مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رەتیدەكاتەوە هیچ جۆرە هاوبەشییەکىان لەگەڵ راکان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت هەبێت و جەختیشدەكاتەوە لەوەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەگەڕێنەوە بۆ ماددەی 140ی دەستور.
ئەو رونكردنەوەیەی یەكێتی دوای كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی راكان سەعید جبوری، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك هات، كە یەكشەممە 19ی ئایار تیایدا جەختیكردەوە "یەكێتی هاوبەشێكی سەركەوتون"، ئەوەش كاردانەوەی فراوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدواداهات.
لە راگەیەنراوەكەی یەكێتیدا هاتووە "هیچ جۆرە هاوبەشیەکمان لەگەڵ راکان سەعید و حکومەتى خۆجێیەتى پارێزگاى کرکوک نییە. بەڵام یەکێتى نوێنەرایەتى زۆرینەى خەڵکى پارێزگاى کەرکوک دەکات، ئاساییە لە پەیوەندیدابێت لەگەڵ حکومەتى خۆجێیەتى بۆ رایکردنى کاروبارى هاوڵاتیان و چارەسەرکردنى کێشەکانیان".
هیچ جۆرە هاوبەشیەکمان لەگەڵ راکان سەعید و حکومەتى خۆجێیەتى پارێزگاى کرکوک نییە
لەبارەی دۆخی گوندەكانی ناحیەی سەرگەڕان، لەوانەش گوندی پەڵكانە، كە راكان سەعید وتی "بەشێك لە دانیشتوانەكەی خەڵكی مەهابادی ئێرانن"، یەكێتی دەڵێت "بۆ ئەم بابەتە ئێمە وەکو یەکێتى سەرژمێرى ساڵی 1957 بە بنەما دەگرین و بزانین کێ خەڵکى رەسەنى ناوچەکەیە، ئەوەى ڕاکان جبورى بە خەڵکى ڕەسەنى ناوچەکەیان دەزانێت ئەمانە عەرەبى هاوردەن و ئەوەى شارەزاشبێت لە جوگرافیا دەزانێت سنورى نیشتەجێبونى عەشیرەتى شەمەر لە کوێیە".
شەمەر ئەو عەشیرەتەن كە چونەتە سەر ماڵە كوردەكانی گوندی پەڵكانە و داوای چۆڵكرنی دەكەن.
یەكێتی دەڵێت "بۆ چارەسەرى کێشەکان، دەستور و یاسا بە مەرجەعی یەکلاکەرەوە دەزانین بۆ ئەم پرسە و تەواوى پرسە چارەسەرنەکراوەکانى ناوچەكانی جێناکۆك ماددەى 140ى دەستور چوارچێوەى چارەسەرییەتى".
مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی هەروەها هێرشدەكاتە سەر ئەوانەی "هەڵمەتی بێ بنەما بۆ شێواندنی راستییەكان" دەكەن و رایدەگەیەنێت "ئێمە دەپرسین كێ لە پشتی ئەم شێواندنەیە: ئەوانەى لە هەولێر فرمێسکى تیمساحى بۆ کەرکوک هەڵدەڕێژن دەبێت باش بزانن دۆخى کەرکوک لە ئەنجامى ریفراندۆمە سەقەتەکەى ئەوان هاتەکایەوە".
كێ لە پشتی ئەم شێواندنەیە: ئەوانەى لە هەولێر فرمێسکى تیمساحى بۆ کەرکوک هەڵدەڕێژن
هەرچەندە بابەكر سدیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی یەكێتیی و وەكو نوێنەری كورد واژۆی رێككەوتنێكی كردووە بۆ مانەوەی راكان سەعید لە پۆستەكەی، بەڵام مەڵبەندی كەركوك دەڵێت "ئەوە دورە لە راستییەوە، ئەمەى کراوە جێگرى پارێزگار بۆ پێکهاتەى عەرەب بێت، کەواتە دیارە پارێزگاری کەرکوک مافى کام پێکهاتەیە".
لە رونكردنەوەیەكدا لەبارەی ئەو رێككەوتنەوە، بابەكر سدیق، شەوی 19ی ئایار جەختیكردەوە كە ئەو وەكو ئەندامی لیژنەی هاوسەنگی و نوێنەری لیستی برایەتی بەشدار بووە و دەڵێت "هێشتنەوەى پۆستى جێگری پارێزگار بۆ راکان سەعید لە پشکى عەرەبە، بەو واتایەى ناوبراو پێش ریفراندۆم و روداوەکانى 16ى ئوکتۆبەر جێگرى پارێزگار بووە و بە بڕیارى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک... دوای 16ی ئۆكتۆبەریش بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانى پێشوی عیراق بەوەكالەت كرا بە پارێزگار".
هەروەها زیاتر رونیدەكاتەوە "واتە راكان سەعید هەر جێگرى پارێزگارە و بە سپاردن دانراوە... لابردنیشی لە پۆستى جێگرى پارێزگار لە دەسەڵاتى ئەنجومەنى پارێزگادایە، ئەنجومەنیش بەم بارە نالەبارەى کۆنابێتەوە".