نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، رایدەگەیەنێت كە لە نزیكترین كاتدا دەگەڕێتەوە خاكی كوردستان و جەختیشدەكاتەوە كە ئەو ئێستا لە بەیروتە و ئازادە.
نەجمەدین كەریم، لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا تایبەت بۆ (كەركوك ناو)، وتی "من ئازادم و ئێستا لە بەیروتم، بە کارێکی تایبەتیی و هەروەها سیاسی هاتوم، لە نزیکترین کاتدا دەگەمەوە خاکی کوردستان".
نەجمەدین كەریم، لە شەممە 18ی ئایارەوە بە سەردانێك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە بەیروت و بەپێی تۆڕی راگەیاندنی عیراقی لەسەر سكاڵای دادگای فیدراڵی عیراق و لەسەر چەند دۆسیەیەكی "ئەمنی و گەندەڵی" و لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستگیركرا.
بەڵام، نەجمەدین كەریم، جگە لەوەی وتی "من ئازادم و لە بەیروتم"، هیچ زانیارییەكی تری نەدركاند.
من ئازادم و لە بەیروتم
نوسینگەی رۆژنامەوانی نەجمەدین كەریم، لە راگەیەنراوێكیدا شەوی 21ی ئایار، جەختیكردەوە "جارێکی تر چەند کەناڵێکی راگەیاندن، وەک پیشەی هەمیشەییان و دور لە پرنسیپ و ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی، هەواڵێکی چەواشەکارییان بڵاوکردۆتەوە، گوایە بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم لە کاتی گەشتکردنی بۆ وڵاتی لوبنان، لە فڕۆکەخانەی بەیروت دستگیرکراوە".
"سەرلەبەری ئەو هەواڵە دورە لە ڕاستیەوە و بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم، بۆ کاری ئاسایی و دیبلۆماتی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردوە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە کوردستان".
هەمان شەو، سەرچاوەیەكی نزیك لە نەجمەدین كەریم، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێنجشەممە دەگەڕێتەوە شاری هەولێر، چەند ئەندام و كادیری مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی ئەویان لە فڕۆكەخانەی بەیروت بینیوە و ویستویانە ئەو تۆمەتەی بۆ هەڵببەستن".
بەڵام زۆرینەی میدیا عیراقییەكان، لە دوو رۆژی رابردودا جەختیانكردۆتەوە كە ناوبراو لە بەیروت دەستگیركراوە و هێشتا ئازاد نییە.
هاوكات فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دەنگۆكانی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، "ئێمە هەرچی لەدەستمان دێت پارێزگاری لێدەکەین وەک تێکۆشەرێکی کورد و وەک ئەوەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ههروهها پارێزگاری کەرکوک بووە".
"ئەگەر ریفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تاوان بێت ئەوا ئێمە و هەموو کوردە بەشەرەفەکان تاوانبارین با بێن دادگایمان بکەن"، میرانی وایوت.
ئەگەر ریفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تاوان بێت ئەوا ئێمە و هەموو کوردە بەشەرەفەکان تاوانبارین
لەبارەی هەوڵەكان بۆ ئازادكردنی، وتی "لە دوێنێوە سهرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی ڕاستەوخۆ پاش بڵاوبونهوهی دهنگۆکه لەهەوڵی چڕدان و خۆیان لەسەر خەت-ن، بە کوردبونی (نەجمەدین) و هەڵوێستە کوردایەتیەکانی نەجمەدین ئێمە بە واجبی خۆمانی دەزانین ئەوەی پێمان بکرێت لەڕێگا یاساییەکان و کەناڵە دیبلۆماسیەکانی خۆمانەوە بەرگریمان لە کاک د.نەجمەدین کردووە و دەشیکەین".
بەڵام دەڵێت "ئەگەر د.نەجمەدین گیرابێت، هەرچەندە خۆی دوێنێ لێدوانیدا کە دەستگیرنەکراوە، سایتەکان بڵاوییان کردەوە ئێمە با وای حساب بکەین بەقسەی ئەوانە گیرابێت، بەڵام ئێمە هیچ هۆکارێک نابینین کە بگیرێت، بەڵام ئەوەی کە هەندێک لەسایتەکان دەڵێن لەسەر گەندەڵییە، ئەگەر لەسەر ئەوە بێت ئەوا بە بۆچونی من دەبێت هەموو حکومەتی عیراقی لەسەر گەندەڵی بگیرێت".