رێكخراوی وادی ئەڵمانی رایدەگەیەنێت كە لە ساڵی 2019دا هەشت خوێندنگەی تر لە هەرێمی كوردستان بڕیاری وازهێنانیانداوە لە توندوتیژیی و پەیوەندیان كردووە بە كەمپینی "نا بۆ توندوتیژی" لە خوێندنگەكان.
کەمپینى كەمپینی "نا بۆ توندوتیژی" لە خوێندنگەكان، لە ساڵی 2018ەو لەپێناو رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ خوێندن لە خوێندنگەكان دەستیپێكرد و تائێستا 13 خوێندنگە بەشدارییان كردووە و خاڵیبونەتەوە لە توندوتیژی.
بەپێی راگەیەنراوێكی رێكخراوی وادی ئەڵمانی، تەنیا لە ساڵی 2019دا "هەشت قوتابخانە بەشداریی کەمپینەکەیان كردووە و بە شێوەیەکى ئاشکرا بڕیاری وازهێنان لە توندوتیژیان راگەیاند، تاوەکو ببنە نمونەیەک بۆ قوتابخانەکانى دیکە لە رەخساندنى کەشێکى خوێندنى بێ توندوتیژیدا".
قوتابخانەکان لە هەریەک لە دهۆک، رانیە، گەرمیان و هەولێرن.
تیمەکانى وادى پێشتر بە بەردەوامی سەردانی ئەو قوتابخانانەیان کردووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ مامۆستاو خوێندكارەكان، ئەوەش دەربارەی گرفتی بەکارهێنانى توندوتیژى لە قوتابخانەکاندا، گفتوگۆكان تەنانەت لەگەڵ خێزانی خوێندكارەكانیشدا كراوە.
سەردانی تیمەكانی وادی، بۆ دڵنیابون بووە لە چۆنیەتى بەشداریکردنی خوێندنگەكان لە كەمپینەكە و چۆنیەتی رەخساندنی ژینگەیەكی ئارامتر بۆ خوێندكاران، هەروەها دروستکردنى پەیوەندییەکى تەندروست لە نێوان مامۆستا و خوێندکاراندا، بە جۆرێک کە یارمەتى خوێندکاران بدەن لەکاتى هەبونى هەر توندوتیژییەک کە لە دژیان بەکاردێت لە خوێندنگەکەدا.
"بەشێکى دیکەى کارەکەمان قسەکردن بووە لەگەڵ خوێندکاران دەربارەى ئەوەی کە ئایا تێگەشتنیان بۆ توندوتیژى چۆنە و بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارییان لەبارەی چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانى توندوتیژیى و زانینى مافەکانیان"، بەپێی راگەیەنراوەكەی وادی ئەڵمانی.
"دەزانم لێدان قەدەغەیە، بەڵام هاوڕێکەم هەمیشە لەلایەن دایکییەوە لێدەدرێت، ئایا دایک دەتوانێت لە منداڵەکەى بدات؟"، خوێندكاری یەكێك لە قوتابخانەكانی هەولێر وای بە تیمەكانی وادی وتووە.