عیماد باجەلان مانگێكە بێسەروشوێنە
كەسوكارەكەی: لە هەولێر و بە فەرمانی سودانی دەستگیركرا

عیماد باجەلان، شرۆڤەكاری سیاسی فۆتۆ: لە فەیسبوكی ناوبراو وەرگیراوە

كەركوك ناو

عیماد باجەلان، شرۆڤەكاری سیاسی زیاتر لە مانگێكە بێسەروشوێنە و چارەنوسی نادیارە، دوابەدوای سكاڵای برایەكی سەرۆك وەزیرانی عیراق و "دەستبەسەركردنی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە" لە شاری هەولێر.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) و وتەی چەند كەسێكی نزیك لە كەسوكاری باجەلان، كە لەبەر پاراستنی گیانی خۆیان داوایانكرد ناویان نەهێنرێت، لە 21ـی ئابی ئەمساڵ و لە هەولێر، "هێزێكی ئەمنی" ناوبراویان دەستگیركردووە و لەوكاتەوە تائێستا، پەیوەندی لەگەڵ خێزانەكەی بە تەواوی پچڕاوە و هیچ هەواڵێكی نازانن.

"هێزێكی ئەمنی نەناسراو بوون كە باجەلان-ـیان بێسەروشوێن كردووە" سەرچاوەیەك لە كەسوكاری باجەلان وای وت، دەڵێت ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر ئاگاداربوون كە فەرمانی دەستگیركردنی لە دادگایەكی هەولێرەوە گەیشتووە بە پۆلیس لەسەر سكاڵای برایەكی سەرۆك وەزیرانی عیراق. باجەلان خەڵكی قەزای خانەقینە و لە هەولێر نیشتەجێیە.

عیماد باجەلان، كە خۆی بە "رۆژنامەنوس و نوسەر و شرۆڤەكار" دەناسێنێت، لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئەمساڵ هەریەك لە عەباس سودانی برای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و هادی عامری، ئەمینداری رێكخراوی بەدر و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم و سەرۆكی پێشوی پەرلەمان و چەندین لێپرسراوی دیكە بە تێوەگلان لە دۆسیەی "دزی سەدە" تۆمەتباردەكات، كە دزینی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بوو.

سەرچاوەكە لە كەسوكاری باجەلان رونیكردەوە "تەنیا لەوە ئاگادارین بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عیراق عیماد بێسەروشوێن كراوە"، هەورەها وتی سكاڵاكەی برای سەرۆك وەزیران لە هەرێمی كوردستان و بەپێی ماددەی دووی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن بووە، كە تۆمەت، تانە، ناوزڕاندن و بوختانپێكردنی لەڕێگەی ئامێرەكانی گەیاندنی وەك (فەیسبوك و مۆبایل ‌و ...هیتر) بە تاوان هەژمار كردووە و بكەرانی دوچاری سزای توندی تا پێنج ساڵ زیندانی و پێنج ملیۆن دینار غەرامە دەكاتەوە.

(كەركوك ناو) زیاتر لە جارێك هەوڵیدا پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەكانی هەولێرەوە بكات، هەندێكیان وەڵامیان نەدایەوە و هەندێكیشیان بێئاگایی خۆیان لەو دۆسیەیە و پەیوەندییان بە دەستگیركردنی باجەلان، نیشاندا.

خێزانەكەی فشاریان زۆر لەسەرە تا لێدوان بۆ میدیا نەدەن و زانیاری لەسەر عیماد نەدركێنن

ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنوس لە عیراق، یەكشەممە 22ـی ئەیلول بە یاداشتنامەیەك كە بڵاویان كردۆتەوە و وێنەیەكی بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە، داوای چارەنوسی عیماد باجەلان و ئازادكردنی دەكەن لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق و هەرێمی كوردستان و حكومەت و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئازادی ڕادەربڕین.

لەو یاداشتەدا هاتووە "باجەلان بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەستبەسەر كراوە و نازانین لە كوێیە"، ئەوەش بە گاڵتەجاڕی و پێشێلكردنی دەستوور و یاسا و دەستدرێژیكردنە سەر ئازادییەكان و سەركوتكردنی ئازادییەكان وەسف دەكەن.

بەپێی ماددەی 38ـی دەستوری هەمیشەیی عیراق، ئازادی رادەربڕین بە هەموو شێوەیەك فەراهەم كراوە، بە مەرجێك نەبێتە هۆی تێكچوونی یاسا و ئادابی گشتی. لە ماددەی 19ـی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ-ـیشدا هاتووە؛ هەموو كەسێك مافی ئازادی بیروڕا و رادەربڕینی هەیە.

"تاوانی عیماد باجەلان تەنیا ئەوەبووە لە میدیاكانەوە شرۆڤەی بارودۆخی سیاسی عیراقی كردووە و تیشكی خستۆتە سەر دۆسیەكانی گەندەڵی بە تایبەت دۆسیەی دزینی سەدە"، سەرچاوەكە لە كەسوكاری باجەلان وتی "بارودۆخی دەرونی كەسوكاری زۆر خراپە و تووشی ترس و دڵەڕاوكێ بوون، فشاریان زۆر لەسەر هەیە تا لێدوان بۆ میدیا نەدەن و زانیاری لەسەر عیماد نەدركێنن".

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى رۆژنامەنووسان، دووشەممە 23ـی ئەیلول لە راگەیەندراوێكدا وەكو پاڵپشتی یاداشتی نوسەر و رۆژنامەنوسان بۆ ئازادكردنی باجەلان، بێسەروشوێنكردنی ناوبراوی بە هەوڵێك بۆ "بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو كۆمەڵگەدا" وەسفكرد و داوای لە هەردوو وەزیری ناوخۆی حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان كرد، چارەنوسی باجەلان ئاشكرابكەن.

پێشتر و لە سەرەتای ئەمساڵدا، عیماد باجەلان بە بڕیاری كۆمسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق بۆ ماوەی دوو مانگ رێگەی پێنەدرا لە شاشەی میدیا عیراقییەكانەوە دەربكەوێت بە چەند پاساوێك، لە نێویاندا هاندان بۆ توندوتیژی و رق و كینە.

هەروەها لە دادگایەكی بەغدا، لە شوباتی ئەمساڵ بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، لەسەر سكاڵای عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عیراق و بە پاساوی سوكایەتی بە پەرلەمان.

عیماد باجەلان، كە لە زۆربەی بەرنامە تەلەفزیۆنییەكاندا، وەكو بەرگریكار لە پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆ دەكات و هەندێك لە میدیا عیراقییەكان بە كادیری ئەو حزبە ناوی دەهێنن، لە حوزەیرانی 2023ـدا و دوای تۆمەتباركردنی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتر و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە چەند دۆسیەیەك، مەكتەبی سیاسی پارتی لە رونكردنەوەیەكدا رەتیكردەوە هیچ شرۆڤە و لێدوانێكی ناوبراو گوزارشت لە رای حزبەكەی بكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT