لە ژینگەوە

كۆششەكانی شەیما لە خزمەتی ژینگەدایە

  • 2024-11-11
كۆششەكانی شەیما لە خزمەتی ژینگەدایە
شەیما حەمدوڵڵا (26ساڵ)، چالاكوانی ژینگە. فۆتۆ: لاڤە حیسام
لاڤە حیسام

لەكاتێكدا ناحیەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی بەدەست پیسبونی ژینگە و گۆڕینی رەگەزی زەوی لە كشتوكاڵییەوە بۆ پیشەسازی دەناڵێنێت، شەیما لەچەند رێگایەكی جیاوازەوە دەیەوێت ژینگەی سروشتی ناوچەكە بپارێزێت.

كارەكەی شەیما حەمدوڵڵا (26ساڵ) بریتییە لە كردنەوەی نەمامگەیەك و فرۆشتنی گوڵ و نەمام بە نرخی هەرزان، هاوكات هانی خەڵك دەدات بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی و بڵاوكردنەوەی تۆوی دار سنەوبەر لە ناوچە بەرزەكانی دەوروبەری ناحییەكە، لەپاڵئەوەشدا بابەتی ژینگەیی و هۆشیاریی بڵاودەكاتەوە، بۆ ئەوەش لێپرسراوێتی بەشێكی گرنگی رێكخراوێكی ژینگەیی وەرگرتووە.

ئەو بەشی كشتوكاڵی داپۆشراوی لە زانستی كشتوكاڵ تەواوكردووە، لەگەڵئەوەی بەرەنگاری پیسبونی هەوا و ژینگەی ناوچەیەكە دەبێتەوە، هاوكات توانیویەتی لەڕێیەوە بژێوی خێزانەكەی دابینبكات و وەكو راوێژكاری كشتوكاڵیش لە ناوچەكە كاردەكات.

بازیان دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای سلێمانی لە باكوری عیراق، ناوچەیەكی گرنگی كشتوكاڵی بوو، بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی جۆرەكانی سەوزە و  میوە، لە بەرهەمهێنانی برنج-یشدا پێشەنگ بووە، بەڵام لە ساڵی 2003وە  بە تەواوی رەگەزی ناوچەكە لە كشتوكاڵییەوە بۆ پیشەسازی گۆڕدراو، بەشێوەیەك لە ساڵی 2022دا رێژەی لە سەدا 32ی پیشەسازی عیراق لە بازیان بوو، ئەوەش بەپێێ رێكخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.

شەیما خولیایەكی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی ژینگە و كشتوكاڵكردن، جگە لە كارگەیەكی بەرهەمهێنانی قارچك، ئەمساڵ نەمامگەیەكی بەناوی نەمامگەی شەیما كردەوە، "ئامانجمە لەڕێی ئەم نەمامگەیەوە هەم بژێوی ژیان دابین بكەم، هەم رێژەی سەوزایی زیادبكەم"، زیاتر وتی "نرخی نەمامەكانم هەرزانترە بۆ ئەوەی هانی خەڵك بدەم بۆ چاندنی نەمام، گرنگی بەو رووەکانە دەدەم كە توانای بەرگەگرتنیان هەیە لە كەشی گەرم و وشك، بۆ ئەوەی روبەڕوی گۆڕانی ئاوهەوا بێتەوە".

ئامانجمە لەڕێی ئەم نەمامگەیەوە هەم بژێوی ژیان دابین بكەم، هەم رێژەی سەوزایی زیادبكەم

نرخی نەمام و گوڵەكان لە نێوان 1000 دینار بۆ 1500 دیناردایە، ئەم داشكاندنە زیاتر بۆ ئەو كەسانەیە كە خولیای زیادكردنی رێژەی سەوزاییان هەیە.

"خانمان گرنگی زیاتر بە کڕینی گوڵەکان دەدەن بۆ مەبەستی رازاندنەوەی ماڵەکانیان، سەوزایی و رەنگاوڕەنگی گوڵەکان لە باخچەکانی ماڵەوە یان دەرەوە دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی وزەیەکی ئەرێنی بۆ خانمان و دورخستنەوەیان لە فشار و کێشە دەرونییەکان، یارمەتیدەریشە بۆ کەمکردنەوەی تێکچونی هۆڕمۆنە مێینەکان و پیسبونی هەوا".

shaima2
شەیما حەمدوڵڵا (26ساڵ)، چالاكوانی ژینگە. فۆتۆ: لاڤە حیسام

بەشیێكی مامەڵەی شەیما لەگەڵ ئەو جوتیارانەدایە كە كۆڵنادەن و بەرگری دەكەن بۆ مانەوەی بازیان وەكو ناوچەیەكی كشتوكاڵی، شەیما وەك راویژكاریی كشتوكاڵیی كاردەكات و یارمەتییان دەدات لە پێدانی رێنمایی لەوانەش چۆنیەتی چاندن و بەكارهێنانی باشترین رێگا بۆ زیادكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی.

رێكخراوی جیهانی خۆراك، ئەمساڵ خانویەكی پلاستیكی بە شەیما بەخشی بۆ ئەوەی بتوانێت نەمامی زیاتر بەرهەمبهێنێت و پارێزگاری زیاتر لە رووەکەکانی بکات لە گەرما و تیشکی خۆر.

هەرچەندە خانوی پلاستیكی دۆستی ژینگە نییە، بەڵام لە بازیان دانانی لە خێرایی بەردەوامدایە، ساڵی 2005 تەنیا هەشت خانوی پلاستیكی لێبوو، لە ئێستادا گەیشتۆتە 15000 خانوو كە خاوەندارێتیان بۆ 800 جوتیار دەگەڕێتەوە، بەپێی ئاماری كشتوكاڵی بازیان.

زانیار تۆفیق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان، دەڵێت بازیان لە كشتوكاڵییەوە بە تەواوی گۆڕدراوە بۆ پیشەسازی، "گەورەترین كارگە پیشەسازییەكانی عیراق لە بازیانن"، جەختیكردەوە لەوەی كەمبونەوەی ئاو، ساغنەبونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی، نەبونی كارەبا بۆ روناكی و هەواگۆڕكێیی خانوە پلاستیكییەكان وایكردووە پشت لە كشتوكاڵ بكرێت.

وتیشی "دوكەڵی كارگەكان و پاشماوەی كاركردنیان زیانی بە ژینگە گەیاندووە، بەڵام بەهۆی فشاری خەڵكی ناوچەكەوە ئێستا كارگەكان زۆرینەیان فلتەری دوكەڵیان بەكارهێناوە و دوكەڵ كەمبۆتەوە".

دوكەڵی كارگەكان و پاشماوەی كاركردنیان زیانی بە ژینگە گەیاندووە

نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانی بازیان وتی "بەردەوام لیژنەكان بەسەر كارگەكاندا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی ژینگەی ناوچەكە پیسنەكەن، بەڵام بەگشتی داهاتی ئەو كارگانە لەڕوی دەرفەتی كار و خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی بازیان كەمە، باشترە بەپێی یاسا رێژەیەكی سەدی دیاریبكرێت كە پێویستە ئەو كارگانە خەرجی بكەن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بەو ناوچانە، رێژەیەكیش بۆ هەلی كار بە خەڵكی ناوچەكە".

شەیما خواستێكی زۆری هەیە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی، بەڵام ئەویش بەربەستی خۆی هەیە، لەوانە نەبونی ئاوی پێویست، كەمی روبەری زەوی. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئەو، ئەوەیە روبەڕوی ئەو تانە و ئاستەنگانە بۆتەوە كە ژنان لە هەندێك كاردا لە كۆمەڵگە توشی دەبنەوە.

پڕۆژەی قارچكی سروشتی، كارێكی تری شەیمایە، "دوای زانكۆ بۆم دەركەوت، پڕۆژەیەكی بەرهەمدارە و داهاتی باشە، كارەكەش لە توانای مندابوو، بۆیە ئێستاش لە قاتی خوارەوەی خانووەكەمان پڕۆژەكە بەردەوامە".

شەیما حەمدوڵڵا، لە سۆسیال میدیا چالاكە و هۆشیاریی ژینگەیی و مەترسییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا باسدەكات، لە رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لێپرسراوێتی بەشی پەیوەندییەكانی وەرگرتووە، رێكخراوەكە زیاتر لە پارێزگای سلێمانی چالاكیی ژینگەیی دەكات.

ئەو پێیوایە ژینگەی دەوروبەری بازیان بۆ دارسنەوبەر گونجاوە، چونكە پێویستی بە ئاودانی زۆر نییە، هەر بۆیە لەگەڵ گروپە شاخەوانییەكان، لە شاخەكانی دەوروبەری بازیان تۆوی درەختی سنەوبەر و میوەكان بڵاودەكەنەوە، "ئامانجمان ئەوەیە بتوانین پارێزگاری لە ژینگە و زیادكردتی رێژەی سەوزایی بكەین".

بە گشتی لە هەرێمی كوردستان ڕوپێوییەكی نوێ نییە بۆ دیاریكردنی رێژەی سەوزایی پارێزگا و شارەكان، بەڵام بەپێی ڕوپێوییەكی ساڵی 2015ی وەزارەتی كشتوكاڵ كە لەلای دەستەی ژینگە پەسەندە، ڕێژەی سەوزایی لە هەرێم سەدا 12ـیە لە كاتێكدا ڕێژەی ستانداردی جیهانی سەوزایی نزیكەی سەدا 30ـیە.

شەیما وتی "ئێمە دەمانەوێت رێژەی سەوزایی لە بازیان زیادبكەین، گرنگترین درەخت کە ئێمە بیڕوێنین بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاووهەوا و پاراستنی ژینگە چاندنی درەختی قەڵەم تۆزە، بەڵام بە رێگەی گونجاو وەک دروستکردنی دارستانێک، نەک چاندنی لەسەر شەقام یان بەردەرگای ماڵەکان و باخەکان".

"ئەم درەختە هەوای پیس هەڵدەمژێت و لەناو خانەکانی خۆی کۆیدەکاتەوە و ئۆکسجینێکی زۆر بڵاو دەکاتەوە، پێویستی بە ئاوێکی کەمە تەنیا یەکەم ساڵ کە دەچێنرێت پێویستییەتی لەبەرئەوەی گەڵاکانی زەیتییە هەر درەختێک گەڵاکانی زەیتی بێت پێویستی بە ئاوێکی کەمە".

شەیما جەختیكردەوە لەوەی پێویستە گرنگییەکی زیاتر بە درەختە رەسەنەکان بدرێت، "باشترین جۆر بۆ پاراستنی ژینگە وەک سنەوبەر، توو و گوێز، چونکە تەمەنێکی درێژیان هەیە و توانای بەرگەگرتنێکی باشیان هەیە بۆ  ئاووهەوای هەرێمی کوردستان".

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT