دیوەخان پێشوازیی لە میوانەکانت بکە، کێ پێی وتی ببیت بە پێشمەرگە"، هەرچەندە ماوەیەک دوای ئەوە نەوشیروان مستەفا هۆکاری ئەو قسەیەی بۆ نەرمین عوسمان رونکردۆتەوە، بەڵام کاتێ کە ئەم بەسەرهاتەی گێڕایەوە، بە سیمایدا پێدەچوو تائێستا گەردی قسەکەی نەوشیروان مستەفا لەسەر دڵی مابێت، وتیشی "ئەو ژنانەی دوای منیش کە بون بە پێشمەرگە دوچاری زۆر بابەتی تری لەو جۆرە بونەوە و پیاوان وایاندەزانی ژن نابێت کاری سیاسیی بکات".

کاک نەوشیروان پێی وتم تۆ ژنە شێخی کێ پێی وتی ببیت بە پێشمەرگە

ئەو سەردەمە کۆمەڵگەش بەئاسانیی بەشداریی ژنانی لە کاری سیاسیی پەسەند نەکردووە، هەندێک لە گوندنشینەکان بە جۆرێک سەیری ئەو ژنە پێشمەرگانەیان کردووە وەک ئەوەی تاوانێکیان ئەنجامدابێت، نەرمین عوسمان دەڵێت "خۆم گوێم لێبوو ژنێک بە هاوڕێکەی وت ئەم ژنانە ڕەدوکەوتون".

بەڵام رێگرییەکان و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان نەیانتوانیوە نەرمین عوسمان بوەستێنن و بەردەوامبوو لە پێشمەرگایەتی و خەباتی سیاسیی تا توانی ببێتە خاوەن پێگەیەکی بەهێزی حزبیی و ئەوەش هاوکاریی بوو بۆ گەیشتن بە چەند پێگەیەکی حکومی کاریگەر.

73399866_10157721359473844_6961578122034544640_n
نەرمین عوسمان، لە كۆبونەوەیەكی حزبەكەیدا بەر لە كۆنگرەی چوارەم فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

دوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی کوردیی، نەرمین عوسمان یەکێک بوو لەو ژنانەی کە پۆستی حکومیی وەرگرتووە و دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقیش بەهەمانشیوە لە حکومەتی فیدراڵیی چەند جارێک پۆستی وەزاریی هەبووە.

ئەو کە لە زۆرێک لە کابینە حکومییەکاندا هاوشانی دەیان پیاو كاری كردووە، نایشارێتەوە کە فشارێکی زۆری لەسەربووە و توانایەکی لەڕادەبەدەری پێویستبووە تا بتوانێت لەو پرسانەی کە پەیوەستن بە کاروباری ژنان داکۆکی لە مافەکانییان بکات، لەکاتێکدا کە دەیان پیاو بۆچونی پێچەوانەیان هەبووە.

"جارێکیان لەناو کۆبنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا کە نوری مالکی سەرۆک وەزیران بوو، وتم نابێت بۆ دەرکردنی پاسپۆرت ژن پیویستی بە ڕەزامەندی نێرینەیەکی خێزانەکەی بێت، هەندێک لە وەزیرە پیاوەکان پێکەنین وەکو ئەوەی گاڵتەیان بە قسەکەم بێت، من بەتوندی دەستم بە مێزەکەدا دا و وتم لەمەودوا کە باسی ژن لەئارادابێت هەرکەسێک بچوکترین زەردەخەنە بکات من دەستلەکاردەکێشمەوە و هۆکارەکەشی بە هەموو خەڵک دەڵێم، لەوکاتەوە هیچ کەسیان ئەو هەڵسوکەوتەیان دوبارەنەکردەوە".

بەتوندی دەستم بە مێزەکەدا دا و وتم لەمەودوا کە باسی ژن لەئارادابێت هەرکەسێک بچوکترین زەردەخەنە بکات من دەستلەکاردەکێشمەوە

نەرمین عوسمان کە ئەم بەسەرهاتەی گێڕایەوە هەست بە هیزێکی زۆر دەکرا لە ناخییەوە، پێدەچوو تائێستاش ئامادەبێت بە هەمان نەفەسەوە لەپێناو مافەکانی ژناندا بجەنگێت.

ئەو كە لە حكومەتی راگوزەری عیراقدا بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، وەزیر بووە و دواتریش لەیەكەم حكومەتی هەڵبژێردراوی دوای روخانی رژێم پۆستی وەزیری وەرگرتووە، روبەڕوی چەندین ئاڵنگارییەکان بۆتەوە، ئێستاش پێیوایە دەبێت لەناخی ژندا ئاڵنگاریی هەبێت و ژن گوێ بەو بەربەستانە نەدات کە کۆمەڵگە بۆی دروستدەکەن، دەڵێت "تا بەربەستەکان گەورەتربن، دەبێت ئیرادە و هێزی ژن زیاتربێت بۆئەوەی بەسەریاندا زاڵبێت".

narmeen
نەرمین عوسمان، لە حكومەتی راگوزەری عیراقدا بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، وەزیر بووە و دواتریش لەیەكەم حكومەتی هەڵبژێردراوی دوای روخانی رژێم پۆستی وەزیری وەرگرتووە فۆتۆ: بەڵێن عزەت میكە

بەشداریی نەرمین عوسمان و چەند ژنێکی تر لە کایەی سیاسیی و حوکمڕانییدا بۆ کات و ساتی خۆی بەشدارییەکی بوێرانە بووە، لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق. ئەمە بووە بە بناغەیەکی ئامادە بۆ ئەو ژنانەی کە دواتر پۆستە حکومییەکانیان وەرگرتووە.

نەرمین عوسمان لەوبارەیەوە دەڵێت "من زۆر دڵخۆشم کە دەبینم سەرۆکی پەرلەمان ژنە و وەزیری ژن هەیە و لە حزبەکاندا ژنان گەیشتوونەتە ئاستی زۆر باڵا، ئەمە بە دەستکەوتی خۆم دەبینم، بێگومانم ئەگەر من و ئەوانەی کە لە سەرەتاوە کاری سیاسییمان کرد نمونەیەکی باشمان پێشکەش نەکردایە ئەوا ژنانی تر نەیاندەتوانی ئەو ڕێچکەیەی ئێمە بگرنەبەر، بەڵام ئێمە سەرکەوتبوین و بەوەش کۆمەڵێک بەربەستمان تێکشکاند کە ژنانی تر بێنە پێشەوە".

زۆر دڵخۆشم کە دەبینم سەرۆکی پەرلەمان ژنە و وەزیری ژن هەیە و لە حزبەکاندا ژنان گەیشتوونەتە ئاستی زۆر باڵا، ئەمە بە دەستکەوتی خۆم دەبینم

ئەو پێیوایە هێشتا بەشداری ژنان لە کایەی سیاسییدا لە ئاستی خوازراودا نییە، پێیوایە دەبێت ژنان زیاتر بێنە ناو پرۆسەی حکومڕانیی و بڕیاردان، بەڵام نایشارێتەوە کە نەبونی ئابوری سەربەخۆ و نەبنی دەرفەتی پێویست بۆ خۆپێگەیاندن و کۆتە کۆمەڵایەتییەکان تا ئێستاش ڕێگرن لەبەردەم ژناندا.

"لە ماڵەوە کاری درومانم دەکرد و بە پارەش وانەم بە خوێندکاران دەوتەوە و کاری سیاسییشم دەکرد، بۆئەوەی بتوانم خەرجی منداڵەکان دابن بکەم و پارە بدەم بە هاوسەرەکەم کە لە زیندان بوو" نەرمین عوسمان ئەم قسەیەی کرد و باوەڕی تەواوی خۆی بە پەیوەستی نێوان سەربەخۆیی بڕیاردان و سەربەخۆیی ئابوریی نیشاندا.

بەپێی گێڕانەوەکانی خۆی، ئەو سەردەمەی کە دەستی بە کاری سیاسیی کردووە، خێزانەکەی بە تەواوەتی پشتیوانی بوون، ئەوەی رێگر بووە بۆچونی زاڵی ناو کۆمەڵگە و ئەو دوژمنە بووە کە ناوی ڕژێمی بەعس بووە، بەڵام پیوایە ئێستا بە دەیان رێگر هەیە، سیستمی ئابوری و سیستمی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ژیان و فراوانبونی تەکنەلۆژیا هۆکارگەلێکی ترن بۆ کەمکردنەوەی بەشداری ژن لە سیاسەتدا.

"ئێستا بۆئەوەی بتوانی لە بواری سیاسەتدا گەشە بکەی، دەبێت هەم داراییەکی بەهێزت هەبێت هەم هێزی چەکدارت هەبێت، سروشتی کاری سیاسیی لێرە وای لێهاتووە، بەڵام ژنان بە ئەستەم دەستیان بەو دوانە دەگات، بۆیە ناتوانن پێگەی بەهێزی سیاسییان هەبێت" نەرمین عوسمان وای وت و ئاهێکی پڕ لە حەسرەتی هەڵکێشا و جەختیکردەوە "بەڵام خۆ نابێت بێهیوا بین دەبێت بەردەوام ئامانجی گەورەترمان هەبێت و هەنگاو بنێین".

ئەو لە تەمەنی کاری سیاسیی خۆیدا شکستی زۆری چەشتووە، بەڵام دوای هەر شکستێک بە هێزێکی زیاترەوە هەستاوەتەوە و خولیای ئاڵنگارییکردن لە ناخییدا گەورەتربووە، دوایین جار کە شکستی هێنا ئەو کاتەبوو کە لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیدا نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ بوون بە ئەندامی سەرکردایەتی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو دەڵێت "هەر کە زانیم ئەنجامەکە وایە نەوەستام، راستەوخۆ دەستمکرد بە ئامادەکاریی بۆئەوەی ئەنستیوتی نارین سەرپێبخەمەوە و دەستبکەمەوە بە چالاکییە ئەکادیمییەکان".

هەر کە زانیم ئەنجامەکە وایە نەوەستان، راستەوخۆ دەستمکرد بە ئامادەکاریی بۆئەوەی ئەنستیوتی نارین سەرپێبخەمەوە و دەستبکەمەوە بە چالاکییە ئەکادیمییەکان

دوای زیاتر لە نیوسەدە خەباتی سیاسیی و ڕێکخراوەیی، ئێستا ڕووی لە ژنانە، دەیەوێت پێیان بڵێ بەهێز بن و بەسەر بەربەستەکاندا زاڵبن و ئەوەی دەتانەوێت ئەنجامی بدەن.

باش لەو ڕاستییەش تێدەگات کە ئەرکی یەکەمی ژنان ئیدارەدانی خێزانە، دەڵێت "ژنێک کە دەیەوێت سەرکەوتنی خۆی بسەلمێنێت دەبێت سەرەتا ئاگای لە خێزانەکەی خۆی بێت، دەبێت لەوەدا سەرکەوتووبێت و پاشان لەبوارەکانی تردا هەنگاو بنێت".

پێیوایە خێزان کەشتییەکە کە ژن تێیدا کاپتنە، ئەگەر کەشتیەکە ژێر ئاو بکەوێت ئەویش تیادەچێت، بەڵام ئەگەر کەشتییەکە بە باشی بئاژوێت کاپتنەکەش دەتوانێت سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت و کاری گەورەتر بکات.

تەمەنی نەرمین عوسمان لەسەروو ٧٠ ساڵەوەیە، بەڵام دڵی لای ئەو کچانەیە کە لە تەمەنێکی گەنجییدان و دەیانەوێت کاری سیاسیی بکەن، پێیان دەڵێت "بەهێزبن، ئاڵنگاریی بکەن، بۆ ئەو خەونەی کە هەتانە هەنگاو بنێن و کە کەوتن بێهیوا مەبن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT