لە ژینگەوە

ژیــنگـەی سلێمانی "لە مەتـرسـیدایە"

  • 2024-10-01
ژیــنگـەی سلێمانی "لە مەتـرسـیدایە"
سلێمانی/ ناوچەی تانجەرۆ لە باشوری شارەكە كە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی سلێمانییە وێنە: پەرەگراف
ساکار عەبدوڵا*

خاك و ئاووهەوای پارێزگای سلێمانی لە ژێر مەترسی ژەهراویبوندایە، بەهۆی چارەسەرنەكردنی خۆڵ و خاشاكەوە، لە نێویاندا پاشماوەی پزیشكی.

رۆژانە هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاكی سلێمانی لە ناوچەی تانجەرۆ، لە باشوری شارەكە فڕێدەدرێن و بەهۆیەوە چەندین ماددەی زیانبەخش و ژەهراوی تێكەڵ بە روباری ناوچەكە دەبن، لەوێشەوە كاریگەری لەسەر ئاوی ژێرزەوی دادەنێت و دواتر دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان.

بەپێی نوێترین بەدواداچون و توێژینەوە، كە (رێكخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام) لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجامیداوە و تیایدا دەركەتووە؛ پیسبوونی ژینگەی سلێمانی مەترسیدارە، ئەوەش بەوپێیەی رۆژانە هەزار و 300 تۆن پاشەڕۆ لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە، لە ناوچەی تانجەرۆ فڕێدەدرێت.

پێكهاتەی ئەو خۆڵ و خاشاكە، وەكو لە بەدواداچونەكەدا رونبۆتەوە، سەدا 60ـی خۆراكە، سەدا 20ـی پلاستیكە، سەدا 10ـی پاشماوەی دیكە و سەدا 10ـیشی پاشماوەی پزیشكی و ناوەندە تەندروستییەكانە.

ئاسۆ جەوهەر، لێپرسراوی دەستەی چاودێریکردن و تۆمارکردنی پیسبونی ژینگە لە تیمی ڕێکخراوی ئازادبوون بە (كەركوك ناو)ـی وت "نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە چارەسەری شێرپەنجە، پاشەڕۆ مەترسیدارەکانی بەبێئەوەی لە ڕووی زانستییەوە چارەسەر بکرێت، لە ناوچەی تانجەرۆ فڕێدەدرێت و تێکەڵ بە ڕووباری تانجەرۆ دەبێت و دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخانەوە".

پاشماوەكان دەبنە هۆی پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی و مەترسی لەسەر دانیشتوانی سلێمانی رۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات

تانجەرۆ، كەمتر لە 10 كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە دوورە، روباری تێدایە و لە هەمانكاتدا ناوچەی نیشتەجێبوونە و دەیان گوند لە سنورەكەدایە، بۆتە گۆڕەپانی كەڵەكەبوونی هەموو خۆڵ و خاشاكی سلێمانی و شوێنی سەدان كارگە و پاڵاوگە.

"بێجگە لە پیسبوونی زەوی و خاك، پاشماوەكان دەبنە هۆی پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی و مەترسی لەسەر دانیشتوانی سلێمانی رۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات" بەوتەی دکتۆر بەیان رەشید، پسپۆڕی پیسبوونی خاک بۆ (كەركوك ناو).

هەروەها رونیكردەوە كە رۆژانە زبڵ و خاشاکێکی زۆر فڕێدەدرێت، لە کۆتاییدا تێکەڵ بەخاکی سلێمانی دەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی تەرخانکراون بۆ وەرگرتنی زبڵ و خاشاک لە نێویاندا تانجەرۆ، پاشماوەکانیش جۆراووجۆرن لە پاشماوەی ماڵەکان تا پزیشکی و کارگەکانیشی تێدایە.

"لە ژینگەی خاک هەندێک زیندەوەر هەن بەچاو نابینرێن و پێیاندەوترێت مایکرۆ  ئۆرگانیزم، كە لە زاراوەی بابەتی ژینگەیی بە پاسەوانی ژینگە ناودەبرێن، چونکە كاریان شیکردنەوەی پاشماوەکانە، بەڵام ئێستا بەهۆی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی مەوادی پلاستیکی کە قابیلەتی شیکردنەوەی زۆر زۆر کەمە، پاشماوەكان لە خاکەکەدا دەمێننەوە و کاتێکی زۆری دەوێت تا شی ببنەوە".

tanjaroo
سلێمانی/ 2024/ شارەوانی بە شۆفڵ خۆڵ و خاشاكی تانجەرۆ دەخاتە ژێر گڵەوە فۆتۆ: شارەوانی سلێمانی

ئەو پسپۆڕە هۆشداری دا، بەهۆی شیی نەبوونەوە یان درەنگ شیی بونەوە، پاشماوەی فڕێدراو لە تانجەرۆ، ماوەیەكی زۆرتر دەمێننەوە و بارانبارین و گەرما وادەكات چەندین ماددە تێكەڵ بە خاك و ئاوی ژێرزەوی بكەن، كە هەندێكیان بە رەشەبا رادەماڵرێن بەرەو روبار و شوێنەكانی تر.

بەپێی رێنمایی ژمارە 4ـی ساڵی 2021ـی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و فڕێدانی پاشماوەکان؛ تێکەڵکردنەوەی پاشەڕۆی پزیشکی لەگەڵ پاشەڕۆی ئاسایی و پابەندنەبوون بە خستنە شوێنی تایبەت، سزای هەیە، کە سەرەتا ئاگادارکردنەوەیە و لە دوبارەكردنەوەیدا دەبێتە غەرامە بەبڕی 150 هەزار تا 10 ملیۆن دینار، ئەگەر بەردەوامبوو ئەوا سزاکە تا وەرگرتنەوەی مۆڵەت و داخستنی شوێنەكە دەڕوات.

لێپرسراوەكەی رێكخراوی ئازادبوون دەڵێت بەپێی بەدواداچونی ئەوان، رۆژانە بە تەنیا لە نەخۆشانە حکومییەکانەوە زیاتر لە 50 تۆن پاشماوەی پزیشكیی فڕێدەدرێت، پاشماوە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان 15 تۆنە، "پاشماوە تەندروسییەکان زۆرن و ئامێرە سوتێنەرەکان توانای سوتاندنی ئەو بڕەیان نییە، بەو هۆیەوە ڕۆژانە سەدان تۆن، لە نەخۆشخانە تایبەت و حکومییەکان، دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی تانجەرۆ".

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، سەدا 15ـی پاشماوە پزیشكییەكان مەترسیدارن و دەبنەهۆی گواستنەوەی نەخۆشیی، یان ژەهراوی و تیشكدەرەوەن. جگە لەوەی ساڵانە نزیكەی 16 ملیار سرنج لە جیهاندا بەكاردەهێنرێن و بەشێكیان بەرێگەی زانستی لەناونابرێن، كە هۆكارن بۆ توشبون بە نەخۆشی ئەگەر كەسانی دیكە بەر دەستیان بكەوێت و بەهۆیەوە بریندارببن، لە نێویاندا گواستنەوەی هەموو ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی خوێنەوە دەگوازرێنەوە، وەك ڤایرۆسی جگەر.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، بە تێكڕایی رۆژانە هەر قەرەوێڵەیەك بڕی تا نیو كیلۆ پاشماوەی پزیشكی هەیە، ئەوەش لەو وڵاتانەی ئاستی داهاتیان نزمە گرفتی گەورەیە كە لە توانایاندا نییە پاشماوەی مەترسیدار لە پاشماوەی بێ مەترسی بۆ لەناوبردن جیابكەنەوە.

نەخۆشخانەکان یەکەی چارەسەر و مەسفییەی ئاوڕۆیان نییە

ئاسۆ جەوهەر وتی دەربارەی پاشماوە پزیشكییەكان وتی "هەندێجار دوای مانگێک دەخرێنەوە ژێر گڵەوە، هەندێكجاریش بە ئاوەڵایی دەمێننەوە، بەشێکی دیکەش لە پاشماوە شلەکان دەخرێنە ئاوڕۆکانەوە، نەخۆشخانەکانیش یەکەی چارەسەر و مەسفییەی ئاوڕۆیان نییە".

پیسكردنی ژینگە و ئاووهەوای كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008ـی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت.

"لە سنوری پارێزگایی سلێمانیدا زیاتر لە سەدا 31ـی پیشەسازی عیراقی تێدایە، ئەمەش هۆكاری سەرەكیی پیسبونی ئاووهەوا و خاكە لە سنورەكەدا" ئاسۆ جەوهەر وای وت، دەشڵێت لە بەدواداچونەكانی رێكخراوی ئازادبوون-ـدا دەركەوتووە، زیاتر لە 600 هەزار ئۆتۆمبێل و چوار هەزار مۆلیدە لە سلێمانی هەن؛ كە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، نایترۆجین، هایدرۆكاربۆن و چه‌ندین گازی ژه‌هراویی مەترسیدار بۆ ژینگە و تەندروستی مرۆڤ بڵاودەكەنەوە.

بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە، هەوای عیراق یەکێکە لە "هەرە پیسترینی" ووڵاتانی جیهان، پیسبونی ژینگە و ئاووهەواش، بەپێی وەزارەتی تەندروستی هەرێم یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2023دا نۆ هەزار و 911 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون و دەركەوتووە شێرپەنجەی سییەكان دووەم بەرزترین جۆری شێرپەنجەیە.

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT