زۆرینەی لیستی برایەتی؛ رێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك رەتدەكەنەوە

كه‌ركوك/8ی كانونی دووه‌می 2019/ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

زۆرینەی ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە نێویاندا نۆ ئەندامی پارتی دیموكرات، رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگاكە رەتدەكەنەوە.

سێشەممە 21ی ئایار، 10 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی برایەتی نۆ ئەندامی پارتی و ئەندامێكی یەكگرتوی ئیسلامی، نوسراوێكیان ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد و تیایدا جەختدەكەنەوە، تەواوی رێككەوتنی نێوان پارێزگاری كەركوك و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن رەتدەكەنەوە.

لە 17ی نیسانی ئەمساڵ راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەگەڵ هەریەكە لە بابەكر سدیق (كاكەڕەش سدیق) بەناوی سەرۆكی كوتلەی كوردی، قاسم بەیاتی لە كوتلەی توركمانی و سەرۆكی كوتلەی عەرەبیش بەبێ ئەوەی ناوی بنوسرێت واژۆی كردووە، لەسەر نۆ خاڵ بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگاكە رێككەوتون و لە 21ی نیسان رێككەوتنەكە ئاراستەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق كراوە.

ئەو 10 ئەندامەی لیستی برایەتی لە نوسراوەكەیاندا دەڵێن "ئەو كەسەی ئیمزای لەسەر كردووە نوێنەرایەتی لیستی برایەتی ناكات و تەنیا نوێنەرایەتی خۆی دەكات، لەلایەن لیستی برایەتییەوە رانەسپێردراوە بۆ ئەو ئەركە".، زیاتر هاتووە "بۆیە ئێمە ئەو لێكتیگەیشتنەی لەو نوسراوەدا هاتووە بەهەموو شێوەیەك رتدەكەینەوە".

ئێمە ئەو لێكتیگەیشتنەی لەو نوسراوەدا هاتووە بەهەموو شێوەیەك رتدەكەینەوە

هەروەها لە نوسراوەكەدا هاتووە "هێشتا پارێزگای كەركوك لەژێر یاسای بریمەردایە و ناكرێت راوێژكار و یاریدەدەر بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2008 دابنرێن".

ئەو 10 ئەندامەی لیستی برایەتی، نۆیان ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستانن و لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە نەگەڕاونەتەوە كەركوك و لە هەولێر دەژین، رێبوار تاڵەبانیش سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكە بەوەكالەت بە هەمان شێوە هەر لە هەولێر دەژیت.

لە نوسراوەكەیاندا دەڵێن "بڕگەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان هەڵوەشێنراوەتەوە بەپێی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی لە 26ی ئازاری 2013دا".

جگە لەو 10 ئەندامەی لیستی برایەتی، ژمارەیەك ئەندامی تری هەمان لیست و كوتلەكانی تری عەرەب و توركمان ناڕەزایی خۆیان نیشاندا لەو رێككەوتنەو  رەتیانكردەوە.

خەلیل حەدیدى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەی عەرەبى، پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "رێکكەوتنەكە تەنیا لە نێوان چوار كەسدا كراوە، ئەوانیش پارێزگاری كەركوك و سێ ئەندامی ئەنجومەن كە خۆیان وەكو سەرۆك و نوێنەری نەتەوەكان نیشانداوە، هەموو ئەندامانی نەتەوەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو رێككەوتنە نین".

وتیشی "ئەو کەسانە نەکراون بە نوێنەرى ئێمە بۆ دانیشتن تا واژۆی رێككەوتن بكەن، ئێمە دەبێت چاوەڕێی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بکەین بۆ ئەوەى هەر کەسەو هێز و پێگەى خۆى بزانێت چەندە... ئەو دابەشكارییەی ئێستا شتێكی عەشوائییە، ئەمەی ئێستا خزمەت بە شارەکە ناگەیەنێت".

هەروەها نەجات حسێن، ئەندامی تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە ئاگادارى هیچ رێکكەوتنێک نین، هەریەک لە قاسم حەمزە و تەحسین کەهیە بەناوی نەتەوەی توركمانەوە ئەو رێككەوتنەیان كردووە، هەر رێككەوتنێك بكرێت دەبێت بە تەواوی نەتەوەكان و كوتلەكان بەشداربن".

وتیشی "ئەوان نوسیویانە كوتلەی توركمانی، بەڵام ئێستا توركمان بووە بە دوو كوتلەی جیاواز، قبوڵناكەین بەناوی هەموو توركمانەوە رێككەوتن بكرێت".

ئازاد جەبارى، ئەندامی یەكێتی لە لیستى برایەتى كەركوك، رەتیكردەوە ئەو ئاگاداری ئەو رێككەوتنە بێت و وتی "ماوەیەك بەر لە ئێستا لیژنەیەکى هاوبەش بۆ پێداچونەوە بە پۆستەکانی كەركوك پێكهێنرا، بەڵام من و ئەحمەد عەسکەرى لە لیستى برایەتى ئەو پێداچونەوەیەمان رەتكردەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە بابەكر سدیق لە هەمان حزب واژۆی لەەسر رێككەوتنەكە كردووە.

كورتەی رێككەوتنەكە

یەكەم/ مانەوەى راکان سەعید پارێزگارى کەرکوک لە پۆستەكەی

دووەم/ مانەوەى عەلى حەمادى، وەکو یاریدەدەرى پارێزگار بۆ کاروبارى هونەرى لە نەتەوەی عەرەب.

سێیەم/ مانەوەى راید جەمال نەشئەت وەکو یاریدەدەرى پارێزگار بۆ كاروباری کارگێڕیى (مەسیحى)

چوارەم/ پۆستى یاریدەدەرى پارێزگارى کەرکوک بۆ کاروبارى خزمەتگوزارى بدرێت بە خەبات ئەسعەد لە نەتەوەى کورد.

پێنجەم/ پۆستى یاریدەدەرى پارێزگارى کەرکوک بۆ کاروبارى وزە بدرێت بە یاڵچین مەهدى، لە نەتەوەى تورکمان.

شەشەم/ مانەوەى عیماد خەڵەف، وەکو راوێژکارى یاسایى و كاروباری رێکخراوەیی پارێزگار لە نەتەوەى عەرەب.

حەوتەم/ مانەوەى سەباح محەمەد وەکو راوێژکارى کارگێڕى پارێزگارى کەرکوک لە نەتەوەى تورکمان.

هەشتەم/ پۆستى راوێژکارى ئەمن و ئاسایش پارێزگارى کەرکوک بدرێت بە تەها  سەڵاحەدین لە نەتەوەى تورکمان.

نۆیەم/ پۆستى راوێژکاری هونەرى بۆ کاروبارى پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوە بدرێت بە محەمەد غەریب لە نەتەوەى کورد.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT