قارەمان هێشتا لە كونجی زیندانە
هەرێم بڕیاری ئازادكردنیدا، خێزانەكەی گوڵیان بۆ كڕی

قارەمان شوكری فۆتۆ: كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) بڵاویكردۆتەوە

عەمار عەزیز

بڕیاری سەرۆكی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی سزای زیندانیكردنی قارەمان شوكری، فۆتۆجۆرنالیست، بڵقی سەرئاو بوو، ئەو هێشتا رۆژەكانی لە زیندان بەسەردەبات. بەپێی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان  (CPJ)دەسەڵاتدارانی باكوری عیراق فێری "خوییەكی قێزەونی" حوكمدانی رۆژنامەنوسان بون، لە نمونەی دۆسییەی قارەمان شوكری.

قارەمان شوكری، كە بۆ ماڵپەڕی رۆژنیوز و كەناڵی ستێر تیڤی و پێشتریش شەش ساڵ بۆ كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن كاریكردووە، لە 27ی كانونی دوەمی 2021دا دەستگیركراوە و دواتر لە حوزەیرانی هەمان ساڵ لە زینداندا دایكی بینیووە و پێیوتووە بەبێ ئامادەبونی پارێزەر لەلایەن دادگایەكی دهۆكەوە بە حەوت ساڵ زیندانی سزادراوە.

نیعمەت زەینەدین، مامی قارەمان شوكری بە (كەركوك ناو)ی وت "لەلایەن هێزێكی ئەمنی لە كۆمەڵگەی سێرێی سەر بە ناحیەی شیڵادزێ دەستگیركرا"، شیڵادزێ سەر بە قەزای ئامێدییە لە پارێزگای دهۆك.

ئەو جەختیكردەوە كە قارەمان تەنیا كاری رۆژنامەوانیی دەكرد "زیاتر وێنەگر بوو، لەگەڵ هەندێك ماڵپەڕ و پەیجی لۆكاڵیش كاری دەكرد".

"دوای دەستگیركردنی بۆ ماوەی 97 رۆژ نەماندەزانی لە كوێیە! بۆ چ شوێنێك بردراوە و دۆخی چۆنە! ئینجا برایەكی توانی بیبینێت، دواتر دایكی هەر لە زیندان سەردانی كرد..."، نیعمەت زیاتر وتی "لە ناكاو رۆژی دادگاییكردنی دیاریكرا، هەرچەندە قارەمان وتبوی دوای بخەن بۆ ئەوەی پارێزەر بگرم، بەڵام بە نهێنی و بەبێ ئامادەبونی كەسوكار و پارێزەر، بە حەوت ساڵ زیندانیكردن حوكمدرا"، نیعمەت زیاتر وتی "پێیانوتین تۆمەتی سیخوڕی لەسەرە".

دایكی قارەمان، سێ رۆژ دوای سزادانی كوڕەكەی لە زیندان سەردانی دەكات و بە كوڕەكەی وتووە "ئەوەی بیستومە لەبارەی سزادنت راستە، ئەویش وتویەتی بەڵێ راستە و بە حەوت ساڵ زیندانیكردن سزادراوم".

دایكی وتی ئەوەی بیستومە لە بارەی سزادانت راستە، ئەویش وتی بەڵێ حەوت ساڵ زیندانی

بەپێی ماددەی 23ی یاسای بنەمای دادگەرییە سزاییەكان، هەموو تۆمەتبارێك دوای 24 كاتژمێر و بەبێ هیچ پۆلێنێك بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ی كه‌ ئاراسته‌ی كراوه‌، مافی ئەوەی هەیە بریكارنامە بۆ پارێزەرێك بكاتەوە و بیبینێت بۆ ئەوەی بتوانێت راوێژی یاسایی پێبكات. جا پێش لێكۆڵینه‌وه‌ بێت یان له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا، بەڵام ئەو مامەڵەیە لەگەڵ قارەمان شوكریدا نەكراوە.

مامی وتی "تەنانەت نەیانهێشت لە دادگایكردنەكەشی ئامادەبین".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 9ی تەمموزی 2024، كە دەكاتە دوای سێ ساڵ و شەش مانگ لە دەستگیركردنی، بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی سزاكەی سەر قارەمان شوكری زەینەدین بە رێژەی لەسەدا 60، ئەوەش بە پشتبەستن بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

لە خاڵێكی بڕیارەكەدا هاتووە "لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە ئەم فەرمانە لەرۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێبكەن".

بەپێی پارێزەرەكەی قارەمان شوكری، بڕیارەكە بە واتای ئازادكردنی راستەوخۆی ناوبراو بوو، چونكە ئەوكات زیاتر لە سەدا 40ی سزاكەی تەواوكردبوو.

نیعمەت زەینەدین، مامی قارەمان بە (كەركوك ناو)ی وت "دەرچونی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم زۆر دڵخۆشی كردین، تەنانەت گوڵمان كڕی بۆ ئەوەی بچین بۆ پێشوازی، بەڵام ئەوەتا حەوت مانگە چاوەڕێ دەكەین... بەڕاستی نازانین هۆكاری جێبەجێنەكردنی بڕیارەكە چییە".

دەرچونی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم زۆر دڵخۆشی كردین، تەنانەت گوڵمان كڕی بۆ ئەوەی بچین بۆ پێشوازی

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بۆ سۆراغی ئەو پرسە وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە، هەروەها هیچ وەڵامێكی نەبوو كاتێك كورتەنامەی لەبارەی ئەو پرسەوە ئاراستە كرا.

قارەمان كە ئێستا لە چاكسازی گەورانی دهۆكە، پێنج برا و شەش خوشكی هەیە و خۆی كوڕی گەورەی ماڵەوەیە، باوكیشی كە لە كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن كاری دەكرد لە 31ی كانونی یەكەمی 2016 تیرۆركرا و هێشتا هۆكارەكەی روننەبۆتەوە.

نیعمەت زەینەدین وتی "دۆخی دەرونی قارەمان لە دوای جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم باش نییە".

قارەمان بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 حوكمدراوە،  كە تایبەتە بە "جاسوسیکردن و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی".

كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) لە پرسی دەستگیركردن و سزادانی قارەمان شوكری، لە راگەیەندراوێكدا 28ی حوزەیرانی 2021 داوای دەستبەجێ ئازادكردنی  قارەمان شوكری و لابردنی تۆمەتەكانی سەری كرد. هەروەها سەرباری رەخنەی توند لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوایكرد كۆتایی بە سزادانی میدیاكاران بهێنێت.

ئەوكات ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری (CPJ) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا وتی "دەسەڵاتدارانی كوردی باكوری عیراق فێری خوییەكی قێزەون بون لە حوكمدانی رۆژنامەنوسان بە زیندان، بێ رەچاوكردنی هیچ رێوشوێنێكی یاسایی و ئەو ماف و ئازادییانەی كە ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن گوایە بەرگرییان لێدەكەن".

بەڵام ڤیان عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر رۆژنامەنوسێك لەسەر بابەتێکی رۆژنامەوانی دەستگیر بکرێت، ئەوا بەدواداچون بۆ کەیسەکەی دەکەن، تەنانەت ئەگەر ئەندامی سەندیكاش نەبێت".

بەڵام وتی "قارەمان شوکری لەسەر بابەتی رۆژنامەوانی دەستگیرنەکراوە، هەر بۆیە بەدواداچونیان بۆ کەیسەکەی نەكردووە".

رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری دۆسیەی قارەمان شوكری، بە (كەركوك ناو)ی وت "هۆكاری ئازادنەكردنی قارەمان شوكری تەنیا یەك شتە ئەویش ئەوەیە كە یاسا جێبەجێ‌ ناكرێت، دەبوایە هەر لە دوای فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێم بەبێ‌ دواكەوتن ئازادكرابا"، زیاتر وتی "زیاتر لە 7 مانگە حوكمەكەی خۆی – بە كەمكردنەوەی رێژەی لەسەدا 60-  تەواوكردووە، بەڵام ئازادنەكراوە".

داواشیكرد لایەنە پەیوەندیدارەكان رونكردنەوەیان پێبدەن، لەبارەی هۆكاری ئازادنەكردنی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT