به‌ری راستی موسڵ له به‌رده‌م كاره‌ساتێكی مرۆییدایه، به‌هۆی قه‌یرانه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستییه‌وه له ئه‌نجامی كه‌می كارمه‌ند له كاتێكدا چه‌ندین نه‌خۆشی بڵاوبۆته‌وه، هه‌ڵنه‌گرتنه‌وه‌ی سه‌دان ته‌رمیش بۆته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تر بۆ ژیانی خه‌ڵك.
شاری موسڵ، كه به دوه‌م گه‌وره‌ترین شاری عیراق داده‌نرێت له روی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه له‌به‌رده‌م داڕوخانی كه‌رتی ته‌ندروستیدایه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌زاران دانیشتوی سنوره‌كه هه‌یه، به‌وپێیه‌ی سه‌دا 80ی ناوه‌نده پزیشكییه‌كان له ئه‌ركدا نه‌ماون به‌هۆی شه‌ڕه‌وه.
سه‌یف به‌در، وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "جه‌نگ له موسڵ بۆته هۆی وێرانبونی ده‌وروبه‌ری 20 نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ره‌كی و لاوه‌كی له ته‌واوی پارێزگاكه‌دا، گه‌وره‌ترین زیانیش له پشكی به‌ری راست و خۆرئاوای موسڵ بوو".
له به‌ری راستی موسڵ، كه شه‌ڕی توندی نێوان داعش و هێزه عیراقییه‌كانی تێدا بوو، زیانی زۆر به‌ر كه‌رتی گشتی كه‌وت، به تایبه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكی كه له شێوه‌ی شاری پزیشكی به‌غدا بوو.
هنگ له موسڵ بۆته هۆی وێرانبونی ده‌وروبه‌ری 20 نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ره‌كی و لاوه‌كی
وه‌لید خالید، چالاكوانی مه‌ده‌نی له موسڵ داوا له په‌رله‌مانتارانی نه‌ینه‌وا و حكومه‌تی ناوخۆیی و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ده‌كات ئاوڕبده‌نه‌وه له قه‌یرانی كه‌می كادیری پزیشكی له داموده‌زگاكانی به‌ری راست.
"سه‌دان كه‌س له خه‌ڵكی به‌ری راستی موسڵ رۆژانه بانگه‌واز له كه‌می كادیری ته‌ندروستی ده‌كه‌ن به تایبه‌ت له ژماره‌ی پزیشكدا، به‌وپێیه‌ی زۆرینه‌یان گواستویانه‌ته‌وه بۆ به‌ری چه‌پی شاره‌كه".
خالد نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه له ناوچه‌ی زه‌نجیلی قه‌ره‌باڵغی زۆری له‌سه‌ره به‌ڵام ته‌نیا دوو دكتۆری تێدایه، وتی "پێویسته دوباره كادیرانی پزیشكی و ته‌ندروستی دابه‌شبكرێنه‌وه، به جۆرێك له هه‌ندێك شوێن كه‌می كادیر هه‌یه و له هه‌ندێك شوێنی دیكه‌ش زیاده".
به‌پێی راپۆرتێكی روانگه‌ی عیراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، دانیشتوانی موسڵ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌خۆشی و پهتادان، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌كانی له داعش كه‌متر نیه.
روانگه‌ی عیراقی له زاری چوار هاوڵاتییه‌وه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه بڵاویكرده‌وه، "دانیشتوانی شاره‌كه به‌ده‌ست كه‌می ده‌رمانه‌وه ده‌ناڵێنن، له تواناشیاندا نیه بچنه عیاده‌ی تایبه‌ت به‌هۆی نه‌بونی پاره‌وه".
"خه‌ڵكی موسڵ چه‌ندین مانگ له‌ژێر گه‌مارۆدا مانه‌وه به‌بێ خواردن و خواردنه‌وه، بۆیه ناچاربون ئاوی روبار بخۆنه‌وه كه بۆ خواردنه‌وه شیاو نیه، خواردنیشیان گه‌نمی كوڵاو بوو، سه‌رباری ئه‌و شه‌ڕه‌ی چه‌ندین لێكه‌وته‌ی ده‌رونی و ته‌ندروستی بۆ چوار هه‌زار خێزان لێكهوتهوه".
دكتۆر هاشم شلاوی، پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی جگه‌ر و سی ده‌ڵێت "ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی ژماره‌یه‌ك زۆر له خه‌ڵكی موسڵ به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن ئیلتهاباتی جگه‌ر، سی و بۆری هه‌ناسه‌دان، كه‌می مه‌ناعه" له‌گه‌ڵ چه‌ندین نه‌خۆشی تر كه به‌شێكیان به‌هۆی خواردنه‌وه‌ی ئاوی نهشیاوهوهیه، وه‌ك له راپۆرته‌كه‌ی روانگه‌دا هاتووه.
شه‌ڕ و هێرشه‌كانی موسڵ، له ناوه‌ڕاستی 2014وه تا مانگه‌كانی كۆتایی 2017 به‌رده‌وامی هه‌بوو، كاتێك داعش هێرشیكرد و دوای چه‌ند ساڵێك له حوكمڕانی هێزه عیراقییه‌كان روبه‌ڕویان بونه‌وه.
ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی له موسڵ له‌توانایاندا نه‌ماوه پێشوازی له نه‌خۆش بكه‌ن
نه‌غم ته‌ڵال، چالاكوانی مه‌ده‌نی له بواری فریاگوزاری مرۆیی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نه‌خۆشخانه و ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی له موسڵ له توانایاندا نه‌ماوه پێشوازی له نه‌خۆش بكه‌ن، ئه‌و شوێنانه‌یشی وه‌ك جێگره‌وه كراونه‌ته‌وه هیچ پێداویستی و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروستی نیه".
مه‌ترسییه‌كانی تر بۆ خه‌ڵكی موسڵ، مانه‌وه‌ی سه‌دان ته‌رمه له‌ژێر داروپه‌ردوی باڵه‌خانه و خانووه روخاوه‌كاندا، كه له ئه‌نجامی شه‌ڕدا كوژراون و پرۆسه‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌یان به‌رده‌وامی هه‌یه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دۆخی ته‌ندروستی له موسڵ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داروخاندایه به تایبه‌ت كه ده‌رمانی نه‌خۆشییه درێژخایه‌ن و مه‌ترسییه‌كان نه‌ماوه له‌گه‌ڵ كوتانی دژ به شه‌له‌ل و كولێرا و جگه‌ری منداڵ".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو زۆربه‌ی دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كانی موسڵ كێشه‌ی كه‌می كادیری ته‌ندروستییان هه‌یه چونكه به‌شێك له‌وانه كۆچیان كردووه بۆ ده‌ره‌وه‌ی عیراق له كاتی ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش یان ئاواره بون.
له سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی دژ به‌و رێكخراوه، سه‌دان هه‌زار خێزانی نه‌ینه‌وا ئاواره‌بون و تائێستاش به‌شێكی زۆر له خه‌ڵك نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه.