ناوم هەیام خەلیل مچۆ-ـیە، (20 ساڵ)ـم، حەوت ساڵە لە كۆمەڵگەی شاریای دهۆك دەژیم و هەر لەوێش وەك كاسبكارێك خواردنگەیەكی بچوك بەڕێوەدەبەم.
من لە ناحیەی گرعوزێری قەزای شنگالەوە ئاوارە بوم.
لە ساڵی 2014دا بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە رامانكرد، ئەوكات لە پۆلی پێنجی بنەڕەتی بوم و ناچاربوم بە یەكجاری واز لە خوێندن بهێنم.
بە بارودۆخێكی زۆر دژواردا تێپەڕین؛ شەش برا و خوشكێكی دیكەم هەبوو، خوشكەكەم لە تەمەنی 14 ساڵیدا بەروداوی ئاگركەوتنەوە لە شاریا سوتا و گیانیلەدەستدا.
من نەمتوانی بێ ئیش دابنیشم، زۆر هەوڵمدا لەگەڵ رێكخراوێكی مەدەنیدا كاربكەم بەڵام هیچم دەستنەكەوت، تا لە ساڵی 2018دا خواردنگەیەكی بچوكم كردەوە، بۆ فرۆشتنی لەفەی گەس و فەلافل، لەگەڵ برنج و شلە.
خاوەنی خواردنگەكە لە دەرەوەی وڵاتە، من بە موچەی مانگانەی 350 هەزار دینار بەڕێوەی دەبەم و كچێكی دیكەش لە دوكانەكە كاردەكات.
رۆژانە 200 تا 300 لەفە دەفرۆشین، گەس بە 750 دینار و فەلافل بە 500 دینار، كڕیارەكانمان ئاوارە و خەڵكی لێقەوماون.