21 رزگاربوی ده‌ستی داعش گه‌یشتنه‌وه‌ شنگال

‌ نه‌‌‌ینه‌وا/1ی ئازاری 2019/ساتی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنوری عيراق – سوریا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی 21 رزگاربوی ده‌ستی داعش فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

سوپای عیراق هه‌وڵیدا رێگریی بكات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی 21 رزگاربوی ده‌ستی داعش له‌ سوریاوه‌ به‌ره‌و عیراق، به‌ڵام خۆپیشاندانی فراوان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامدرا و هێزه‌كانی سوپا ناچاربون رێگاكه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و بۆ تێپه‌ڕبونی ئه‌و رزگاربووانه‌ بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌و 21 رزگاربوه‌ی ئێزیدی له‌ ده‌ستی داعش، که‌ 19 منداڵ و دوو ژن بوون، له‌ هه‌فته‌کانی رابردوه‌وه‌ له‌ سوریا رزگارکراون، هه‌ینی یه‌کی ئازار، گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ خاکی عیراق و قه‌زای شنگال، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ژێر فشاری خۆپیشانده‌راندا ده‌روازه‌ کرایه‌وه‌.

ئیلیاس عه‌لی، یه‌کێک له‌ که‌سوکاری ئه‌و 21 رزگاربووه‌، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “نزیکه‌ی 500 هاوڵاتی ئێزیدی له‌ شنگال و ناحیه‌ی سنونێ به‌ مه‌به‌ستی پێشوازیکردن له‌و 21 هاوڵاتییه‌ به‌ره‌و سنوری سوریا رۆیشتین، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عیراق ده‌روازه‌که‌یان نه‌کرده‌وه و هه‌وڵیاندا رێگریی بکه‌ن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و 21 رزگاربووه‌، دواتر ئێمه‌ به‌ شۆفڵ رێگا داخراوه‌که‌مان کرده‌وه‌”.

 

“له‌ژێر فشاری هاوڵاتیان ده‌روازه‌که‌ کرایه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌و که‌سانه‌ ده‌توانن هاتۆچوو بکه‌ن که‌ له‌ سوریا و له‌ ده‌ستی داعش رزگاریان بووه‌”، ئیلیاس زیاتر وتی “من باوه‌ڕناکه‌م رێگاکه‌‌ جارێکی تر دابخرێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ چه‌ند رۆژی ئاینده‌دا نۆ منداڵی دیکه‌ که‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگارکراون ده‌گه‌یه‌نرێنه‌وه‌ شنگال”.

ئەو ٢١ رزگاربووه‌، لەسەر سنور و لەلایەن سەدان کەسەوە پێشوازیان لێکرا، دواتر بەرەو ناحییه‌کانی خانه‌سۆر و سنونێ و قه‌زای شنگال بەڕێکرانه‌وه‌ بۆ ناو که‌سوکارییان.

ده‌روازه‌ی سنوری نێوان شنگال و سوریا، له‌ کانونی یه‌که‌می 2018ه‌و به‌ بڕیاری حکومه‌تی عیراق و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ داخرا به‌هۆی نافه‌رمی بونی‌، پێشتر و‌ زیاتر له‌ چوار ساڵی رابردوو به‌کراوه‌یی هێڵدرابۆوه‌ و خه‌ڵک هاتوچۆی پێدا ده‌کرد.

خودێدا چۆکی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ به‌ ( که‌رکوک ناو )ی وت “ده‌روازه‌که‌ بۆ چه‌ند خوله‌کێک و له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و 21 رزگاربووه‌ کرایه‌وه‌، دواتر ده‌روازه‌که‌ دوباره‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌کانه‌وه‌ داخرایه‌وه‌”.

ده‌روازه‌که‌ بۆ چه‌ند خوله‌کێک و له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و 21 رزگاربووه‌ کرایه‌وه‌، دواتر  دوباره‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌کانه‌وه‌ داخرایه‌وه‌

خودێدا وتیشی “یه‌کێک له‌ داواکارییه سه‌ره‌کییه‌‌کانی خوپێشانده‌ران له‌ ئێستاو رابردودا کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ بوو، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا هیچ بڕیارێکی فه‌رمی له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی نه‌دراوه‌”.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT