دانیشتوانی گوندە کاکەییەکانی دەشتی نەینەوا، رێگای سەرەکی گوندەکانیان بە ئاراستەی پارێزگای هەولێر داخست، دژی کۆنپانیاییەکی نەوتی، بەھۆی ئەوەی تەنکەر و بارھەڵگرەکانی ئەو کۆمپانیایە رێگاکەیان تێکداوە و ئامادەنین چاكیبكەنەوە.
خۆپیشاندانەكە نیوەڕۆی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 27ی ئەیلول لە هەردوو گوندی وەردەك وزەنگل دەستیپێكرد كە دانیشتوانەكەی كاكەیین.
لە چەند گرتە ڤیدیۆ و لێدوانێكدا خۆپیشاندەران تایبەت بۆ (كەركوك ناو)یان ناردووە، تیایدا جەختدەكەنەوە لەوەی كۆمپانیای ئەورێكس-ی تایبەت بە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت رێگای نێوان گوندەكانی بە ئاراستەی پارێزگای هەولێر تێكداوە و چاڵ و چۆڵی زۆر دروستبووە.
هاوڵاتییەك لە یەكێك لە گرتە ڤیدۆییەكاندا دەڵێت "داوا دەکەین کۆمپانیاکە نۆ کیلۆمەتری رێگاکەیان بۆ قیرتاو بکات، تاوەکو چاڵی رێگاکە نەمێنێت".
كۆمپانیاكە هەر لەسەر زەوییوزاری گوندنشینان كاردەكات و پێشتر بەڵێنی قیرتاوكردنی رێگاكەی بە گوندنشینان داوە، وەك خەڵكی گوندەكان بە (كەركوك ناو)یان وت، بەڵام بەڵێنەكەیان جێبەجێنەكردووە.
لەگەڵئەوەشدا دوكەڵ و بۆنی كاتی كاركردنی كۆمپانیاكە گوندنشینانی بێزار كردووە.
یەكێك لە دانیشتوانی گوندەكە لەڕێی تەلەفونەوە وتی "ئەگەر بەڵێنی تەواومان پێنەدەن بۆ قیرتاوكردنی رێگاكە ئەوا خێمە هەڵدەدەین و رێگاكە ناكەینەوە".
لانیكەم 500 خۆپیشاندەر رێگاكەیان گرتووە و هێزێكی زۆری ئەمنیش لە ناوچەكە بڵاوەیان پێكراوە.