نه‌سار حامد چه‌ندین مانگه نه‌یتوانیووه به دڵی خۆی پشوو بدات، تا زستان بوو رێگری له لافاو ده‌كرد و له هاویندا ترسی هه‌بوو ئاگر زه‌وییه چێنراوه‌كانی به گه‌نم بكاته خۆڵه‌مێش، زیاتر له 50 رۆژیشه له سه‌ره‌دایه تا حكومه‌ت به‌رهه‌مه‌كه‌ی لێوه‌ربگرێت.
"50 رۆژه من له شه‌قامه‌كاندا نان ده‌خۆم و ده‌نوم، له‌وكاته‌وه خێزانه‌كه‌م نه‌بینیووه، چونكه له‌به‌رده‌م ده‌رگای سایلۆی مه‌خموردا وه‌ستاوین و چاوه‌ڕێین به‌رهه‌می گه‌نمه‌كه‌مان لێ وه‌ربگرن" نه‌سار بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
نه‌سار و سه‌دان جوتیاری تری سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا، له سه‌ره‌تای ئابی ئه‌مساڵه‌وه، له به‌رده‌م سایلۆكاندا و به ریزێكی دوردرێژ، به بارهه‌ڵگرێكی پڕ له گه‌نم و جۆوه وه‌ستاون، تا حكومه‌ت به‌رهه‌می ئه‌مساڵیان بكڕێته‌وه.
ئه‌و جوتیاره وتی "ده‌ترسم شوێنه‌كه‌م به جێبهێڵم و له ریزهكهمدا ده‌ربچم، نازانم به‌رهه‌مه‌كه‌مان بۆ كوێ ببه‌ین، له‌وه‌ش ده‌ترسم چاوهڕوانییهكهمان به‌بێ هیچ سودێك بێت".
به‌رهه‌می گه‌نم و جۆی ئه‌مساڵی نه‌ینه‌وا، به چه‌ندین كێشه‌دا تێپه‌ڕی، له وه‌رزی بارانباریندا لافاوی زۆر زیانی پێگه‌یاند و له مانگه‌كانی رابردوشدا، ده‌یان حاڵی ئاگركه‌وتنه‌وه رویدا و هه‌زاران دۆنم سوتان، كه به‌شێكیان به‌پێی به‌دواداچونی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان "به ئه‌نقه‌ست بون و به‌شێكی دیكه‌شیان له‌لایه‌ن پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعشه‌وه سوتێنران".
![تلعفر](/uploads/17/tinymce/tlaafr.jpg)
ئه‌حمه‌د مه‌دلول، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پشكی نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌زار و 642 بارهه‌ڵگری پڕ له گه‌نم له 2ی ئابه‌وه تائێستا له‌به‌رده‌م سایلۆكانی پارێزگاكه به دیاریكراوی سایلۆی ته‌له‌عفه‌ر، وائلیه، مه‌خمور و بازوایا له ریزیدا وه‌ستاون".
ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی له چاوه‌ڕوانی راده‌ستكردنی بهرههمهكانیاندان، به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره؛ نزیكه‌ی 65 هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌میان هه‌ڵگرتووه.
به‌بڕوای مه‌دلول، لایه‌نه ئه‌منی و سیاسییه‌كان هۆكار و دروستكه‌ری به‌ربه‌ستن له به‌رده‌م وه‌رگرتنی به‌رهه‌می جوتیاراندا، له پێناو ئه‌جێندانی تایبه‌تی خۆیاندا، بۆیه داوای له سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق كرد به‌په‌له ده‌ستێوه‌ردان بكات و هه‌وڵبدات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه، به‌رله‌وه‌ی به‌رهه‌می جوتیاره‌كان خراپ ببن.
نه‌ینه‌وا روبه‌رێكی به‌رفراوانی له زه‌وی كشتوكاڵی هه‌یه و له ساڵانی رابردووی سه‌رده‌می حوكمڕانی داعش زۆرێك له جوتیاران نه‌یانتوانی سود له زه‌وییه‌كانیان وه‌ربگرن و به‌رهه‌میان هه‌بێت.
عابد غانم، جوتیارێكی خه‌ڵكی موسڵه و به‌رهه‌مه‌كه‌ی چه‌ندین هه‌فته‌یه له بارههڵگردایه له‌به‌رده‌م سایلۆی مه‌خمور، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌نانه‌ت ئه‌و خواردنه‌شی پێمان بوو ته‌واو بوو، ئێستا سوپا خواردنمان بۆ ده‌هێنێت له چاكه و خێری خۆیان".
دوای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی دوو مانگ به‌سه‌ر چاوه‌ڕوانیدا، هێشتا هیچ لێپرسراوێكی حكومی و ئه‌منی سه‌ردانی جوتیارهكانیان نه‌كردووه، تا هۆكاری وه‌رنه‌گرتنی به‌رهه‌مه‌كانیان پێبڵێن؛ "ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می نیشتمانی به كه‌ڵك نایات و وه‌ریناگرن ئیتر بۆچی داوای چاندن له جوتیاران ده‌كه‌ن" غانم وای وت.
نه‌ینه‌وا پله‌ی یه‌كه‌می له نێو پارێزگاكانی تری عیراقدا هه‌یه له قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ، سه‌رباری لافاو و ئاگر و روداوه سروشتییه‌كانی تر، كه زیانی به روبه‌رێكی به‌رفراوانی له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان گه‌یاند.
![بازوايا](/uploads/17/tinymce/bazoaya.jpg)
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵی نه‌ینه‌وا، هاوشێوه‌ی جوتیارانی سنوره‌كه، هۆكاری وه‌رنه‌گرتنی به‌رهه‌مه‌كه نازانێت.
درید حیكمه‌ت توبیا، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی نه‌ینه‌وا بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد، هێشتا هه‌زار و 200 بارهه‌ڵگری گه‌نم و جۆ له چاوه‌ڕوانی راده‌ستكردنی بهرههمهكانیاندان له به‌رده‌م سایلۆكاندا.
توبیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له پێشه‌نگی كاره‌كاندا وه‌رگرتنی به‌رهه‌می ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌یه كه تۆماركراون لای به‌شی ئیداری سایلۆكان و ماوه‌یه‌كی زۆره له سه‌ره‌دا وه‌ستاون.
له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق، لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكهێنراوه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی نه‌ینه‌واش راسپێردراون، بۆ به‌دواداچون له سایلۆكان و توانای وه‌رگرتنی به‌رهه‌م و هۆكاری دواكه‌وتن له وه‌رگرتنی به‌رهه‌می جوتیاراندا.
عه‌بدولوه‌هاب ئیبراهیم ئلیاس، به‌رێوه‌به‌ری لقی نه‌ینه‌وای بارزگانی دانه‌وێڵه ده‌ڵێت لیژنه حكومییه‌كه به هه‌ژماركردنی بارهه‌ڵگره‌كانی به‌رده‌م سایلۆكانی مه‌خمور، ته‌له‌عفه‌ر، وائلیه و بازوایا ده‌ستی به كاره‌كانی كردووه.
"وه‌زیری بازرگانی داوایكرد به زویی ئه‌و بڕه دانه‌وێڵه‌یه‌ی ماوه وه‌ربگیرێن له جوتیاران، چونكه هه‌موو سایلۆكان توانای وه‌رگرتنی به‌رهه‌می دیكه‌یان هه‌یه و هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و قه‌یرانه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ئلیاس.