سەدا 90ی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی قەیسەریی كەركوك تەواوبووە و بڕیارە دوای جەژن جارێكی تر بكرێتەوە. دوكاندارەكان داوادەكەن بەبێ زیادكردنی ئاشكراو بەشێوەیەكی دادپەروەر بەسەریاندا دابەشكرێنەوە.
قەیسەریی كەركوك لە ناوەندی شار، كاتژمێر 11:25ی شهوی 26ی تشرینی دووهمی ساڵی رابردوو گڕیگرت و لانیكهم 220 دوكان بە تهواوی سوتان، هەر ئەوكات "لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییەکی رهجەب تەیب ئەردۆگان"، رێکخراوی تیکای تورکی ئەركی نۆژەنكردنەوەی گرتەئەستۆ، ئەوەش دوای سەردانێكی فاتح یهڵدز، باڵیۆزی توركیا هات بۆ كهركوك.
ئەندازیار عەبدولقادر جەراح، سەرپەرشتیارى هونەرى کۆمپانیاى تیکاى تورکى، بە (كەركوك ناو)ی وت "دواى ئەوەى بازارەکە گڕیگرت و سوتا، حکومەتى تورکیا نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکەى لە ئەستۆگرت... ماوەى شەش مانگە كاری نۆژەنكردنەوەی تێدا دەكرێت و لەسەدا 95ی كارەكانی تەواوبووە".
ئەوەش لەكاتێكدا لەیەكەم راگەیەنراویاندا تیكای توركی بەڵێنیدا تەنیا لەماوەی دوو مانگدا كارەكانی تەواوبكەن.
دوای جەژن دەكرێتەوە
كاری كاشیی و جوانكاریی، هەروەها كارەبای قەیسەرییەكە ماوە، بڕیارە تا دوو هەفتە دوای جەژنی قوربان ئەوانەش تەواوبن و رادەستی دوكاندارەكان بكرێنەوە، وەك عەبدولقادر وتی.
عەبدولقادر باسی كاری نۆژەنكردنەوەكەی كرد، "نوێترین دیزاینى تورکى تێدا بە کارهێنراوە، وەکو سیستمى ئینتەرنێت و سەتەلایت و ئاگرکوژێنەوە... هەروەها فێنکكەرەوەى مەرکەزیى بۆ دانراوە و لەهەموو روییەكەوە پێشكەوتووە".
نوێترین دیزاینى تورکى تێدا بە کارهێنراوە، وەکو سیستمى ئینتەرنێت و سەتەلایت و ئاگرکوژێنەوە
مێژوی قەیسەریی كهركوك بۆ 160 ساڵ لهمهوبهر دەگەرێتەوە و لهلایهن عوسمانییهكانهوه لهسهر روبهروی دوو ههزار مهتر چوارگۆشه بنیاتنراوه، ساڵی 1983 بۆیەكەمجار نۆژەنكراوهتهوه.
قەیسەرییەكە له 232 دوكان پێكدێت و حهوت دهرگای ههیه.
عەبدولقادر وتی "هەموو دەرگاكان و ژورەوەش بە کامێرا چاودێریى دەکرێت".
دوكاندارەكان داواكارییان هەیە
حەقی ئیسماعیل، لێپرسراوی کۆمەڵەى زێڕەنگرانى بازاڕى گەورە و نوێنەری دوكاندارانی قەیسەریی كەركوك، دەڵێت چەند داواكارییەكیان هەیە بۆ سەرپەرشتیارانی قەیسەرییەكە، لەوانە قەرەبوكردنەوەی سوتانی دوكانەكانیان، یان لە باج بیانبورن.
حەقی، وتی "داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کەرکوک كردووە، بۆ ماوەى دوو بۆ سێ ساڵ لە پارەى کرێ لێمانخۆش بێت، لەگەڵ پارەى ئاو و کارەبا".
لەگەڵئەوەشدا دوکاندارەكان ترسی ئەوەیان هەیە دوكانەكانیان پێنەدەنەوە و بیخەنە زیادكردنی ئاشكراوە.
حەقی وتی "ئەو هەڵوێستەى عەلى مەهدى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکمان لە بیرناچێت كاتێك لەپێش چاوی هەمووان بە باڵیۆزی تورکیای وت دەبێت دواى نۆژەنکردنەوە، دوکانەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێننەوە" ئەگەرنا ئەمجارە خۆم دەیسوتێنم".
بەپێی خەمڵاندنەكان سوتانی قەیسەریی كەركوك زیاندی سێ ملیار دیناری هەبوو هیچ دوكاندارێكیش قەرەبوو نەكرایەوە.
ئەیاد تارق، بەڕێوەبەری فەرمانگەى شوێنەواری كەركوك، دەڵێت لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە بڕیار بدەن كرێی دوكانەكان وەرنەگرن دوای نۆژەنكردنەوەی، وتی "بەڵام ئەگەر نوسراوێكمان ئاراستە بكەن ئێمەش رەوانەی وەزارەتی رۆشنیبری دەكەین".