ئەرکی حکومەت رێگریکردنە لە تاوان، نەک قەدەغەکردنی رووماڵکردنی "رووداوی تاوان"

سەلام عومەر

خەیاڵپڵاو بووین! لەو باوەڕەدا بووین، دەستەی سەربەخۆی "مافی مرۆڤ" لە هەرێمی کوردستان دەمانپارێزێت، بەڵام دواجار ئەوان رادەستییان کردین. یەکێک لە ئەرکەکانی دەستەکە کارکردنە بۆ سەروەرکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام هەر خۆی داوا لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات روماڵی تاوان لە رۆژنامەنوسان و میدیا قەدەغەبکات، ئەوەش پەردەیەکی جوان بەسەر شەفافییەت، دادپەروەری و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان دەربارەی ئاستی تاوان لە هەرێمە خۆشەویستەکەماندا دەدات.

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ پایەیەکی بنەڕەتیی دیموکراسییە و لەسەر پاراستنی ئازادییە مەدەنییەکانی وەک ئازادیی ڕادەربڕین، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، یەکسانی لەبەردەم یاسا و پاراستن لە هەڵاوێردن وەستاوە. لە ڕێی بەدیهێنانی ئەم مافانەوە، جاڕنامەکە پێوەرێکی گشتگیر دابیندەکات کە حکومەتە دیموکراتەکان بەرەو دادپەروەری، لێپرسینەوە و بەشداریکردنی هاوڵاتیان ڕێنمایی دەکات، بێ ئەم گەرەنتیانە، سیستمی دیموکراسی مەترسیی تێکچوونی لەسەرە و بەرەو رژێمێکی سەرکوتکەر هەنگاودەنێت. جا مەرجێکی بنەڕەتی لێرەدا دێتە پێشەوە، ئەویش بەردەست بوونی هەواڵ و زانیاریی پشتڕاستکراوەیە بۆ هاوڵاتیان.

دیارە داواکارییەکەی دەستەی مافەکانی مرۆڤ زۆر دووری پێکاوە، بە پێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٥، كە ئاڕاستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاوبكەنەوە و ڕووماڵی بکەن. دیارە، هەوڵدان بۆ لێکدانەوەی ئەم هەنگاوە ئاڵۆزییەکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، لەبەرئەوەی نازانیت چی راستبکەیتەوە.

یەکەم: قەدەغەکردنی ڕووماڵی "رووداوی تاوان" ناڕوونییەکی زۆری لەخۆگرتووە. ئایا دیوانی ئەنجومەنی وەزیران چ جۆرە تاوانێکی مەبەستە. ئەوە گومانێکی زۆر لەسەر حەز و نیازی لێپرسروان دەردەخات و بێئاگاییەکی بێسنوریشە لە کاری رۆژنامەوانی، چونکە رۆژنامەنوسان وابیرناکەنەوە کە تەنیا ووتت تاوان، یان نەدانی مووچە یەکسەر ببێت بە هەواڵ، بەڵکو دوو پێوەری سەرەکی ئەوەن ئایا چەندە رووماڵکردنی رووداوەکە لە بەرژەوەندی گشتییە و تا چەند رەوایەتی هەواڵەکە دەسەلمێنرێت. هەوڵی لەو شێوەیەی حکومەت زیانێکی زۆر بە شەفافییەت، گەیشتن بە دادپەروەری و سەروەریی یاسا دەگەیەنێت، بۆ نمونە ئاشکراکردنی رووداوی تاوانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، ئۆپۆزسیۆن، کۆمەڵگەی مەدەنی و گروپە پەراوێزخراوەکان.

دووەم: ئەگەر چی بەشێک لە هۆکاری گشتاندنەکە، پاراستنی تایبەتمەندیی کەسەکانە، بەڵام پێشێلکردنی بڕگەی یەکەم و دوومی مادەی دووەمی یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامه‌گه‌رییە له‌ كوردستان، کە بەئاشکرا دەڵێت، "رۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌ و هیچ سانسۆرێكی له‌سه‌رنییه‌ و ئازادیی ده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌سته‌ به‌ره‌، له‌ چوارچێوه‌ی رێزگرتنی ماف و ئازادییه‌ تایبه‌تیه‌كانی تاكه‌كان." و بڕگەی دووەمیش بەتەواوی نایاسایی بوونی گشتاندنەکە دەسەلمێنێت، کاتێک دەڵێت، "رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ هه‌ر زانیارییه‌ك كه‌ بایه‌خی بۆ هاوڵاتیان هه‌بێت و په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیه‌وه‌ بێ وه‌ده‌ست بێنێ به‌پێ ی یاسا".

سێیەم: گشتاندنەکە شەڕی بارە ترێیە، خوا و خوێش ئەزانن لە سەدا (٩٥) بۆ سەرەەوەی دەزگا و پلاتفۆرمەکانی میدیای هەرێم هی کێن و بە پارەی کێ کاردەکەن. کەناڵی کێ، بەر لە دادگا، (٤٥) خولەک میوانداریی تۆمەتبارەکە دەکات تا رەوایەتی بە کوشتنی خوشکەکەی بدات. کاری جددی بۆ ناچارکردنی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێم تا سەرچاوەی دارایی ئاشکرابکەن، بەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەکات، پێمان دەڵێت، کێ رووماڵکردنی رووداوی تاوان وەک چەکی تۆڵەکردنەوەی سیاسی بەکاردێنێت.

چوارەم: پێدەچێت کەڵکەڵەی سانسۆرکردن خەیاڵی فەرمانڕەوایانی هەرێم بەرنەدات، لەباتی ئەوەی لێپرسراوان هەوڵی سانسۆرکردن بدەن و پەڵەیەکی تری ناشەفافی بنێن بە ناوچەوانی ئەزمونی هەرێمەوە، سەرگەرمی دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکی بەرفروان بن بۆ راهێنان و هۆشیارکردنەوەی رۆژنامەنوسان سەبارەت شێوازی روماڵکردنی تاوان و لەو رێیەشەوە پیشاندانی وێنەیەکی ئەرێنی لەسەر هەرێم.

پێنجەم: ڕێگای راست ئەوەیە گشتاندنەکە بکێشرێتەوە، گفتوگۆ لەگەڵ رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن دەستپێبکرێت و هەوڵبدرێت ستراتیژی هۆشیارکردنەوە و پەروەردەی میدیایی بگیرێتە بەر، نەک سانسۆر و دیزە بەدەرخۆنەکردن. کەڵکەڵەی شاردنەوەی هەواڵ و زانیاریی دادی کەس نادات و ژینگەیەکی تەواو ئاڵۆزتری میدیایی لە هەرێم بەرپادەکات.

شەشەم: رۆژنامەنوسان پێویستە پێشڕەوی پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکانەوە بن، بۆیە سووربوون لەسەر پابەندبوون بە یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان رێگا راستەکەیە و باشترە لێپرسراوان دەستبەرداری رێنمایی و گشتاندنی بەدەر لە یاسا بەرکارەکان بن.

حەوتەم: پێویستە کاری لەپێشینە ئەوە بێت، کە چۆن هاوسەنگی لە رووماڵکردنی تاواندا دەپارێزرێت، هاوسەنگییەک کە زامنی ئەوەبێت هاوڵاتیان بزانن ئاستی تاوان چەندە، تاچەند سەلامەتن و ئایا سیستمی دادپەروەری بە باشی کاری خۆی دەکات، هاوکات رووماڵکردنی تاوان نابێت ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و پێشیلکردنی تایبەتمەندی کەسەکان، بۆ ئەوەش رۆژنامەنوسان دەبێت نمونەیەکی باڵا بن.

بەدڵنیاییەوە، سانسۆرکردن و نکۆڵیکردن ئاسانە، بەڵام کارکردن بۆ بونیادنانی ژینگەیەکی کراوە و شەفاف لە هەرێم لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە!

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT