لە كۆڵان و گەڕەكەكانی شارەوە، هەرچی جۆری خۆڵ و خاشاك هەیە تێكەڵ بە یەكتری دەكرێن و هەر لە تانجەرۆ، كە پێشتر شوێنی كردنە ژێر گڵ و سوتاندنی بوو، ئێستا بە چەند قۆناغێكی چارەسەرکردندا دەڕوات و دەکرێتە سوتەمەنی و ئاو، لەباتی ئەوەی بۆ ژینگە ببێتە كارەسات.
لە دەروازەی كارگەكەدا، خۆڵ و خاشاكی زۆر كەڵەكە بووە، لەگەڵ قوڕ و لیتەی بێشوماردا بۆنێكی ناخۆشی بڵاوكردۆتەوە، پاشماوەی رەق دەچێتە شوێنێكی دیاریكراو تا لە كۆتاییدا سوتەمەنی وەكو وزەی جێگرەوە بەرهەمدەهێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە پاشماوەی شل، دەچێتە ناو دوو حەوزەوە تا نەبنە بەشێك لە ئاوی ژێرزەوی و نەڕژێنە ئاوی تانجەرۆوە.
ئاسیا بۆ وزەی نوێبووەوە، ناوی ئەو شوێنەیە لە تانجەرۆی سلێمانی دامەزراوە، كە گۆڕەپانی كۆكردنەوەی هەموو خۆڵ و خاشاكی شارە، ئەو كارگەیە ساڵی 2020 دەستبەكاربووە و لەسەر روبەری دوو هەزار و 500 دۆنم بنیاتنراوە، رۆژانە 800 تا 900 تۆن پاشماوەی تێكەڵی ماڵان دەگۆڕێت بۆ وزە. سەدا 35 تا 40ـی پاشماوەكە دەبێتە سوتەمەنی و ئەوەی دەمێنێتەوە لیتەیە.
نەجمەدین ئەنوەر، بەڕێوەبەری کواڵیتی لە پڕۆژەی ئاسیا بۆ وزەی نوێبووەوە وتی "پڕۆژەکە چارەسەری خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی رەقی ماڵان دەکات؛ پاشماوە رەقەکە دەکرێت بە سوتەمەنی جێگرەوە بۆ کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ دەنێردرێت، کە پێی دەوترێت (RDF) و وەكو سوتەمەنی لەبری نەوتی رەش یان غاز بەکاردەهێنرێت و ژینگە پیس ناکات".
وزەی بەرهەمهاتووی ئەو پڕۆژەیە، سوتەمەنییەكەی دەچێت بۆ كارپێكردنی چەندین کارگە و بەرهەمهێنانی کارەبا، لەوانە کارگەکانی چیمەنتۆی گاسن و لاڤارج، هەروەها پاشماوەی شل، كە زیاتر لیتەی خۆڵ و خاشاکەکەیە، دەپاڵێورێت و دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە بۆ ئاودانی نەمام و سەوزایی و خاوێنکردنەوەی خودی کارگەکە.
رۆژانە سەروو هەزار و 300 تۆن خۆڵ و خاشاكی سلێمانی لە ناوچەی تانجەرۆ، لە باشوری شارەكە فڕێدەدرێت و بەهۆیەوە چەندین ماددەی زیانبەخش و ژەهراوی تێكەڵ بە روباری ناوچەكە دەبن، لەوێشەوە كاریگەری لەسەر ئاوی ژێرزەوی دادەنێت و دواتر دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان بەر لە چارەسەرکردن، ئەو پاشماوەیە سەدا 60ـی خۆراك و سەدا 20ـی پلاستیكە، بەپێی توێژینەوەیەكی رێكخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.
ئەو کارەی کارگەکەی ئێمە تەنیا بۆ خزمەتی ژینگەیە و هیچ سوودێکی بۆ خاوەنی کارگەکە نییە
ژیـــنگە رزگاردەكەن
"ئەو کارەی کارگەکەی ئێمە تەنیا بۆ خزمەتی ژینگەیە و هیچ سوودێکی بۆ خاوەنی کارگەکە نییە"، نەجمەدین ئەنوەر وای وت، ئەوەشی خستەڕوو كە سەرەڕای گۆڕینی پاشماوە رەقەکە بۆ جۆرێک لە وزە، ئاوی رەشی پاشماوە رەقەكە پاکدەکەینەوە و لە رەشەوە رەنگەكەی دەگۆڕن بۆ زەردباو، ئەوەش بۆ ئاودانی ئەو دارانەیە بەرهەمییان نییە.
ئاوی پاڵاوتەی پاشماوەكە بەشێكیشی بۆ ئاگرکوژاندنەوە بەکاردەهێنن.
پڕۆژەی چارەسەری خۆڵ و خاشاکی سلێمانی، ساڵی 2013 پلانی بۆ دانراوە، بارودۆخی ئەمنی عیراق و شەڕ دوایخست بۆ سالی 2019 و پاشان مایەوە تا لە نیسانی 2020ـدا بە كرداری دەستپێكرد.
زۆرێك لە خۆڵ و خاشاك لە عیراق چارەسەر ناكرێت، راستەوخۆ دەکرێت بە ژێر گڵەوە یان دەسوتێنرێت، كە ئەوەش زیانی بۆ ژینگە هەیە و بەپێی ئامارێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە پێنج ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم زیاتر لە 660 ملیار دینار بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و گواستنهوه و داپۆشینی خاشاك خەرجكراوە.
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت رۆژانە هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك ڕەوانەی ئەو كارگەیە دەكرێت، بەپێی گرێبەستێكی نێوان پرۆژەكە و حكومەت، "پێشتر خۆڵ و خاشاکی سلێمانی لە تانجەرۆ دەخرایە ژێرزەوی و بەشێوەی چین چین لەناودەبرا، کە ئەمە زیانی گەورەی لە ژینگە و ئاوی ژێر زەوی دەدا".
بەكارهێنانەوە و وەبەرهێنانەوەی پاشماوەی رەق و خۆراكی یەكێكە لە رێگاكانی بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە، كە بەپێی ئامارێكی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق پێنجەم ناوچەی جیهانە بۆ دەركەوتنی كاریگەری و لێكەوتە نەرێنییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا.
د. ساڵح مەجید، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ژینگە، دەڵێت پێنج ساڵ لەمەوبەر پێشینازی دامەزراندنی پرۆژەی چارەسەری خۆڵ و خاشاکی سلێمانی كردووە، "بەڵام بەپێی مەرج و رێنماییەکان، چونکە لەناوبردنی خۆڵ و خاشاک بە رێگەی چین بە چین، جگە لەوەی زیانی بۆ ژینگە و ئاوی ژێرزەویش هەیە، جار جار دەبووە بورکان و دەتەقییەوە کە ئەوە زیانێکی دیکەش دروستدەکات و دوانۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا زیاتر دەکات".
ئەوەشی وت كە بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە لەباتی سوتاندنی پاشماوە، بۆ ژینگە زۆر بەسودترە، جگە لەو ئاوەی دەمینێتەوە بۆ ئاودان.
ئــاوی پــاڵاوتە
لە پڕۆژەکەی تانجەرۆ، دوو حەوزی لاكێشەیی سەر بەتاڵ هەن، كە بە بۆری هەموو ئاو و قوڕ و لیتەی كارگەكەیان بۆ دەچێت، لەوێوە بەرەو چارەسەری بایەلۆجی و پاشان قۆناغەكانی فلتەرکردن دەڕۆن، لە كۆتاییدا ئاوێكی زەردباو دەردەچێت و تائێستا زیاتر لە 25 هەزار و 821 مەترسێجا ئاوی پاڵاوتووە.
سەرەتا ترس و دڵەڕاوكێی زۆر لای كارمەندان هەبوو لەوەی دەست لەو ئاوە بدەن و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، تا رۆژێك دانا فەرەج، كە كارمەندی هەمان پڕۆژەیەیە، بۆ رەواندنەوەی ترسەكە، ماسی زینە و جوانكاری دەهێنێت و لە چەند حەوزێكی بچوكدا، ئاوە پاڵێوراوەكەیان بۆ تاقیكردنەوە بۆ بەكاردەهێنێت و سەركەوتوودەبێت.
"تاقیكردنەوەكەم سەركەوتوو بوو، ماسییەكان ناسك و بچوكن، ماون و بەردەوام زیاددەكەن، لەدوای ئەم تاقیكردنەوەوە ئیتر كارمەندەكانیان ترسیان لەو ئاوە نەما" بەوتەی دانا.
بەرهەمهێنانی سوتەمەنی و وزە لە جیهاندا، یەكێكە لە ئاڵنگارییە هەرە سەرەكیی و پڕ لە كاریگەرییە نەرێنییەكان، كە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا خێراتر دەكەن، بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان بە پشتبەستن بە وزەی جێگرەوەی لەو ئامانجانەدا داناوە، كە بەردەوامی هانی بەكارهێنانی دەدات لە پێناو پاراستنی ژینگەدا، نەك هەر ئەوە، بەڵكو هەوا پاكدەبێتەوە و تەندروستی گشتی پارێزراوتر دەبێت.
سوتەمەنیی وەكو خەڵوز و نەوت و غاز، بەرپرسیاری سەدا 75ـی دەردانە گازییە زیانبەخشەكان و سەدا 90ـی دوەمی ئۆكسیدی كاربۆنن.
محەمەد مەحمود، شارەزای بواری ژینگە و ئەندازیاری کیمیایی، کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و لەناوبردنی بەوجۆرەی پڕۆژەکەی تانجەرۆ بە سود بۆ ژینگە و ئاوی ژێرزەوی وەسفدەكات، چونكە ئەگەر ئەوە نەبێت، ئەوا ئاوی پاشماوەكە دەچێتە ناو ئاوی تانجەرۆ یان ئاوی ژێرزەوی کە زیان بە تەندروستی مرۆڤ و بەروبومی کشتوکاڵی ناوچەكە و ئەو هاووڵاتییانەش دەگەیەنێت، لە دەوروبەری کارگەکەدا نێشتەجێن.
هاوکات، هیواخواز بوو ئاوەڕۆی تەواوی سلێمانی كۆبكرێتەوە و نەڕژێتە تانجەرۆوە، بەڵكو برژێتە پۆندێكەوە و بە قۆناغی پاڵاوتندا تێبپەڕێت، پاشان بچێتە ئاوی تانجەرۆ یان بۆ ئاودانی نەمام و دارەكانی شەقام و باخچەكان بڕوات. محەمەد پێشنیازی بۆ حكومەت كرد "كارگەیەك دابنێت بۆ پاشماوە پزیشکی و رەقەکانی وەک ئاسن و مادە کانزاییەکان، تا وەكو مادەی جێگرەوە سودیان لێوەربگیرێت و یارمەتیدەرێکیش بێت بۆ پاککردنەوەی ژینگە".
دەرچوونی ئاوی پاڵاوتە لە پشكنین، بەڵام بەپێی رێنماییەكانی دەستەی ژینگە نییە
بەپێی رێنمایی ژمارە 4ـی ساڵی 2021ـی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و فڕێدانی پاشماوەکان؛ تێکەڵکردنەوەی پاشەڕۆی پزیشکی لەگەڵ پاشەڕۆی ئاسایی و پابەندنەبوون بە خستنە شوێنی تایبەتی خۆیان، سزای هەیە، کە سەرەتا ئاگادارکردنەوەیە و لە دوبارەكردنەوەیدا دەبێتە غەرامە بەبڕی 150 هەزار تا 10 ملیۆن دینار، ئەگەر بەردەوامبوو ئەوا سزاکە تا وەرگرتنەوەی مۆڵەت و داخستنی شوێنەكە دەڕوات.
مستەفا جومعە، وتەبێژی ژینگەی سلێمانی وتی "ئەو ئاوەی لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی دەمێنێتەوە پێیدەڵێن لیتە، لە دەستەی ژینگەش پێوەری تایبەت هەیە بۆ پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاوی چارەسەرکراو و دووبارە بەکارهێننانەوەی، کە دواتر دەتوانن تێکەڵی بکەن بە سەرچاوە ئاوییەکان و ئاوەڕۆ و یاخود سەوزایی پێ ئاو بدەن، ئەگەر بەو پێوەرە بوو دەتوانن راستەوخۆ تێکەڵ بە ئاوی تانجەرۆی بکەن".
ئاوی پاڵێوراوی كارگەكە هێشتا بە دڵی دەستەی ژینگە نییە، بۆیە رێگەنادەن تێكەڵی ئاوی تانجەڕۆ ببێت، "چەند قۆناغێكی دیكەی چارەسەری دەوێت، سەردانمانكردوون و ماوەیەكمان بۆ داناون تا چارەسەری بكەن".
ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان ژماره(4)ی ساڵی 2022، پیسكردنی ئاو بە هەر هۆكارێك بێت، لە نێویاندا پاشماوە و ئاوەڕۆ، كە زیان بە مرۆڤ و زیندەوەران و ژینگە بگەیەنێت، سزاكەی لە شەش مانگ زیندانییەوە دەستپێدەكات لەگەڵ غەرامەی تا 10 ملیۆن دینار.
محەمەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی هۆبەی کۆنتڕۆڵکردنی شێڕپەنجە لە سلێمانی، وتی "ئاوەڕۆی کارگەکان، پاشماوە پزیشکییەکان و پاشماوەی ماڵان ماددەی کیماییان تێدایە كە دەچێتە تانجەرۆ و کشتوکاڵی پێدەکرێت، رێژەی کانزا قورسەکانیان زۆرە کە هەشت جۆرە و پەیوەندی راستەوخۆی بە تووشبوون بە شێرپەنجەوەیە".
ئەو دەڵێت دانانی كارگەكە کارێکی باشە و حکومەت دەبێت بۆ هەموو شوێنەکانی دیکە، وەکو نەخۆشخانە و تەنانەت ئاوەڕۆی گشتی ماڵەکانیش بیر لەو چارەسەرە بكاتەوە.
پیسبونی ژینگە و ئاووهەوا، بەپێی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2023دا نۆ هەزار و 911 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون.
بیرۆكەی پرۆژەكە لە پڕۆژەی هاوشێوەی كۆمپانیایەكی ئەڵمانییەوە وەرگیراوە، بەڵام ئەوەی سلێمانی نەیتوانیووە وەكو ئەوان چارەسەری بۆن و هەوای كارگەكەش بكات، نەجمەدین ئەنوەر دان بەوەدادەنێت، سەرەڕای دەرچوونی ئاوی پاڵاوتە لە پشكنین، بەڵام بەپێی رێنماییەكانی دەستەی ژینگە نییە و ئامێری دیكەیان هێناوە، تا ئاوەكە رونتر، بێ رەنگ، بێ بۆن و بێ تام دەربچێت.
زیاتر لە نیوەی ئاوەڕۆ لە جیهاندا دەڕژێنە روبار و سەرچاوەكانی دیكەی ئاوەوە، تەنیا سەدا 11ـی ئاوەڕۆ چارەسەر دەكرێت و دوبارە بەكاردەهێنرێتەوە، بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەكاتێكدا دوبارە بەكارهێنانەوە سودی راستەوخۆی بۆ مرۆڤ.
سیستمی پاڵاوتنی ئاوەکان بە پێی جۆری ئاوەکان دەگۆڕێت، ئاوەڕۆی ماڵان لە هی کارگەکان جیاواترە و هی نەخۆشخانەکان جۆرێکی دیکەیە، کە لە وڵاتان جیاکراونەتەوە، بەپێی جۆرەکان پاڵاوتنیشیان جیاوازە و دواتر یان دەکرێنە ناو سەرچاوە ئاوییەکانەوە یان بەکاردەهێنرێنەوە بۆ ئاودانی باخ و سەوزاییەکان، بەوتەی سەرخێڵ هاوڕێ، خوێندکاری دکتۆرا و کاندیدی ئیدارەدانی سەڕچاوە ئاوییەکان.
سەرخێڵ وتی "لە هەرێمی کوردستان و بە نموونە سلێمانی هیچ جیا نەکراوەتەوە، هەمووی تێکەڵ بەیەک دەکرێت و دەکرێتە ئاوی تانجەرۆوە، کە زیانی زۆری بۆ هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە و ئەو کشتوکاڵەی لەو ناوچەیە دەکرێت هەیە".
نـــاڕەزایی هەیە
کارگەکە ماوەی چوار ساڵە کاردەکات، بەڵام تائێستا حکومەت هیچ بڕەپارەیەکی بۆ خەرج نەکردووە و تەنها چەكی بێ رەسیدی پێدراوە، بەوتەی بەڕێوەبەری كواڵێتی پڕۆژەی ئاسیا بۆ وزەی نوێبووەوە.
ئاستەنگیی دیكەش هەن، چەندینجار ناڕەزایی خەڵك دژی پرۆژەكە هەبووە، لەوانە دژی تەپوتۆز و بۆنی خۆڵ و خاشاكەکەی، نەجمەدین ئەنوەر نایشارێتەوە، هێشتا چارەسەری بۆنی خۆڵ و خاشاكەکەی لە توانای ئەواندا نییە، چونكە تێچووی زۆری دەوێت لەكاتێكدا حكومەت هاوكارییان ناكات، بۆ تۆز و خۆڵەكەش، دوو ئامێریان داناوە و "تا ڕادەیەک کەمبۆتەوە".
شوێنی كارگەكە تانجەڕۆیە، كەمتر لە 10 كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە دوورە، روباری تێدایە و لە هەمانكاتدا ناوچەی نیشتەجێبوونە و دەیان گوند لە سنورەكەدایە.
ئاسۆ عەلی، دانیشووی گوندی ژاڵەی جەزا جافە، بە دوری كەمتر لە 200 مەتر لەو كارگەیەوە، "بۆنەكە کێشەی زۆری دروستکردووە، دەبوو حکومەت نەیهێشتایە لەو شوێنەدا بێت كە نزیکە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانەوە"، بە تایبەت لە هاویناندا زیاتر گرفتە، لەبەر تۆز و خۆڵ، بۆ ئەوەش زیاتر لە جارێك چوونەتە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت.
"راستە ئەم كارگەیە بۆ جوانكردن و پاككردنەوەی شار دروستكراوە، بەڵام زیانی بە ئێمە گەیاندووە" ئاسۆ وای وت، كاتێك داوای چارەسەری كێشەی یەكجاری تۆز و خۆڵی كارگەكەی دەكرد.
هەر لەو ناوچەیە گوندەكانی ژاڵەی سەرو، بەردەکەڕ، هوانە، ژاڵەی خوارو و سەموات هەیە كە نزیكەی 10 هەزار ماڵ دەبن، هەمان كێشەیان هەیە، مەترسی نەخۆشی تەنگەنەفەسی و پێست-ـیان هەیە.
چەقی شارەکانی هەرێمی کوردستان بونەتە شوێنی تۆز و خۆڵ، مەوادی کیمیایی و چیمەنتۆ، ئەو گازانەی لە کارگە و ئۆتۆمبێلەکانەوە دەردەچن
کامەران قەرەداغی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ و بۆری هەوا، دەڵێت چەقی شارەکانی هەرێمی کوردستان بونەتە شوێنی تۆز و خۆڵ، مەوادی کیمیایی و چیمەنتۆ، ئەو گازانەی لە کارگە و ئۆتۆمبێلەکانەوە دەردەچن، لە هۆکارەکانی تووشبوون و زیادوونی نەخۆشییەکانی بۆری هەوا و سییەکان و هەستیاریین.
ئەوەشی ئاشكراكرد نەخۆشییەکانی رەبۆ، هەستیاری و بۆرییەکانی هەوا كە سەدا حەوت تا سەدا 15 بووە پێشتر بۆ سەدا 27 زیادیکردووە، جگە لە زۆربوونی نەخۆشییەکانی قوڕگ و لوت و گوێ و چاو بەشێوەیەکی بەرچاو.
پیسكردنی ژینگە و ئاووهەوای كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008ـی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت.
عەدنان کەریم، لە گوندی ژاڵەی جەزا جاف، زۆر توڕەیە و دەڵێت "هەرچی نەخۆشی و دەرد و مەینەتی هەیە بەو ئاشەوەیە" وەكو ئاماژەیەك بۆ كارگەكە.
تۆز و خۆڵی كارگەكە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت، زیانی بۆ ژینگە و پیسبوونی هەوا هەیە.
ساڵح مەجید، پسپۆڕەكەی بواری ژینگە دەڵێت "زیانی بۆ ماڵانی دەوروبەری كارگەكە هەیە، بۆیە دەبێت رەچاوی ئەو كێشەیە بكرێت، پاشماوەی لیتەكەش پێویستە بە تەواوی چارەسەر بكرێت".
ئاڵنگارییەكی دیكەی بەردەم كارگەكە، تێكەڵیی هەموو جۆرە پاشماوەیەكە، چونكە جیاناكرێتەوە، لە ماڵان و شوێنە گشتییەكاندا، خۆراك، شوشە،كانزا و پلاستیك پێكەوە دەكرێنە یەك سەتڵی خۆڵەوە.
بەڕێوەبەری كواڵیتی پڕۆژەیە دەڵێت تەنیا لە سلێمانی دەستپێشخەرییەكە هەیە، داوایانلێكراوە هەمان پڕۆژە ببەنە كەركوك، نەجەف و بەغدا، "بەڵام رێكنەكەوتین چونكە داوای پشكیان بۆ خۆیان دەكرد" بێ ئەوەی بچێتە وردەكاریی زیاترەوە.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.