30 ملیار دینار بۆ بەروبومی ئەمساڵی جوتیارانی كەركوك تەرخانكراوە

كەركوك/ 12ی ئایاری 2021/ دەستپێكردنی دروێنەی گەنم لە قەزای داقوق. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

كەركوك ناو

وەزارەتی بارزگانی عیراق، بڕیاریدا بە تەرخانكردنی بڕی 30 ملیار دینار بۆ شایستەی بەروبومی ئەمساڵی جوتیارانی كەركوك، ئەوەش لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی دروێنە و بە بازاڕكردنی دانەوێڵەی جوتیاران.

ئەو بڕیارە هەینی 10ی ئایار دەرچوو، دوابەدوای سەردانی وەفدێكی باڵای حكومەتی عیراق بۆ كەركوك و كردنەوەی دەرگای سایلۆكان بۆ وەرگرتنی بەروبومی ئەمساڵی جوتیارانی پارێزگاكە.

حەیدەر كرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە كە دەرگای وەرگرتنی دانەوێڵەی جوتیارانیان لە پارێزگای كەركوك كردۆتەوە، بەشێوەیەك 24 كاتژمێر بەرهەمی جوتیاران وەردەگیرێت، بۆ ئەو مەبەستە "سێ لیژنەمان لە پارێزگاكە دەستبەكاردەبن كە دووانیان لە قەزای حەویجەدا دەبن".

لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی پێدەچێت بەرهەمی ئەمساڵی جوتیارانی كەركوك باش بێت.

وەزارەتی بارزگانی عیراق پێشبینی دەكات ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە عیراق بگاتە حەوت ملیۆن تەن، ئەمەش وەك حەیدەر كرعاوی دەڵێت "دەگاتە رادەی بەدەستهێنانی خۆبژێوی". چونكە وتی كە هێشتا كۆمپانیاكەیان بڕی یەك ملیۆن و 700 هەزار تەن گەنمی ساڵی رابردوی ماوە و بەشی چوار مانگی داهاتوی پێداویستی عیراق دەكات.

جەختیشیكردەوە كە حكومەت بڕی 30 ملیار دیناری بۆ شایستەی جوتیاران لە کەرکوک تەرخانکراوە، "پارەکە لەگەڵ گەیاندی بەروبومەكە دەستبەجێ دەگەیەنرێتە دەستی جوتیاران".

وەزارەتی بازرگانی عیراق پێشبینی دەكات بەرهەمی ئەمساڵ گەنمی جوتیارانی کەرکوک بگاتە 650 هەزار تەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT