لە ژینگەوە

كەركوك؛ زیاتر لە 50 داری بە تەمەن دەبڕدرێنەوە

  • 2024-10-30
كەركوك؛ زیاتر لە 50 داری بە تەمەن دەبڕدرێنەوە
كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2024/ بڕینەوەی دەیان داری بە تەمەن لە گوندی پاپیلان لە ناحیەی شوان فۆتۆ: لە ڤیدیۆ وەرگیراوە
لەیلا ئەحمەد – كەركوك

زیاتر لە 50 داری بە تەمەن لە گوندێكی ناحیەی شوان بڕدراونەتەوە، لە نێویاندا داری توو، بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك بەوهۆیەوە دەستگیربكرێت.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، بڕینەوەی دارەكان چەند رۆژێك لەمەوبەر بووە لە گوندی پاپیلان-ـی ناحیەی شوان (باكوری كەركوك) و مێژوی چاندنیان دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاكانی سەدەی رابردوو.

شكۆفە عوبێد، چالاكوانی ژینگەیی پشتڕاستیكردەوە لە گوندی پاپیلان دەیان داری بە تەمەن بڕدراونەتەوە، لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك دەربارەی گوندەكە نوسیویەتی "لەڕوی ژینگەییەوە زۆر وێرانە، لەبری چارەسەرکردن و زیادکردنی پانتایی سەوزایی، ئەوەی هەمانە لە دەستی دەدەین و ئەم دارە بەتەمانانەیان بڕیوەتەوە".

ئەو دەڵێت روداوەكەدا لە كاتێكدایە، پێشتر ناوچەكە بەهۆی ئەو دارانەوە بۆتە شوێنێكی گەشتیاری، بۆیە داوای لێپێچینەوەی یاسایی و سزادان دەكات.

بەپێی یاسای دارستانەكان ژمارە 30ـی ساڵی 2009 لە عیراق، سزای بڕینەوەی دار لە 25 هەزار دینارەوە تا یەك ملیۆن دینار دەڕوات، بەبێ زیندانی، بەڵام لە ياساى سزادانى عيراقى ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراودا، دوو ساڵ زیندانی و غەرامە دانراوە بۆ بڕینەوەی دار.

سەباح سدیق، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ناحیەی شوان بە (كەركوك ناو)ـی وت "گوندی پاپیلان بە سەوزایی و دارەكانی بی و توو ناسرابوو، رێژەی سەوزایی زۆر بوو، دارەكان بە تەمەن بوون بەڵام خەڵكی نەناسراو دەیانبڕنەوە بۆ دروستكردنی خەڵوز و بەكارهێنانی بۆ برژاندنی ماسی، بەداخەوە زۆر پێمانناخۆشە".

گوندەكە چۆڵ بووە و ماڵی تێدا نەماوە، بەهۆی كاریگەرییەكانی وشكەساڵییەوە، بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، ئەو دارانەی بڕدراونەتەوە، گەورەن و هەندێكیان پارچەپارچە كراون و بەجێهێڵدراون.

"ژمارەیەکی زۆر داری بەتەمەنی گوندەکەیان بڕیووە..، ئەوەندە داری زۆریان بڕیووە، نەیانتوانیووە هەمووی ببەن و نیوەیان بەجێهێشتووە،.. لەكاتێكدا تەمەنی تووەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1970 و كاتی خۆی پێشمەرگە لە نێو چڕی دارەكاندا خۆی حەشار دەدا"، سەباح داواشیكرد سەردانیی مەیدانی بۆ ناوچەكان هەبێت و پاسەوان دابنرێت تا رێگری بكەن لە بڕینەوەی دار.

كشتوكاڵی شوان بەڕێوەبەری ناحیە و پۆلیسی دارستانیان ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام تائێستا كەس دەستگیرنەكراوە و تۆمەتبارانی بڕینەوەی دارەكان دیارنین.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT