له كه‌نارى روباره‌كه دانیشتووه و لە خۆشی‌دا چاوەكانی دەبریسكێنەوە، كاتێك بە وردی تەماشای رێڕەوی ئاوێكی رون و ژینگەیەكی پاكی پڕ لە سەوزایی دەكات، ئەو دیمەنەی ساڵانێك لەمەوبەر خەریك بوو بە تەواوی لەناوبچێت ئەگەر هەوڵەكانی ئەو و هاوڕێیەكانی نەبوایە.
ئەیاد محەمەد زوو زوو دەچێتە سەر روباری سیروان لە كەلار، كە سێ ساڵ لە پێناو رزگاركردنی رووبارەکە لە كارگەكانی چەو و لم شەڕی بۆ كرد و كۆڵیان نەدا، تا بەرهەمی هەوڵەكانیان بینی.
روبارى سیروان، له قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخانه‌وه شۆڕبوه‌ته‌وه به‌ره‌و ئیداره‌ى گه‌رمیان و به ته‌نیشتى قه‌زاى كه‌لاردا تێده‌په‌ڕێت به‌ره‌و ناوچه‌كانى خواروى عیراق. بەدەست كارگەكانی چەو و لمەوە پەرێشان بوو، كە چاڵی گەورەیان لەسەر روبارەكە دروستدەکرد، ژاوەژاوی زۆریان هەبوو و دەبوونە هۆی تێكدانی رێڕەوی ئاوەكە و لێڵكردن و وشكبونی سەوزایی.
"راگرتنى كارگه‌كانى چه‌و و لم له‌سه‌ر روبارى سیروان كاریگه‌رى زۆرى هه‌بووه، به‌جۆرێكى باش بوژاوه‌ته‌وه و روباره‌كه‌ش به‌ره‌و باشبون هه‌نگاوى ناوه، جیاوازییه‌كى گەوره‌ى دروستكردووه بەراورد بە رابردوو" ئه‌یاد وای وت، ئەو چالاكوانى ژینگه و ئه‌ندامانى كه‌مپه‌ینى "به‌ڵێ بو لابردنى كارگه‌كانى چه‌و و لم له‌سه‌ر روبارى سیروان"ـە.
كەمپەینەكە ساڵی 2019 سێ چالاكوان دەستیانپێكرد، هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی، لە هەموو چین و توێژەكانی قەزای كەلار (سەر بە ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی) پشتگیری‌یان كرد و لە كۆتایی ساڵی 2021ـدا، هەڵمەتەكە گەیشت بە ئامانج و حكومەت ناچاربوو كاركردنی هەموو كارگەكانی سەر روبارەوە رابگرێت.
كەس نكۆڵی لە كاریگەری نەرێنی كارگەكانی چەو و لم ناكات، بە حكومەتیشەوە، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە ساڵی 2014ـەوە مۆڵەتی بەو جۆرە كارگانە نەداوە و وەكو لە پەیجی ئەو دەستەیە لە فەیسبوك هاتووە؛ کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە دروستدەکەن و ژینگەی روبارەکان دەشێوێنن، بۆیە داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە كۆتایی بە كاركردنیان بهێنێت.
پێدانی مۆڵەتی ئەو كارگانە بەپێی یاسای وەبەرهێنانی كانزایی ژمارە 91ـی ساڵی 1988ـی عیراقە، كە لە دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندایە و بەشێكی پەیوەندی بە دەستەی ژینگەوە هەیە، هەر ئەوانیش دەتوانن دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتەكە بدەن بە یەكە ئیدارییەكان، بەپێی چەند مەرج و رێكارێكی تایبەت.
كێشه‌ى روبارى سیروان وه‌ك شێرپه‌نجه‌یه‌ك وابوو له سیه‌كانى سنورى گه‌رمیاندا، ئێستا ئه‌و نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌یه نه‌ماوه
"بەڵێ"ـیەک بۆ ژینگە
لەكاتی راگەیاندنی كەمپەینی "بەڵێ بۆ لابردنی كارگەكانی چەو و لم لەسەر روباری سیروان" تەنیا سێ دەنگ بوون، شەرێكی نابەرانبەر بوو بۆ ژینگە و دژایەتی تێكدانی روبارەكە، بەڵام زوو هەزاران دەنگی دیكەی بەدەستهێنا.
روبارەكە بە بەرچاوی چالاكوانانەوە بەرەو لەناوچوون دەڕۆیشت؛ سەوزایی كەمتر و ئاوی روبارەكە تادەهات ئاستی دادەبەزی، رێكخراوه ژینگه‌ییه‌كان و پسپۆڕانى بوارى ژینگه و هاوڵاتیان، كۆكبون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و كارگانه دابخرێن.
"كێشه‌ى روبارى سیروان وه‌ك شێرپه‌نجه‌یه‌ك وابوو له سیه‌كانى سنورى گه‌رمیاندا، ئێستا ئه‌و نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌یه نه‌ماوه.. به‌و فشارانه‌ى ئێمه و به‌و كۆنوسانه‌ى كه كراون" بەوتەی سۆران نه‌ریمان، چالاكوانى ژینگه و ئه‌ندامى كه‌مپه‌ینەكە.
ئەو كەمپەینە لەڕێی راپۆرت و بابەتی رۆژنامەوانییەوە لە دەزگا میدییەكان و زیاتریش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زانیاری‌یان لە بارەی زیانەكانی كارگەكانی سەر روباری سیروان بۆ رایگشتی بڵاودەكردەوە و تائێستاش بەردەوامە.
ئیداره‌ى گه‌رمیان، پێشتر بڕیاریدابوو كاری كارگەكانی چەو و لم رێكبخاتەوە، بەڵام فشارەكان بەردەوام بوون و دواتر لە كۆبوونەوەیەكدا به ئاماده‌بونى چالاكوانان و فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان و پسپۆڕانى بوارى ژینگه و رێكخراوه‌كان، بڕیاری لابردنی یەكجارەكانی كارگەكان لە كۆنوسێكدا راگەیەندرا لە كانونی یەكەمی 2021ـدا.
"لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ژینگەی گەرمیان بریار لەسەر لابردنی کارگەکانی چەو و لم درا" وەك لە راگەیەندراوەكەی ئەوكاتی ئیدارەی گەرمیاندا هات، هەروەها بڕیاریاندا كارئاسانی بكەن بۆ خاوەنی كارگەكان تا پرۆژەکانیان بگۆڕن بۆ کەسارە و لەشوێن و پێگەی تر دایبنێن.
"له ساڵى 2021ـدا بڕیارێك درا بۆ رێكخستنه‌وه‌ى كارگه‌كان له‌سه‌ر روبارى سیروان كه سه‌رجه‌میان به‌شێوه‌ى غه‌ساله كاریان ده‌كرد، ئه‌مه‌ش به كۆنوسێك رێكخرا به هه‌ماهه‌نگى لایه‌نه په‌یوه‌ندیاره‌كان و چالاكوانانى بوارى ژینگه" یادگار فه‌تاح، به‌ڕێوبه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
هەروەها وتی دواتر و لە ساڵی 2024ـدا، بە كۆنوسێكى تر ئەوەیان سەپاند هه‌ر كارگه‌یه‌ك كه‌ساره‌ى دانا ده‌كرێت به‌رێژه‌ى له سەدا 50 مه‌وادى سروشتى روباره‌كه هه‌ڵبگرێته‌وه و به‌كارىبهێنێت به‌پێى ئه‌و روبه‌رەى بۆى دیاریده‌كرێت و خۆى له سێ دۆنم زه‌وى ده‌بینێته‌وه، كه مه‌رجیشه كه‌ساره دابنێت ئه‌وكات مۆڵه‌تى پێده‌درێت.
له سنورى گه‌رمیان به‌پێى داتاكانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكان؛ 40 كارگه‌ى چه‌و ولم له‌سه‌ر روباره‌كه هه‌بوون، له ده‌به‌رندیخانه‌وه تا ناحیه‌ى كۆكس، له‌و رێژه‌یه‌ش بەردەوام 30 كارگه‌یان له كاردابوون، بەڵام ئێستا و دوای بڕیارەكانی حكومەت، له ئێستاشدا له دواى ئه‌و بڕیاره‌ى كه ئیداره‌ى گه‌رمیان 10 دانەیان ماونەتەوە كە بوون بە كەسارە و كاردەكەن.
به‌پێى به‌دواداچونێكى مه‌یدانى بۆ روبارى سیروان؛ بە چاو گۆڕانكارییەكانی چەند ساڵێك لەمەوبەر و ئێستای روبارەكە دەردەكەون، ژینگەیەكی سەوزتر هەیە، ئاستی ئاوەكە بەرزترە، شوێنی زیاتر هەیە بۆ خەڵك و تەنانەت دەنگی باڵندەكانیش دەبیسترێت.
بەپێی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان ژمارە (4)ـی ساڵی 2022، ئەنجامدانى گۆڕانکارى لە ڕێڕەوەى سەرچاوەکانی ئاو، بەجۆرێک ببێتە هۆى کەمکردنەوەى بڕی ئاو یان پیسبوونى ئاو، لەگەڵ دامەزراندنى هەر پرۆژەیەک یان کارگەیەک لەسەر کەنارى ڕووبار و لقەکانیان یان هەر چالاکییەک کە ببێتەهۆى پیسبوونى ئاو، یان کەنار و ڕۆخى ڕیڕەوەکانى ئاوى سروشتى، یان کاریگەرى نەرێنى لەسەر بڕو و جۆرى ئاوەکە دروست بکات رێگەپێنەدراوە.
سزای ئەو پێشێلكارییانە لە یاساكەدا بەندكردنە لە شەش مانگ كەمترنەبێت لەگەڵ غەرامەیەك بە بڕی تا 10 ملیۆن دینار، لە ئەگەری دوبارەكردنەوەی سەرپێچییەكەدا سزاكە بۆ نزیكەی دوو هێندە زیاددەبێت.
روبارەكە خوڕەی دێت
جیاوازی ژینگە و ئاوی روبارەكە لە ساڵانی رابردوو بەراورد بە ئێستا ئەرز و ئاسمانی فەرقە.
سۆران نه‌ریمان وتی "گۆڕانكاریی گەورە رویداوە، بە جۆرێك دارەكان بوژاونەتەوە، رێژەیەكی باشی سەوزایی گەشەی كردووە". ئەو دەڵێت فشارەكانی ئەوان كاری خۆی كرد، تەنانەت رێڕەوی ئاوەكە جێگیربووە و ژیان بۆ باڵندە و ئاژەڵەكانیش گەڕاوەتەوە.
روباری سیروان؛ یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی قەزای كەلار، جگە لەوەی سەرچاوەی چەندین حەوزی ماسی و روبەرێكی بەرفراوانی كشتوكاڵە لە ناوچەكەدا.
به‌پێى بەدواداچونی پسپۆڕێكی به‌ڕێوه‌بردنى ژینگه و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له گه‌رمیان، کواڵیتى ئاوى روبارەکە بە شێوەیەکى بەرچاو بەرەوباشى گۆڕاوە، پێشتر بەهۆى کارى کارگەکانەوە بە شێوەیەکى بەردەوام ڵێڵ (Turbidity) بوو، رێژەى گشتى ماددە رەقەکان (TDS) و کۆی گشتی ماددە رەقە هەڵواسراوەکان (TSS) هەروەها (total Hardness) بە گشتى ریژەیان دابەزیووە، كە پێشتر رێژەیان بەرزبوو بەهۆی كارگەكانەوە.
جگەلەوەش رێڕەوى روبارەکە لە ئێستادا جێگیرە وەکو پێشتر نییە.
لابردنى كارگه‌كانى چه‌و و لم له‌سه‌ر روبارى سیروان كاریگه‌رى ئه‌رێنى هه‌بووه
"لابردنى كارگه‌كانى چه‌و و لم له‌سه‌ر روبارى سیروان كاریگه‌رى ئه‌رێنى هه‌بووه، له زانكۆى گه‌رمیان توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستیمان ئه‌نجامدا بۆ دیاریكردنى كاریگه‌رى لابردنى كارگه‌كان و لەرێی به‌راوردكارى رێژه‌ى سه‌وزایى و كواڵێتى ئاوەكە، ده‌ركه‌وت ئه‌نجامه‌كان دڵخۆشكه‌رن" د. عه‌بدولموته‌ڵب ره‌فعه‌ت، پسپۆڕەكەى به‌ڕێوه‌بردنى ژینگه كە مامۆستایە له زانكۆى گه‌رمیان، وای وت.
ئەو ستایشی بڕیاری لابردنی كارگەكان دەكات؛ كە بەهۆیەوە رێژەی سەوزایی زیادیكردووە و كوالێتی ئاوەكە گۆڕاوە، بەتایبەت لە شوێنی كارگە لابراوەكاندا.
كەمپەینەكە هەر بەوەوە نەوەستا، كاریگەری لەسەر چالاككردنی زیاتری بەكارهێنانی یاساكان و لێپێچینەوە لە پێشێلكاران هەبوو، بە تایبەت یاسای وەبەرهێنانی كانزایی ژمارە 91ـی ساڵی 1988، كە سزای دارایی تا داخستنی شوێنەكانی داناوە.
به‌ڕێوبه‌ری نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان ده‌ڵێت رێكاره‌كانیان توندتر كردۆتەوە، به‌جۆرێك له ماوه‌ى ئه‌و ساڵه‌ى مۆڵه‌ت دراوه به خاوه‌ن كارگه‌یه‌كى كه‌ساره هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك بكات ئه‌وه مۆڵه‌ته‌كه‌ى بۆ نوێ ناكرێته‌وه و كارگه‌كه داده‌خرێت، یادگار فه‌تاح جەختیكردەوە "له‌وه‌ته‌ى كارگه‌كان كراون به كه‌ساره سه‌رپێچى تۆمارنه‌كراوه كه ژینگه‌یی بێت، ئه‌وه‌ى هه‌بوه هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مه‌وادى زیاتر بووه له‌و بڕه‌ى بۆیان دیارىكراوه، له كاتێكدا پێشتر به‌وشێوه‌یه نه‌بوو، دیمه‌نى ئێستاى روباره‌كەش ده‌رخه‌رى ئه‌و راستیه‌یه".
پێش دەركەوتنی ئەنجامی كەمپەینی لابردنی كارگەكانی چەو و لم؛ ژمارەی سەرپێچییەكان بۆ نمونە لە ساڵی 2021ـدا گەیشتە 32 سەرپێچی بە بڕی زیاتر لە 77 ملیۆن دینار غەرامەكردن، بەڵام لە ساڵی 2022ـدا و كاتێك كاركەگان لابران تەنیا چوار سەرپێچی هەبوو بەبڕی غەرامەی نزیكەی شەش ملیۆن دینار، لە 10 مانگی ئەمساڵیشدا تەنیا یەك سەرپێچی تۆماركراوە، بەپێی ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان.
شایەتییەكان زیاترن، خودی خاوەنی كارگەكانیش نكۆڵی لێناكەن، كە بە نەمانی كارەكانیان و گۆڕینی كارگەكان بە كەسارە، ژینگەی روبارەكە بوژاوەتەوە.
ئه‌ركان محێدین (42 ساڵ)، خاوه‌نى كارگه و كه‌ساره‌ى قۆره‌توو له كه‌لار، دەڵێت بەپێی بڕیار و رێكارەكان، بووە بە مەرج تەنیا كار بە كەسارە بكات، نەك كارگەی چەو و لم، "پێویستە پابەندی مەرجەكان بین، كە روبەری سێ دۆنم زەوی تەرخانكراوە بۆ كاركردن و نابێت ژینگەی روبارەكەش بشێوێنین، ئەگەرنا روبەڕوی سزا دەبینەوە"، ئەو دەڵێت كار‌و كاسبییەكەیان سه‌رچاوه‌ى بژێوى 11 خێزانی لەسەرە.
هەندێك لە سزاكان، ئەوانەی پەیوەستن بە شێواندن و لەناوبردنی دار؛ پاڵپشت بە یاسای دارستان ژمارە 10ـی ساڵی 2012ـی هەرێمی كوردستان، كە سزای تا ساڵێك بەندكردن و تا پێنج ملیۆن دینار غەرامەی تێدایە.
"لە كاتی لابردنی كارگەكان و دانانی كەسارەكانەوە هیچ سەرپێچییەكیان نەهاتۆتە لای ئێمە تا لێپێچینەوە بكەین" بەوتەی رەشید بەكر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی گەرمیان.
لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە ژمارە 8ـی ساڵی 2008ـی هەرێمی كوردستان، هەر سەرپێچییەك بۆ سەر ژینگە، سزاكه‌ى بەندكردن تا مانگێك و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە.
دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان دەڵێت به‌رده‌وام چاودێرن به‌سه‌ر ئه‌و كارگانه‌ى له‌سه‌ر روباره‌كه كارده‌كه‌ن و بون به كه‌ساره، ئه‌گه‌ر پابەندی رێنماییه‌كان نه‌بن، ئه‌وه له‌ڕێی لیژنه‌یه‌كى تایبەتەوە بەدواداچون دەكەن و راپۆرت ئامادەدەكەن بۆ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار و داواكارى گشتى.
فشار هەیە و كەمپەینەكە كۆتایینایەت
"یه‌كێك له‌و ئاسته‌نگییانه‌ى ده‌هاته پێشمان وه‌ك ئه‌ندامانى كه‌مپه‌ینه‌كه ئه‌وه‌بوو، فشارده‌كرا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كارگانه ده‌ست به‌كار بكه‌نه‌وه" ئەندامێكی كەمپەینەكە وادەڵێت.
سۆران نەریمان وتی بەوهۆیەوە حكومه‌ت چاودێرییه‌كى چڕیان ده‌كات، مه‌رجى قورسیان بۆ دانراوه و گرێبه‌ستیان پێده‌كرێت و به‌ڵێننامه‌شیان لێوه‌رده‌گیرێت، كه یه‌كێك له مه‌رجه‌كان سه‌ره‌تا دانانى كه‌ساره‌یه دواتر كارگه‌ى چه‌و و لم، به‌جۆرێك 50 به 50 بێت".
ئەو بەئومێدە، چونكە دەڵێت رێكارەكان توندكراون و سەرپێچی بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكان كۆتاییدێت، "بۆیە ئێستا به‌شێكى زۆرى كارگه‌كان ده‌ستیان پێنه‌كردۆتەوە كه هه‌ردوكى به‌یه‌كه‌وه دابنرێت، چونكه سه‌ره‌تا ده‌بێت كه‌ساره دابنرێت ئه‌مه‌ش بودجه‌ى زۆرى پێویسته".
كەمپەینەكە بەردەوامە لەڕێی چاودێری و بەدواداچونەوە تا هەر سەرپێچییەكیان بینی لێی بێدەنگ نەبن.
ئیدارەی گەرمیان لە شوباتی ئەمساڵدا هەندێك بریاری دیكەی دەركرد، هەر رێگەی نەدا بە دەستپێكردنەوەی كاری كارگەكان، بەڵام داوایكرد هەر كارگەیەك بە مەرجی دانانی كەسارە دەستپێبكاتەوە، كاتێك كەسارەی دانا، ئەوا سەدا 50ـی مەوادی سروشتی و سەدا 50ـی سەرەبەرد بەكاردەهێنێت، هەر ئەوەش نا، "بەهیچ شێوەیەك رێگەنادرێت لەناو روباری سیروان كاری هه‌ڵگرتنی مه‌واد ئه‌نجامبدرێت و دارستانە سروشتیەکان لەناو ببرێن و دار ببڕنەوە".
ئێستا بارودۆخه‌كە زۆر جیاواز و خۆشتره، چ له ڕ‌وى بڕی ئاوه‌كه‌وه كە زیادیكردووە چ له ڕ‌وى رێژه‌ى سه‌وزایى و داره‌كانه‌وه
هەروەها هۆشداری داوە چاودێری وورد و چڕ دەكەن، "له‌كاتی ئه‌نجامدانی سه‌رپێچی، گرێبه‌ستی كاركردنیان هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه، لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هه‌ڵده‌ستێت به دۆكیۆمێنتكردنی سروشتی رووباری سیروان و دارستانه‌كان، دواتر بۆ دڵنیابوون به‌شێوەی به‌راوردكاری بۆ رای گشتی دۆكیۆمێنتی (ڤیدیۆ و وێنه) ده‌خرێنه‌ڕوو".
چۆمان ئه‌حمه‌د، لێپرسراوی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیداره‌ى گه‌رمیان رەتیكردەوە كارگەكان بەهەمان رێكار و شێوازی پێشوو دەستبەكاربكەنەوە، "هۆكارى ئه‌و قسانه نازانین چییه و له چیه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه.. كارگه‌كانیش جگه له‌و كۆنوسه‌ى به ئاماده‌بونى لایه‌نه‌كان كراوه و له‌سه‌رى رێكه‌وتون، هیچ شتێكى ترمان نییە"، جەختشیكردەوە جارێكىتر رێگه‌ناده‌ن كارگەكان وەكو پێشتر كاربكەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا تەواوی مەترسییەكان نەڕۆیشتوون، وەكو پسپۆڕێكی ژینگەیی ئاماژەی پێدەكات، كه‌سارەكانیش لایه‌نى خراپى هه‌یه و كواڵێتى هه‌وا تێكده‌ده‌ن به‌هۆى ئه‌و تۆز و خۆڵه‌ى دەریدەكات.
عه‌بدولمته‌لب ره‌فعه‌ت وتى "كه‌ساره‌كانیش هاوشێوه‌ى كارگه‌كانى چه‌و ولم كاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر ژینگه هه‌یه، چونكه له‌گه‌ڵ كاركردنیان خۆڵ و تۆزێك دروستده‌كات ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ تێكچونى كواڵێتى هه‌وا"، رونیكردەوە كە ئه‌و تەپوتۆزە به‌شێكیان له‌سه‌ر دار و دره‌خته‌كان ده‌نیشێته‌وه و لاوازیان دەكات.
سەرباری ئەوەش هێشتا خاوەنی كەسارەی ئێستا و كارگەكانی پێشوو قایل نین، وەكو هەڤاڵ دەڵێت كارەكەی سەرچاوەی 20 كەس و زیاتر لە 50 كرێكاری هەبووە، "توشی زیانی زۆربوین و خەرجی زۆرمان لە دانانی كەسارەكەدا هەبوو،.. لەگەڵ ئەوەشدا پشتگیری ناكرێین".
كەمپەینی "بەڵێ بۆ لابردنی كارگەكانی چەو و لم لەسەر روباری سیروان"، بە سێ ساڵ مەترسی لەسەر ژینگە كەمكردەوە و بەنیازنین وابەئەسانی وازبهێنن، بۆیە لە جاران گەرموگوڕتر چاودێری مانەوەی ئەو دەرەنجامە و كاریگەرییەكانی دەكەن.
پیاسەكی روبارەكە
بانە ساڵانی رابردوو بە دەگمەن دەچووە سەر روباری سیروان، چونكە شوێنێكی بێدەنگ و گونجاوی دەستنەدەكەوت، بەپێچەوانەوەی ئێستاوە.
"ئێستا بارودۆخه‌كە زۆر جیاواز و خۆشتره، چ له ڕ‌وى بڕی ئاوه‌كه‌یه‌وه چ له روى رێژه‌ى سه‌وزایى و داره‌كانه‌وه، بۆیه مانگى چه‌ند جاریێك سه‌ردانی روبارەكە ده‌كه‌ین" بانه سۆران (25 ساڵ)، دانیشتوی كەلار وای وت، ئەوان میوانەكانیشیان بۆ پیاسە و كاتبەسەربردن دەبەنە سیروان.
نه‌ك ته‌نیا چالاكوانانى بوارى ژینگه، خەڵكیش بە گشتی دڵخۆشن بە گەشانەوەی روبارەكە لە دوای كارگەكانی چەو و لم، وەكو كاروان ئەحمەد (40 ساڵ) دەڵێت، "روباره‌كە ئێستا زۆر دڵڕفێنه، به جۆرێكه كۆتایى هه‌فته نییه به خێزانى نه‌چینه سه‌ر روباره‌كه بۆ به‌سه‌ربردنى كاته‌كانمان".
روباری سیروان، لە هەموو وەرزەكاندا شوێنی كاتبەسەربردنی خەڵكە، بە تایبەت لە كاتی گەشت و سەیراندا.
سۆران نه‌ریمان رونیكردەوە بە پێچەوانەوەی رابردووەوە كە چاودێری و بەدواداچونی پێشێلكارییەكان نەبوو، "ئێستا حكومەت رۆڵی كارای هەیە لە پاراستنی روبارەكەدا" ئەوەش بۆ دەرەنجامی كەمپەینەكەیان دەگەرێنێتەوە، ئەو ئەندامەی كەمپەینی پاراستی سیروان، "حكومەت بەردەوامە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە و ئێمەش لە بەدواداچونی پاراستنی روبارەكە".
هیچ لە بارودۆخی بازاڕ و پێداویستی خەڵك نەگۆڕاوە، لەوەتەی كارگەكانی چەو و لم دانراون، چونكە بەپێی ئامارە رەسمییەكان، 10 كەسارە كاردەكەن و سەدا 90ـی پێداویستی هاوڵاتیان پڕدەكەنەوە.
"به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى خه‌ڵك بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌مان زۆرباشه كه له رێگه‌ى كارگه‌ى كه‌ساره‌وه به‌رهه‌مى ده‌هێنین، ئەوەش لەو سەربەردانەی له نێو روباره‌كه‌دا كۆبوونەتەوە" ئه‌ركان محێدین، خاوەنی كەسارەی قۆرەتوو وادەڵێت.
كەسارە لە بەردی ئامادەی نێو روبارەكە، سەرە بەرد كۆدەكاتەوە و وردی دەكات تا لم و چەو بەرهەمدەهێنێت، نەك وەكو كارگە چاڵ هەڵبكەنێت و ئاوەوە ببێژێتەوە بۆ دەركەوتنی چەو و لمی سروشتی.
هه‌ڤاڵ حه‌مید (38 ساڵ)، خاوه‌نى كارگه‌ى كه‌ساره‌یە لە كەلار، دەڵێت "ئێستا هاوڵاتیان به‌دواى لمى كارگه‌ى كه‌ساره ده‌گه‌ڕێن و هه‌مو خه‌ڵك ده‌یه‌وێت، مه‌واده‌كه‌ى پاك و باشه له ڕ‌وى كوالێتیه‌وه، چونكه ته‌نیا سه‌ره به‌رده‌و و كردومانه به لم".