عیراق لە راگوزەردا

دیالە: من كاكەییم
ئەملام شیعە و ئەولام سوننەن

  • 2020-02-03
دیالە: من كاكەییم<br>ئەملام شیعە و ئەولام سوننەن
خانەقین/ دیمەنێكی روباری ئەڵوەند فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد
لەیلا ئەحمەد – خانەقین
 

كۆڵانی ماڵەكەی پیرۆز ئیبراهیم (57ساڵ)، وەك عیراقێكی بچوككراوە دەبینرێت لە خانەقین، ئەو خۆی كاكەیی، دراوسێیەكی شیعە و یەكێكی تری سوننەن، كورد و عەرەب لەو كۆڵانە دەژین. ئەمە چیرۆكێكی دانەبڕاوی ئەو شارەیە كە وەك مێرگی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوەكان دەبینرێت.

پیرۆز، بەتاسەوە باسی پێكەوەژیان و مامەڵە و پەیوەندی نێوان دراوسێیەكان دەكات، لەو شارەی كە بەردەوام جێی ململانێیی نێوان حزب و سیاسییەكان بووە.

"ئێمە هیچ كێشەیەكی نەتەوەیی و ئایینیمان نییە، سێ كچم هەیە، یەكێكیان شووی بە سوننە، یەكێكیان بە شیعە و ئەوەی تریان بە كاكەیی كردووە، ئەم پێكەوەژیانە تازە نییە و بەردەوامیشە"، پیرۆز بەمشێوەیە زیاتر چووە ناو مێژووی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە قەزای خانەقین و بەردەوامیدان بە كلتوری پێكەوە ژیان.

پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی خانەقین، لەكاتێكدایە لە ماوەی 17 ساڵی رابردودا دوای روخانی رژێمی بەعس، چەندین جار گروپە چەكدارەكان حوسەینیەی شیعەكان و مزگەوتی سونەكانیان، یان مەزارگەی كاكەییەكانیان بە ئامانج دەگرت، ئەوەش وەك هەوڵی چاندنی تۆوی دوبەرەكی لێكدەدرایەوە.

xanaqin-1
دیمەنێكی ئێوارانی قەزای خانەقین لەسەر روباری ئەڵوەند فۆتۆ: كەركوك ناو 

خانەقین یەكێكە لەقەزا جێناكۆكەكان لە نێوان حكومەتی بەغداو هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دیالە، دانیشتوانەكەی لە عەرەب‌، كورد، توركمان پێكدێن‌، لەگەڵ پێكهاتەیی ئایینی كاكەیی و لە پێشودا كریستیانی.

پیرۆز كە شایەتحاڵێكی نێو پێكەوەژیانی ئەو ئایین و نەتەوانەیە، كاتێك منداڵ بووە ئاوارەی رومادی بون لە پارێزگای ئەنبار، دەڵێت "بەڵام لەوێ هەستمان بە غەریبی كرد و دوای چەندین هەوڵ گەڕاینەوە بۆ خانەقین، لیڕە لە هەر نەتەوە و ئایینێك بیت هەست بە غەریبی ناكەیت".

bawamahmud
خانەقین/ مەزارگەی باوە مەحمود - مەزارگەیەكی ئایینی كاكەییەكانە فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

"کاتی خۆى لەم خانەقینە پەیوەندی باشم لەگەڵ مەسیحییەکانیش هەبوو... چەندینجار لەگەڵ ژنە هاوڕێ مەسیحییەکانم دەچوم بۆ کڵێساکەیان بۆ نزاكردن، ئەوانیش لەگەڵمان دەهاتنە مەزارگەی كاكەییەكان، لێرە رێز لە ئایین و نەتەوەی تر دەگیرێت"، پیرۆز وایوت.

خەڵكەكەی لە خۆشیداو ناخۆشدا لەگەڵ یەكن، بەشداریی پرسە و ئاهەنگەكانی یەكتر دەكەن، "خانەقین ئاوایە، مەگەر بمرم خانەقین جێبهێڵم". پیرۆز بەمشێوەیە كۆتایی بە باسكردنەكەی هێنا لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی خەڵكی خانەقین.

باخ و گۆڕستانی جووەكان، كڵێسای مەسیحییەكان و مەزارگەی كاكەییەكان، لەپاڵ مزگەوت و حوسەینییە لە خانەقین، بەڵگەی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوەی جیاواز دەدات لەو شارە.

مریەم ئیسحاق مەسیحی، دانیشتوی خانەقین، خۆی وەك تاكە كریستیانی ئەو قەزایە نیشاندەدات، دوای ئەوەی كریستیانەكان لە هەشت ساڵەی شەڕی عیراق -  ئێران، شارەكەیان چۆڵكرد.

klesa
خانەقین/ تاكە كڵێسای كریستیانەكان، كە دوو دەیە زیاترە نزای تێدا نەكراوە فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

مریەم بە (كەركوك ناو)ی وت "من هاوسەرگیریم كردبوو لەگەڵ كوڕێكی موسڵمان، بۆیە مامەوە و لەگەڵ كەسوكارم نەڕۆیشتم".

ئەو 50 ساڵە هاوسەرگیری كردووە و دەڵێت رێز و خۆشەویستی هەیە لەنێوان و ئەو و هاوسەرەكەیی و نەتەوە و ئاینەكانی تر.

"من یەك وشەى جیاوازى ئایینی و نەتەوەیم لەم شارە پێنەوتراوە، پێكەوەژیان بۆتە كلتور لەم شارە، بەشداریی ئاهەنگ و بۆنەی ئایینی و نەتەوەیی یەكتر دەكەین... چەندین جار سەردانى پەرستگاى بابا مەحمودی کاکەییەکانم كردووە"، مریەم وایوت.

سەروەر عەلی، چالاكوانی مەدەنی لە خانەقین، پێیوایە تێگەیشتنی خەڵكەكەی وایكردووە خانەقین بە شاری پێكەوەژیان بمێنێتەوە. "لێرە پەیوەندییەكانی نێوان نەتەوە و ئایینەكان بەرەو بەهێزی دەڕۆن، بە پێچەوانەی هەندێك ناوچە كە تادێت خراپتر دەبێت"، سەروەر زیاتر وتی "چونكە كلتوری قبوڵكردنی رەنگ و دەنگە جیاوازەكان هەیە و خەڵكەكەی ئایین و نەتەوە تێكەڵی هیچ ململانێیەك ناكەن".

husaini
خانەقین/ یەكێك لە حوسەینییەكانی قەزاكە فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هەروەها وتی "بۆیە حزب و سیاسەت نەیانتوانیوە وەك ناوچەكانی تر پرسی ئایین و نەتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان زەقبكەنەوە".

ئەو قبوڵكردنی یەكترە، پەلی كێشاوە بۆ پەیوەندی هاوسەرگیریی و ژن و ژنخوازی لەنێوان ئایین و نەتەوەكاندا.

شیرین عەلى (27ساڵ)، لە مەزهەبی سوننە، ماوەی چوار ساڵە شوی بە پیاوێكی كاكەیی كردووە و سێ منداڵیان هەیە، دەڵێت "بە پرۆسەیەكی سەركەوتوی هاوسەرگیریدا تێپەڕدەبین، بەڵێ ئایین و دابونەریتمان جیاوازە، بەڵام ئەوە هیچ كاریگەریی نییە لەسەر پەیوەندییەكانمان".

ئەوەش لەكاتێكدایە لە ئایینی كاكەیی هاوسەرگیری لەگەڵ ئایینی تر رێگەپێدراو نییە.

بەڵام شیرین وتی "ئێمە یەكترمان قبوڵكردووە، ئایین و دابونەریت بەربەست نەبووە لەبەردەمماندا، بەپێی رێككەوتنی هاوسەرەكان، هاوسەرگیری لەنێوان هەموو مەزەهەبەكاندا هەیە و كراوە".

هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT