فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌كانی سوات له كه‌ركوك، سزادانی به سیاسی ناوده‌بات و هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه‌كانیش ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی دادگا بڕیاری له سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پاند.
دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به غیابی بڕیاری له سێداره‌دانی به‌سه‌ر نه‌قیب لوئه‌ی محه‌مه‌د، فه‌رمانده‌ی پێشوی هێزی سوات و چوار كه‌سی تردا سه‌پاند، بەتۆمەتی كوشتن و ڕفاندن و وه‌رگرتنی سەرانه له خه‌ڵك.
نەقیب لوئەی محەمەد ڕەزا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بابەتەكە سیاسییه، رون و ئاشكرا دیاره بۆ ئه‌وه‌یه من نەگەڕێمەوە بۆ كه‌ركوك".
به‌وته‌ی ناوبراو دۆسیه‌كه له‌سه‌ر هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌بی شیعه‌مه‌زهه‌ب بووه له‌سه‌ر كه‌سێك به تۆمه‌تی رفاندنی، كه رفێنه‌ره‌كه دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراوه، به‌ڵام دواتر به جۆرێكی تر دۆسیه‌كه به‌كارهێنراوه.
"كه‌سانێك ئه‌و دۆسیه‌یه‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان قۆسته‌وه، ته‌نانه‌ت سكاڵاكاره‌كه چۆته لای دادوه‌ر و وتیه‌تی نه‌قیب لوئه‌ی بۆچی كراوه‌ته‌وه دۆسیه‌كه‌وه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و دۆسیه‌یه‌وه نییه".
نه‌قیب لوئه‌ی ده‌ڵێت به ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ سكاڵاكارهكهدا كردووه و "ئه‌و وتی جێی سه‌رسوڕمانه كه‌سی تاوانبار ده‌ستگیركراوه و زیندانییه ئیتر چ په‌یوه‌ندییه‌كی به تۆوه هه‌یه ئه‌و دۆسیه‌یه".

كه‌ركوك، 2018، خۆپیشاندانی كه‌سوكاری نه‌قیب لوئه‌ی دژی تۆمه‌تباركردنی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو
فه‌رمانده‌ی پێشوی هێزه‌كانی سوات جه‌ختیكرده‌وه له ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی سەرجەم بەڵگە و دیكۆمێنتەكانیهتی پەیوەستە بەو بابەتە و ئه‌وانه‌ی دۆسیه‌كه‌یان به‌وشێوه‌یه جوڵاندوە لە بەرژەوەندی خۆیاندا، "لە كورتە ڤیدیۆیەكدا هه‌مووی بڵاودەكەمەوە بۆ رایگشتی".
نه‌قیب لوئه‌ی كه له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌و پۆسته ئه‌منییه‌دا بوو، له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سێكی تردا، له نیسانی 2018 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراقه‌وه فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچوو به تۆمه‌تی تێوه‌گلانی له چه‌ند روداوێكدا، به‌هۆیه‌وه كه‌ركوكیان به‌جێهێشت.
"له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له كه‌ركوك نیه، به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردو بڕیارمدا بچمه به‌رده‌م دادوه‌ر تا به‌ڵگه‌كان ئاشكرابكه‌م، دواتر ئاگاداركرامه‌وه دوو كه‌س ئاماده‌كران و له دادگا سكاڵایان كردووه گوایه من هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن كردووه، واته دۆسیه‌یه‌كی پوخت ئاماده‌كرابوو بۆیه بڕیارمدا نه‌چمه دادگا" نه‌قیب لوئه‌ی واده‌ڵێت.
پێشتر و له نیسانی 2018دا، كه‌سوكاری فه‌رمانده‌ی پێشوی هێزه‌كانی سوات له كه‌ركوك، له گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا تۆمه‌ته‌كانیان ره‌تكرده‌وه و داوایانكرد رێگه‌بدرێت ناوبراو بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی.
مه‌عن سه‌عدی، فه‌رمانده‌ی ئه‌وكاتی دژه‌تیرۆری عیراق له كه‌ركوك و سه‌پاندنی یاسا له راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌سه‌ر دۆسیه‌كه ئاماژه‌ی به ده‌ستگیركردنی سێ كه‌س كرد "به تۆمه‌تی دزی له ماڵان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌یان پارچه چه‌ك له نزیك قه‌ڵا".
دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه كه‌وته ده‌ستی دژه‌تیرۆری عیراق، به هه‌ماهه‌نگی پۆلیس.
راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت له 2018دا و ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كه‌ی نه‌قیب لوئه‌ی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داوای له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق كرد لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن له‌باره‌ی دۆسیه‌كه‌وه تا به‌پێی یاسا مامه‌ڵه بكرێت.