كریستیانه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا داوای راگرتنی پڕۆژەیه‌كی نیشته‌جێبون له به‌رتڵه ده‌كه‌ن و گومانده‌كه‌ن مه‌به‌ست لێی گۆڕینی دیمۆگرافیای زێدی دێرینی كریستیانه‌كان بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كه‌نیسه، پیاوانی ئایینی و لێپرسراوانی ئه‌و پێكهاته‌یه ده‌یانه‌وێت كاره‌كانی پڕۆژەکە رابگرن، به‌ڵام پێكهاته‌ی شه‌به‌ك ده‌ستیكردووه به كڕینی یه‌كه‌كان.
پڕۆژەكه (سوڵتان سیتی)، له 182 خانوی 200 مه‌تری پێكهاتووه، له‌گه‌ڵ خوێندنگه، باخچه‌ی ساوایان و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی.
ئه‌و مشتومڕە درێژەی هه‌یه، ناكۆكییه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كریستیانه‌كان زه‌وی پڕۆژەكه به موڵكی خۆیان دەزانن و پێشیانوایه “ره‌گه‌زنامه‌ی ساخته” و تاڕاده‌یه‌كیش نرخی به‌رزی یه‌كه‌كان كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی زۆرینه‌ی خانوه‌كان بۆ پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو، ئه‌وه‌ش وه‌ك گۆڕینی دیمۆگرافیا ده‌بینن.
جه‌لال بوتروس، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی به‌رتڵه به (كه‌ركوك ناو)ی وت “زه‌وی پڕۆژەكه كشتوكاڵییه و موڵكی كریستیانه‌كانه، ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه بۆچونیان وه‌ربگیرێت نه‌ك په‌راوێزبخرێن، جگه له‌وه‌ش ئێمه وه‌ک کریستیانه‌کان ئه‌و پڕۆژەیه به گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌مان ده‌بینین له بهرژەوهندی پێكهاته‌یه‌ك”.
ئێمه وه‌ک کریستیانه‌کان ئه‌و پڕۆژەیه به گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌مان ده‌بینین له بهرژەوهندی پێكهاته‌یه‌ك
وتیشی “له بنهڕەتدا و ئێستاش له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی و که‌نیسه و كریستیانه‌كانی به‌رتڵه پڕۆژەكه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه… ئێمه له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانین و ئاڵۆزی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕینی دیمۆگرافیاش نین”.
بەرتەڵا، بەدوری 15 كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری موسڵ، دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كریستیانن و له مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2016 و دوای دوو ساڵ له‌ژێر كۆنترۆڵی داعش ده‌رهێنرا و خه‌ڵكه‌كه‌ی ورده ورده ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
پڕۆژهەكه ساڵی 2013 بڕیاری دروستكردنی دراوه، به‌ڵام به‌هۆی هێرشی داعش بۆ ناوچه‌كه له ناوه‌ڕاستی 2014 كاركردن له پڕۆژەكه راگیراوه و دواتر ده‌ستی پێكردۆته‌وه، له‌كاتێكدا هێشتا سه‌دا 80ی كاره‌كانی ته‌واو نه‌بووه، شه‌به‌ك 20ی خانوی پڕۆژەكه‌یان كڕیووه.
جه‌لال بوتروس، وتی “كریستیانه‌كان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێز نین تا ببنه رێگر له به‌رده‌م پڕۆژەكه و فرۆشتنی، به‌ڵام ئێمه دژی گۆڕینی دیمۆگرافییان”.
“راسته ناوچه‌که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبیدایه، به‌ڵام نازانم حه‌شدی شه‌عبی سودمه‌نده له خانوه‌كانی ئه‌و پڕۆژەیه یان نا؟ کۆمپانیاكهش مافی خۆیه‌تی خانوه‌كان بفرۆشێت، چونكه پاره‌ی خه‌رجكردووه”، فه‌یسه‌ڵ جاره‌ڵا كه پشتیوانی پڕۆژەكه ده‌كات وایوت.
به‌گوێرەی رێككه‌وتنی كۆمپانیاكه له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی قه‌زای حه‌مدانییه، ته‌نیا شه‌به‌ك و كریستیان ده‌توانن خانووه‌كانیان بكڕن، به‌ڵام كریستیانه‌كان ئه‌و خاڵه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و وه‌ك ناڕهەزاییهك تائێستا هیچ خانویه‌كیان نه‌كڕیووه.
عه‌لی یوسف، ئه‌ندامی ناحیه‌ی به‌رتڵه له پێكهاته‌ی شه‌به‌ك، ده‌ڵێت له‌ڕوی یاساییه‌وه پڕۆژەكه كێشه‌ی نییه و ره‌زامه‌ندی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عیراقی به‌ده‌ستهێناوه. به‌ڵام وتی “کریستیانه‌کان ده‌ڵێن ده‌بێت ئه‌م خانوانه ته‌نیا بۆ ئێمه‌بن، واته ببیته کۆمه‌ڵگایه‌کی کریستیانی تایبه‌ت، له‌کاتێکدا ئێمه 17 گوندی شه‌به‌ک-مان هه‌یه له ناحیه‌ی به‌رتڵه و له ناوه‌ندی ناحییه‌که‌ش نیوه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی پێكده‌هێنین”.
شه‌به‌ک به‌پێی ئاماره‌كانی خۆیان ژماره‌یان 300 بۆ 350 هه‌زار که‌سه له عیراق، سه‌دا 60 یان له مه‌زهه‌بی شیعه و ئه‌وانیتر سونه مه‌زهه‌بن و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عیراق له به‌غداو نه‌ینه‌وا بڵاوبونه‌ته‌وه.
له پڕۆژه‌كه‌ی به‌رتڵه خانوویه‌كی ته‌واوكراو نرخه‌كه‌ی 75 ملیۆن دیناره، ئه‌وه‌ش نزیكه له نرخی خانویه‌ك له گه‌ڕەكێكی تاڕاده‌یه‌ك په‌راوێزخراو له هه‌ولێری پایته‌ختی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
عه‌مار حسێن، كه چاودێری كاره‌كانی پڕۆژەكه ده‌كات، وتی “تائێستا هیچ کریستیانێک ئه‌و خانووانه‌ی نه‌کڕیووه، ته‌نیا سه‌ردانی پڕۆژەکهیان كردووه، به‌ڵام شه‌به‌ك 20 خانویان كڕیووه”.
تائێستا هیچ کریستیانێک ئه‌و خانووانه‌ی نه‌کڕیووه، ته‌نیا سه‌ردانی پڕۆژەکهیان كردووه، به‌ڵام شه‌به‌ك 20 خانویان كڕیووه
خالید جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کاروباری کریستیانه‌کان له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به (که‌رکوک ناو)ی وت “که‌نیسه و سریانه‌کان به‌ته‌واوی ناڕازین و ده‌یانه‌وێت پڕۆژەكه رابگیرێت”.
“له ده‌شتی نه‌ینه‌وا چه‌ندین که‌س به ناوی شه‌به‌ک و عه‌ره‌بی شیعه له ناوچەی کریستیانه‌کان جێگرکراون و ره‌گه‌زنامه‌ی ساخته‌یان بۆ كراوه، هه‌وڵده‌درێت دیمۆگرافیای ناوچه‌که بگۆڕن، ئه‌وه‌ش کریستیانه‌کانی ده‌شتی نه‌ینه‌وای ترساندووه، چونكه خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له ناوچه‌کانی خۆیان ژیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه”، خالید جه‌مال وایوت.
له ئابی 2018 (كه‌ركوك ناو)، له راپۆرتێكیدا جه‌ختیكرده‌وه سه‌دان خێزانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، بڕیاره تۆماری باری كه‌سێتییان بگوازرێته‌وه بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ندین ساڵ له راگواستن و نیشته‌جێكردنیان دێت له‌و سنوره‌دا.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه و لێدوانی لێپرسراوانی ئاگادار له‌و دۆسیه‌یه، ئه‌و خێزانانه‌ی له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ره‌وانه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا كراون، زۆرینه‌یان خه‌ڵكی گه‌یاره و شه‌رگات و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ن، به‌ڵام نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ره‌زامه‌ندی دراوه له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی یه‌كجاری تۆمار و ناسنامه‌كانیان بۆ نه‌ینه‌وا.
خەڵەف حەدیدی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا له كوتله‌ی عه‌ره‌بی به (كه‌ركوك ناو)ی وت “رێككەوتنێك لەنێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عیراقی هەیە كە ناسنامە بۆ عەرەبە هاوردەكان دەربكرێت كە لە ناوچەكانی سنوری مادەی 140 هەن”.
ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه سنوری مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقه‌وه، پێویسته به‌سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری و راپرسی چاره‌نوسیان له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر یه‌كلابكرێته‌وه، به‌ڵام مادده‌كه هیچ ئاماژەیهكی به ناكۆكی نێوان دوو پێكهاته نه‌كردووه له‌و ناوچانه.
كێشه‌كه‌ی ناحیه‌ی به‌رتڵه له نێوان شه‌به‌ك و كریستیانه‌كان، له‌كاتێكدایه حكومه‌تی عیراق و ئیداره‌ی موسڵ به پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كان، نۆژەنكردنهوهی ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان و ململانێ حزبییه‌كان له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فیدراڵ‌دا سه‌رقاڵن.
هاوکات، فه‌یسه‌ڵ جاره‌ڵا، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای حه‌مدانیه، ده‌ڵێت پێشتر سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی به‌رتڵه و چوار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌که له پێكهاته‌ی كریستیان واژۆی پڕۆژەكه‌یان كردووه، به‌ڵام ئێستا بۆچونیان گۆڕاوه و به گۆڕینی دیمۆگرافیای ده‌بینن.