(كەركوك ناو) چیرۆكەكەی بڵاوكردەوە
نور، كچە نابیناكەی موسڵ: هەلیكار و دەرفەتی خوێندنی ماستەرم بۆ رەخسا

نەینەوا/ حوزەیرانی 2024/ وێنەی دەرچوونی نور لە زانكۆ دوای تەواوكردنی بەشی راگەیاندن لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی موسڵ فۆتۆ: ئەحمەد بله

ئەحمەد بلە – نەینەوا

نور حامد، ئەو كچە نابینایەی توانی بە پلەی یەكەم زانكۆ تەواو بكات، هەلیكار و هاوكاری بۆ تەواوكردنی خوێندنی ماستەری بۆ دەڕەخسێت، دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی دەرچوونی لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە.

نور حامد ئیبراهیم، هەفتەی رابردوو بە پلەی نایاب زانكۆی موسڵی تەواو كرد و بوو بە یەكەمی بەشی راگەیاندن لە كۆلێژی ئاداب.

"دوای بڵاوبونەوەی چیرۆكی دەرچونم بە پلەی یەكەم لە (كەركوك ناو) لە چەند رۆژی رابردوودا، چیرۆكەكەم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بوو بە ترێند، پەیجەكانی دیكەش چیرۆكەكەی منیان بڵاوكردەوە كە چۆن بە ئاستی یەكەم زانكۆم تەواو كردووە" بەوتەی نور بۆ (كەركوك ناو).

هەروەها وتی لە ئەنجامی ئەو دەنگدانەوەیەی دەربارەی چیرۆكەكەی دروستبووە، زانكۆی نور لە موسڵ پەیوەندییان پێوەكردووە و هەلیكاریان لە زانكۆكە بۆ رەخساندووە، "هەمان زانكۆ هەموو هاوكاری و پێداویستییەكانی منیان گرتەئەستۆ بۆ خوێندنی ماستەر لە هەر زانكۆیەكی عیراقی كە بمەوێت".

لە منداڵییەوە نەخۆشییەكی چاو، بینایی نور دەشێوێنیت و چارەسەری یەكجاریی لەڕێی نەشتەرگەرییەوە بوو، كە تەمەنی گونجاوی كاتی ئەو نەشتەرگەرییەش كەوتە كاتی شەڕی داعش و نەیتوانی لە موسڵ بچێتە دەرەوە، بۆیە بە یەكجاری بینایی لەدەستدا.

دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، نور بەشوێن بەدیهێنانی خەونەكەیدا دەچێت و دەبێتە پێشكەشكاری بەرنامەیەكی رادیۆیی، پاش ماوەیەك لە بەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئادابی زانكۆی موسڵ وەردەگیرێت.

سەرباری ئاستەنگیی و سەختییەكانی بەردەمی، نور كۆڵ نادات و رێگەنادات نابینایی ببێتە بەربەست، تا بە ئیردەیەكی بەهێزەوە زانكۆ تەواو دەكات، ئەوەش بە ئاستی یەكەم لەسەر ئاستی بەشی راگەیاندن، "لە هەموو وانەكاندا پلەی نایاب-ـم وەرگرتووە و یەكەمی بەشی راگەیاندن بوم".

نور رۆژانە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەهێنێـت، لەڕێی سیستەمی دەنگی (Voice Over)ـەوە پەیوەندی لەگەڵ بەشداربوانی دیكەدا دەبەستێت، كە لە مۆبایلدا بۆ كەسانی نابینا دانراوە و نوسین دەكات بەدەنگ.

پێشتریش (كەركوك ناو) چیرۆكی سەركەوتنی و وردەكارییەكانی ژیانی نور-ـی بڵاوكردۆتەوە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT