هەندێك وەک شوێنێكی پیرۆزی ئایینی زیارەتی دەكەن، هەندێك بۆ نزاو پاڕانەوە، بەڵام كەم نین ئەوانەی دەیانەوێت ئیمام زەینلعابدین نەخۆشەكانیان چاكبكاتەوە و بە مرازیان بگەیەنێت؛ مەزاری زەینلعابدین لە قەزای داقوق وردە وردە خەریكە لە مەزارێكی ئایینیەوە بۆتە شوێنی دركاندنی راز و نیازی تکاکارانی ناوچەکە.
زەینلعابدین، بەپێی گێڕانەوەكان، كوڕی حسێن كوڕی عەلی كوڕی تالیب-ەو لەساڵی 38ی کۆچی لە مەدینە لە دایكبووە و 57 ساڵ ژیاوە، گۆڕەكەشی هەر لە مەدینەیە.
یەكێك لە مەزارەكانی زەینلعابدین، لە قەزای داقوقە و ساڵانە شیعەكان لە هەموو عیراقەوە سەردانی دەكەن، بەڵام ئێستا میوانانی مەزارەكە تەنیا وەك شوێنێكی ئایینی سەردانی ناكەن، بەڵكو رۆڵی چاككردنەوەی نەخۆش و گەیشتن بە خۆشەویستان و مراز لێی دەڕوانن. ئەمە وایكردووە تەنیا شوێنی سەردانی شوێنكەوتووانی مەزهەبی شیعە نەبێت، بەڵكو خەڵکی تریش سەردانی دەكەن.
"جاران هەر مەزارێكی ئایینی بوو، بەڵام ئێستا زۆربەی ئەوانەی سەردانی دەكەن راز و نیازی دڵی خۆیان لەوێ بەیان دەكەن، دەیانەوێن ئیمامی زەینلعابدین نەخۆشەكانیان چاكبكاتەوە و بە مرازیان بگەیەنێت"، حەسەن عەبدولڕەزاق دانیشتوی قەزای داقوق وایوت.
جاران هەر مەزارێكی ئایینی بوو، بەڵام ئێستا زۆربەی ئەوانەی سەردانی دەكەن راز و نیازی دڵی خۆیان لەوێ بەیان دەكەن
ئەو زیاتر وتی "وەک دانیشتووانی داقوق توشی هەر کێشەیەک ببین دێینە لای ئیمام زەینلعابدین، تەنانەت لە باكور و باشورەوە خەڵك دێن".
ئەمە بۆ حەسەن عەبدولڕەزاق شتێكی ئاساییە و خۆیشی باوەڕی پێی هەیە، بەڵام بۆ كارزان نوری یوسف (32 ساڵ) جێی رەخنەیە.
داقوق/ ئامادەكاریی بۆ مەراسیمی عاشورا لە مەزاری زەینلعابدین. ئابی 2022. ڤیدیۆ: محەمەد ئەڵماس
ئەو دووجار سەردانی مەزارەكەی كردووە، وتی "دەكرێت وەكو شوێنێكی مێژویی سەردانی بكەیت، بەڵام بۆ دوعاکردن نا، ئەی بۆ ئەو دوعایە لای خوا نەكەین، ئیمامێك چ دەسەڵاتێكی هەیە تا بتوانێت نەخۆشێك چاكبكاتەوە و كوڕێك بە خۆشەویستەكەی بگەیەنێت".
لەم مانگەدا (محەرەم)، پەیڕەوانى شیعە مەزهەب زیاتر روو لە مەزاری زەینلعابدین دەكەن و چاوەڕواندەكرێت قەرەباڵغییەكی زۆر بەهۆی مەراسیمەكانەوە دروستبێت.
مەزارەكە بەدوری كیلۆمەترێک دەکەوێتە خۆرهەڵاتی قەزای داقوقەوە، مێژووەكەی، بەپێی گێڕانەوەكان، بۆ 750 ساڵ لەمەوبەر و بۆ سەردەمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە.
سەید نەجمەدین ئیماملی، شارەزایی مێژویی و لێكۆڵەر كە توركمانی شیعە مەزهەبە لە داقوق، وتی "بەپێی گێڕانەوەكان ئەحمەد پاشای عوسمانی مەزارەكەی دروستكردووە، ئەوەش كاتێك هێزەكانیان بەرەو بەغدا دەڕۆن و شەوێك لەو ناوچەیە جێگیردەبن و خەڵكی ناوچەكە باسی ئەو شوێنە دەكەن گوایا شوێنی حەوانەوەی ئیمام زەینلعابدین بووە، ئەویش بەڵێنی داوە لەكاتی گەڕانەوەیدا مەزارگەیەكی بۆ دروستدەكات".
![zainl3abdinnn](/uploads/7/zainl3abdinnn.jpg)
لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بە بڕیاری جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی پێشوتری كۆماری عیراق، نۆژەنكراوەتەوە و لەئێستادا وەقفی شیعی سەرپەرشتی دەكات.
نەوزاد محەمەد کاکەیی، وتی "ئێستا مەزاری زەینلعابدین موڵكی هەموو پێكهاتەكانە و هەمووان سەردانی دەكەن، مەزهەبێك یان ئایینێك بۆی نییە قۆرخی بكات".
ئێستا مەزاری زەینلعابدین موڵكی هەموو پێكهاتەكانە و هەمووان سەردانی دەكەن
نەوزاد وتی "بەشێك لەوانەی سەردانی دەكەن راز و نیازی دڵیان خۆیان بۆ ئیمام زەینلعابدین دەگێڕنەوە"، ئەو وەك لە قسەكانیدا دیارە پێیوایە ئەوە گۆڕی زەینلعابدینە، لەكاتێكدا تەنیا مەزارێكە و وەك دەڵێن "شوێنی حەوانەوەی بووە".
بۆیە كارزان نوری وتی "چیرۆكەكان وەك خۆی بە خەڵك ناوترێن و خەڵك هۆشیارناكرێنەوە، زۆرێك لە خەڵك پێیوایە ئەوە گۆڕەكەیەتی، ئەگەر گۆڕەكەشی بێت دەبێت ئەوە بزانرێت دوعا و پاڕانەوە تەنیا لای خوایە نەك مەزارێكی ئایینی و گۆڕی شێخ و مەلا".
هەرچۆنێك بێت مەزارەكە چاوەڕوانی مەراسیمێكی فراوان دەكات كە لەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش فەوجێكی كردە تایبەتییەكانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری گوندەكە و مەزارەكە جێگیركران بۆ پاراستنی مەزارەكە و بەڕێوەچونی ئەم بۆنە پیرۆزە لای شوێنکەوتوانی مەزهەبی شیعە.