هه‌ڵبژاردنی ئه‌میری ئێزیدییه‌كان به‌ چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕێت

كێ ده‌بێته‌ میر؟

شێخان، شوباتی 2019، مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئێزیدییه‌كان له‌ عیراق و جیهان، چه‌ند قۆناغێكی جیاواز ده‌بڕێت دوای دیاریكردنی كاندیدێك له‌ نێو بنه‌ماڵه‌ی میری كۆچكردوی ئه‌و پێكهاته‌یه‌، له‌ دواهه‌نگاویشدا جڤاتی روحانی ئێزیدییان بڕیاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ و كۆتایی ده‌ده‌ن.

‌28ی كانونی دوه‌می 2019 ته‌حسین سه‌عید عه‌لی به‌گ، میری ئێزدییان له‌ عیراق و جیهان دوای مانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له‌ شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد و له‌ 5ی شوباتی ئه‌مساڵیشدا، له‌ سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یدا له‌ قه‌زای شێخان له‌ده‌ستی نه‌ینه‌وا به‌خاكسپێردرا.

ته‌‌حسین سه‌عید عه‌لی حسێن به‌گ، له‌ 15-8-1933 له‌ گوندی باعه‌درێی قه‌زای شێخان له‌ دایكبووه‌، له‌ ته‌مه‌نی 11 ساڵیدا و له‌ هاوینی 1944دا وه‌كو میری ئێزیدییان له‌ جیهان دانراوه‌، له‌ ئێستاشدا بڕیاره‌ به‌ چه‌ند قۆناغێك كه‌سێك بۆ جێگرتنه‌وه‌ی هه‌ڵبژێردرێت.

 

كاندیدی میری ئێزیدییان له‌ عیراق و جیهان، ده‌بێته‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی میر بێت، له‌ كوڕ یان كوڕه‌زا، به‌بێ ره‌چاوكردنی ته‌مه‌ن.

هه‌كار حازم ته‌حسین به‌گ، كوڕه‌زای میری كۆچكردوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌نیا بنه‌ماڵه‌ی میر مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ خۆیان هه‌ڵبژێرن به‌ڵام تائێستا هیچ ناوێك دیارینه‌كراوه‌”، وتیشی “هیوادارین هیچ كه‌سێك خۆی سه‌رقاڵی ئه‌م پرسه‌ نه‌كات چونكه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نیه‌”.

ته‌حسین به‌گ، میری كۆچكردوی ئێزیدییان له‌ سێ ژن بۆته‌ باوكی 11 منداڵ، سێ كچ (هه‌دیه‌، نه‌فیه‌ و نه‌سرین) و هه‌شت كوڕ (زیاد، سه‌عید، مه‌روان، به‌ربه‌ست، حازم، فه‌رهاد، سه‌رهات و عسمه‌ت).

خه‌یری بۆزانی، به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری ئێزیدییان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌مه‌ن مه‌رج نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌ بنه‌اڵه‌ی میر خۆی بۆ میری ئێزیدییان هه‌ڵبژێرێت، واته‌ بچوكترین كوڕی میریش ده‌توانێت خۆی هه‌ڵبژێرێت، بۆ نمونه‌ میر ته‌حسین به‌گ له‌ ته‌مه‌نی 11 ساڵیه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌شێوازی هه‌ڵبژاردنی میردا ناكرێت و تائێستاش هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ دیارینه‌كراوه‌ تا بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت.

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه‌ قه‌زای شێخان (ده‌كه‌وێته‌ باكوری موسڵ و له‌روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌ولێره‌) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ).

لوقمان مه‌حمود، لێپرسراوی راگه‌یاندنی په‌رستگای لالش –پێگه‌ی ئایینی ئێزیدییه‌كان- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ كوڕانی میر ته‌حسین به‌گ و نه‌وه‌كانی میر مافی خۆ كاندیدكردنیان هه‌یه،‌ چونكه‌ ئه‌وانیش له‌ بنه‌ماڵه‌ی میرن و ده‌یانه‌وێت خۆیان هه‌ڵبژێرن، بنه‌ماڵه‌ی میر و جڤاتی روحانی ده‌ستیان به‌ كۆبونه‌وه‌ كردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی میرێكی نوێ”.

شێخان، 17-4-2018، مه‌راسیمه‌كانی جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌ی سور-ی ئێزیدی له‌ په‌رستگای لالش فۆتۆ: موهه‌نه‌د سنجاری

هه‌ڵبژاردنی میر

پێگه‌ی میر له‌ نێو ئێزیدییه‌كاندا، له‌ نێو هه‌مان بنه‌ماڵه‌دا بووه‌ و ده‌بێته‌ نوێنه‌ری ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ ئاستی جیهان، له‌ دوای ئه‌ویش باباشێخ، وه‌كو مه‌رجه‌عی دینی ئێزیدیی له‌ رووی ئایینه‌وه‌ كاره‌كان راییده‌كات.

سعود مستۆ، راوێژكاری جڤاتی روحانی ئێزیدییان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “قۆناغی یه‌كه‌م؛ بنه‌ماڵه‌ی میر كه‌سێك یاخود دوو یان سێ كه‌س هه‌ڵده‌بژێرن، دواتر جڤاتی روحانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی ئێزیدییان پێكه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر كه‌سێك ده‌ده‌ن، پێشتریش میر ته‌حسین به‌گ به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌”.

ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له‌ جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌ شێخ، شێخی وه‌زیره‌  و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

مستۆ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ “چه‌ندین ساڵه‌ به‌هۆی نه‌خۆشكه‌وتنی میر ته‌حسین به‌گ كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی میر حازم ته‌حسین وه‌كیلی میره‌ و كاروباره‌كانی ئێزیدییان به‌رێوه‌ده‌بات، دوای كۆچكردنی میریش حازم ته‌حسین كاروباره‌كانی ئێزیدییان به‌رێوه‌ده‌بات تا كه‌سێك ده‌بێته‌ میر”.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT