داشکاندن پـاداشتی كۆكردنەوەی پاشماوەیە
(سولی-سایکڵ)؛ دەستپێشخەری کچانە بە ڕووی داگیرکاریی پلاستیکدا

سلێمانی/ پڕوشە ئاوات، خاوەنی پڕۆژەی (سولی-سایکڵ) فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

سەلام عومەر

تازە دەرچووی زانکۆیە، بێکاری و بێئەزمونی وەک شاخی سەهۆڵین لەبەردەمیدا قوتبونەتەوە. پڕوشە ئاوات بە کەمێک گەڕان و بەدواداچوون هەلی دەستپێکردنی پرۆژەیەکی ژینگەیی بۆ دەڕەخسێت، کە ئاڕاستەی بێکاریی دوای زانکۆ و ژیانی پیشەیی بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت.

پڕوشە کارسازە و خاوەنی پرۆژەی (سولی-سایکڵ)ە، کە ئامێری گۆڕینی پلاستیکە بۆ پارە، پلاستیک کۆدەکاتەوە و لەبەرامبەردا پاداشت بە بەکارهێنەر دەدات. پاداشتەکانیش داشکاندنن لە چەندین شوێنی سلێمانی و دەرەوەی شارەکە.

پڕوشە دەڵێت، "ئەم بیرۆکەیەم بەخەیاڵدا هات کە زۆرجار وەک خەون وابوو. کاتێک کەسوکارم لە دەرەوە دەهاتنەوە، دەیانوت ئەو دەبانە بۆ فڕێدەدەن و لای ئێمە ئامێر هەیە دەیکەینە ناو ئەو ئامێرانەوە. بەردەوام ئەو چیرۆکانەم زۆر دەبیست." تەمەنی پرۆژەکە کەمێک لە دوو ساڵ زیاترە و چوار کارمەند بەردەوام کاری تیادا دەکەن. ناوی پڕۆژەکە (سولی-سایکڵ) (SULICYCLE) لە کورتکراوەی ناوی سلێمانی (SULI) و ووشەی (CYCLE) ئینگلیزی پێکهاتووە.

شارەکە خۆی بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە، بەڵام رۆشنبیری مامەڵەکردن لەگەڵ خۆڵ و خاشاک و چارەسەرکردنی لە سەرەتادایە. سلێمانی لە رۆژانی ئاساییدا  (1000) تۆن و لە بۆنەکاندا (1200) تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە کە (٪60) زیاتر خۆراکە. زەردەشت ڕەفیق، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ووتی، سێ کۆمپانیا ئەو خۆڵ و خاشاکە کۆدەکەنەوە؛ ئەوەی ریسایکڵ بکرێتەوە دەیکەن و ئەوەی دەمێنێتەوە رەوانەی ناوچەی تانجەرۆی باشوری سلێمانی دەکرێت.

سلێمانی لە رۆژانی ئاساییدا  (1000) تۆن و لە بۆنەکاندا (1200) تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە

چەند مانگێکە ژینگە بۆتە بابەتی گفتوگۆ و رووبەڕووبونەوەی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و لێپرسراوان. لە ووتارێکدا بۆ رۆژنامەی نیمچە فەرمی "ئەلسەباح"ی عیراقی لە ڕۆژی (2024/06/05)، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "بەبێ دوودڵی دەڵێم مەترسی تێکچوونی ژینگە چەندین قات لە مەترسی تیرۆر گەورەترە."

ووتارەکەی قوباد تاڵەبانی دوای ناڕەزایی هاوڵاتیان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چەندین توێژی تری کۆمەڵگە دێت لە دژی تێکدانی سروشتی چیای گۆیژەی باکوری شارەکە لەڕێی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە.

هەرچەندە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ئەو موناقشە گەورەیەی لەناو سلێمانی لەسەر پرسی ژینگە دروستبووە هەستی شانازی و گەشبینی تیادا ورووژاندووە، بەڵام هەفتەیەک دوای ئەوە هێزە ئەمنیەکانی حزبەکەی هێرش دەکەنە سەر گردبونەوەیەکی تیمی هەڵمەتی "گۆیژە بپارێزە"، کە دەیانەوێت ئەو پڕۆژەیە رابگیرێت کە تاڵەبانی لە ووتارەکەیدا باسی دەکات، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ئەو تیمە.

تەحەدی ژینگە سەرتاپای ووڵاتی گرتۆتەوە؛ بەگوێرەی دوايين ئامار كە دەزگای ناوەندی ئاماری عیراق بڵاویكردۆتەوە، هەر عیراقییەک لە ڕۆژێکدا لە ساڵی (2022)دا زیاتر لە (2.5)کیلۆگرام خۆڵ و خاشاکی هەبووە، بەمەش ڕێژەی خۆڵ و خاشاکی ڕۆژانە (11.9) ملیۆن تۆن بووە لە ساڵێکدا، کە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا.

بەشێکی زۆری پلاستیکی عیراق دەسوتێنرێت و پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان پیسبوونی هەوا و پیسبوون بە پلاستیکدا هەیە. بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە، هەوای عیراق یەکێکە لە "هەرە پیسترینی" ووڵاتانی جیهان.

map
بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) هەوای عیراق یەکێکە لە "هەرە پیسترینی" ووڵاتانی جیهان

لە (سولی-سایکڵ)دا، پلاستیکەکە تێکەڵی پاشماوەی تر نابێت. بەووتەی پڕوشە، پڕۆژەکە بەتەواوی دۆستی ژینگەیە، تەنانەت ئەو تکتی داشکاندنەی بەکارهێنەرەکە وەریدەگرێت، جارێکی تر ریسایکڵ دەکرێتەوە، "هیچ پاشەڕۆیەکی نییە".

 ژیریی خۆماڵی

دوای تەواوکردنی بەشی سیاسەتی کۆلێژی زانستە رامیارییەکانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 2022ـدا، بەدوای کاردا دەگەڕێت، هەر هەلێک دێتەپێشەوە، یان بەدڵی نەبووە یان داوا ئەزمونی کارکردنی لێکردووە.

پڕوشە لە بگرە و بەردەیەکی بەردەوامدا بووە لە نێوان بێکاریی و نەبوونی ئەزموونی کارکردندا. چیرۆکی (سولی-سایکڵ) لەو ساتەوە دەستپێدەکات، کاتێک بانگەوازێک بۆ کامپێکی داهێنان بۆ (بیرۆکە بۆ داهێنان) لە ماڵی داهێنانی سولی لەسلێمانی لە سۆشیال میدیایدا دەبینێت. 

پڕوشە تەمەن، (24) ساڵ، دەڵێت، "دروستکردنی نمونەی بەرایی دوو مانگێکی پێچوو، زۆر سادە بوو. ئەیلولی 2022 بەرهەمەکان نمایشکران و یەکەم بوین، بەو پارەیەی وەرمانگرت یەکەم نمونەمان دروستکرد،" ئامێرەکە کەمتر لە ملیۆنێک دیناری عیراقی تێچووە".

یوسف ئەمیر کە کارمەندی هونەریی هاردوێرە لە دروستکردنی هەموو پارچەکانی ئامێرەکەدا بەشداربووە کە لە ناوخۆدا دروستکراون. یوسف دەڵێت، "گرنگترین کاری ریسایكڵینە و ژینگە پیس ناکات."

هێمن عوسمان، (23) ساڵ، خاوەنی پڕۆژەی هێمن ریسایکڵین، بە تیمێکی سێ کارمەندییەوە، لە چەندین شوێن پلاستیک کۆدەکاتەوە، بە بوتڵی سێ لە ئامێرەکانی (سولی-سایکڵ)یشەوە. مانگانە نزیکی (80) کیلۆگرام لەو ئامێرانە کۆدەکەنەوە، بە گشتی، مانگانە هێمن نزیکەی (320) کیلۆگرام پلاستیک کۆدەکاتەوە.

سەبارەت بە سوودی (سولی-سایکڵ)، هێمن کە ئەندازیاریی کارەبای خوێندوە و خۆشی بە کەرتی وەبەرهێنان دێت، ووتی،"سەیرکە، ئەو ئامێرانە ئەوەیان باشە، کاتێک خەڵک ئەیبینێت بۆ مەبەستێکی ئاوایە، مەوادەکانی بە پاکی تێدەکات." پاشماوەی شوێنەکانی تر تێكەڵ بە پیسی تر دەبن.

ئەو ئامێرانە ئەوەیان باشە، کاتێک خەڵک ئەیبینێت بۆ مەبەستێکی ئاوایە، مەوادەکانی بە پاکی تێدەکات

دواتر (سولی-سایکڵ) بازێکی تر دەدات، نمونەی یەکەم بەشداری پرۆگرامێکی تری پێدەکرێت بەناوی "تێک فێرست" لە سلێمانی، جارێکی تر نمونەکە یەکەم بووە. لەوەوە زیاتر خەڵک بە (سولی-سایکڵ) ئاشنابوون.  بە ووتەی پڕوشە، "ئیتر دوای ئەوە داواکاریی دروستکردنی ئامێرەکەمان بۆ دێت."

بە ووتەی ئەمیر ئامێرەکە زوو زوو پێویستی بە چاککردنەوە نییە و"ئەگەر داواکاری هەبێت، ژمارەی زۆر لە ئامێرەکە بەرهەمدەهێنین، بەڵام پێویستمان بە کات و کارمەندی زیاترە."

ئەرکان خالید عەبدوڵا، بەرێوەبەری کارگەی پۆڵیستەری ئەرکان ئەو کارگەیەی هێمن پلاستیکەکەی بۆ دەگوازێتەوە، دەڵێت هەرچەندێکی بۆ رەوانەبکرێت، وەریدەگرێت.

کارگەکەی ئەرکان، لە تانجەرۆیە و هەشت کارمەندی هەیە، پلاستیکەکە دوبارە بەرهەمدەهێننەوە و ماددەی  پۆڵیستەری لێبەرهەمدەهێنن کە بۆ دروستکردنی دۆشەک و سەرین وبەتانی بەکاردێت.

کارگەکە تەنیا ئەو جۆرە پلاستیکە وەردەگرێت  کورتکراوەی "پێت"  (PET)ی ئینگلیزی لەسەر نوسراوە و لە بتڵی ئاو، شامپۆ، زاهی و رۆنیشدا هەیە. "پێت"  (PET)کورتراوەی زاراوەی (Polyethylene Terephthalate) کە ناوی کیمیایی مادەی پۆڵیستەرە. "پێت" ماددەیەکی پلاستیکی روون، بەهێز و سوکە و بۆ لە قتونانی خواردن و خواردنەوە بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی خواردنەوەی گازی، شەربەت و ئاو.

پرۆژەکەی پڕوشە شەش ئامێری هەیە، یەکێک لە ئامێرەکان لە ناو کارگەی کلتور دانراوە و ئۆفیسی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێنج ئامێری ئاوهای کڕیووە.

"ئەوەی خەڵک تکتەکان وەردەگرن و دوایی پێمدەڵێنەوە بەکاریانهێناوە زۆر خۆشە. بەتایبەتی منداڵان لە ماڵەوە، خوشک و برا شەڕیانە لەسەر ئەوەی هەر کەسە و پلاستیک بەجیا بۆخۆی کۆبکاتەوە تا هەر کەسە و بەجیا (تکتی) داشکاندنی خۆی وەربگرێت،" پڕوشە بە جۆرێک لە شانازیکردنەوە وای ووت.

prozha
سلێمانی/ ژمارەیەك منداڵ بوتڵی پلاستیك دەكەنە ناو ئامێرەكەوە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

 مۆدێلی دووەمی ئامێرەکە بەڕێوەیە

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە دەستپێکردنی پڕۆژەکە، پڕوشە چەندین هەنگاوی بڕیووە. خەڵک ئامێرەکان بە کاردێنن، داوکاریی دروستکردنی ئامێری نوێ لەبەردەستدایە و کارکردن لە نمونەی دووەمی پێشکەوتووتری ئامێرەکەدا بەردەوامە.

پڕوشە لەکاتی بەڕێوەچونی چاوپێکەوتنەکەمان لە ماڵی داهێنانی سولی، دەستی بۆ لای یەکێک لە ئامێرەکان درێژکرد و ووتی، "خەڵک ئاوا دێت و ئامێرەکە بەکاردەهێنێت". لە شەش مانگی رابردوودا ئەمساڵدا، دوو تۆن پلاستیکیان ریسایکڵ کردۆتەوە لە ڕێی ئەو شەش ئامێرەوە هەیانە.

سازان قادر حەمە ساڵح، رۆژنامەنوس لە بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکرنەوەی سلێمانی دەڵێت،" (ئامێرەکە) شتێکی باشە، لەبەرئەوەی ژینگە پاکدەکاتەوە لەم شتە پلاستیکیانە کە زۆر زۆر خراپن بۆ مرۆڤ."

سەبارەت بەوەی چۆن بە پرۆژەکەی زانیووە، ووتی، کوڕەکەی خولێکی فیلمی هەبووە لە کارگەی کلتور و  لەوێ ئامێرەکەی بینیووە. "دوو مانگێکە دێمە ئێرە، سێ جار هاتووم. لە دوو سێ شوێن داشکاندنیشیان بۆ کردووم." ئامێرەکە لەلایەنی داراییەوە باشە، پاکوخاوێنی و ژینگەپارێزیشە."

هاوکات، ژمارەی هاوبەشەکان لە زیادبوندان، وەک لە سکرینی سەر ئامێرەکاندا دەبینرێن چەندین شوێنی کار لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و  داشکاندنەکان لە (10٪) دەستپێدەکەن. پڕوشە دەڵێت، "ئێستا (20) هاوبەش داشکاندن بۆ ئەو کەسانە دەکەن بوتڵی پلاستیک کۆدەکەنەوە."

چەندین شوێنی کار لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و داشکاندنەکان لە (10٪)ـەوە دەستپێدەکەن

بێرگەرکینگ، کە زنجیرە رێستۆرانتێکی ئەمریکیی خواردنی خێرای هەمبەرگرە، لە ووتارێکدا کە رۆژی (2024-06-05) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (لینکدئین) لە عیراق بڵاویکردۆتەوە، هاتووە، "بۆ زیاتر پشتگیریکردن لە دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان، هاوبەشیمان لەگەڵ کۆمپانیای (سولی-سایکڵ) کردووە،...، زۆر خۆشحاڵین کوپۆنی پاداشتبەخش پێشکەش بەو کەسانە دەکەین ئامێرەکە بەکاردەهێنن بۆ ڕیسایکلکردنی ماددە پلاستیکیەکان."

ڕەنجە علی-ش دەڵێت، "(ئامێرەکە) ناوی کۆمپانیاکەمی لەسەرە، کە خەڵک داشکاندن وەردەگرن فرۆشی منیش زیاددەکات."

لایەنیێکی تری (سولی-سایکڵ) کە پڕوشە شانازی پێوەدەکات، کارکردنە لە نەوەی دووەمی ئامێرەکە، " ئامێرە نوێکە لە ئاستی ئامێرە جیهانییەکاندایە. لەڕێی ژیری دەستکردەوە، پلاستیک زۆر بەباشی دەناسێتەوە و لە چرکەیەکدا دەتوانیت دوو بوتڵ بکەیتە ئامێرەکەوە. ئامێرە جیهانییەکان لە خولەکێکدا، 32 بتڵ وەردەگرن، ئەوەی ئێمە لەهەمان کاتدا زیاتر لە 60 بوتڵ وەردەگرێت."

هەر لەو بارەیەوە، سازان قادر دەڵێت، "دەبێت ئامێرەکە گورجتر بکرێت، ئێستا دانە بە دانە بتڵەکانی تێدەکەین، هەوڵبدەین (10) دانە (10) دانە یان لە یەککاتدا (20) دانەی تێیبکەین."

سەرەڕای سوود ژینگەیەکەی، پڕوشە دەڵێت، "لەسەدا دەی داهاتمان بۆ نەخۆشخانەی هیوایە، چونکە خۆمان بە خەتابار دەزانین، ئەو پلاستیکە بەکاردێنین."

 

 بەربەست زۆرن، ئیرادە زیاتر

کارسازیی و کارئاسانی زۆر پێکەوە هەڵناکەن. رێگای دروستکردنی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیەی پڕوشە هەر وا ئاسان نییە. "کێشەی سەرەکی سەرەتا لایەنی دارایی بوو. نەماندەتوانی خێرا گەشە بکەین، بەڵام دوایی خەڵک هاتنەپێشەوە، بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵبووین."

رەنج عەلی دەڵێت، "کێشەکان (بۆ کارسازان) زۆر زۆرن، پرۆگرامە کارسازییەکان کە کۆمەکی داراییت دەدەنێ کاتت زۆر دەکوژن، جاری وایە تا ساڵێک دەڕوات. زۆر ماندودەبیت تا فەندێک وەردەگریت، دەبێت پارەی گیرفانی خۆتی تێبکەیت، زۆربەی خەڵک لەسەر ئەوە وازدەهێنن."

بە ووتەی پڕوشە، سەرەڕای ئەوەش هەندێک کێشەی مۆڵەت دەرکردن و باج کێشەی ترن بۆ پرۆژەکە، "خەریکی ئەو کێشانەین چارەسەریان بکەین" و لەگەڵ ژووری بازرگانی مامەڵە دەکەین. بابەتەکە نوێیە و پێویستی بە بڕیاری نوێیە، چونکە "ئامێرەکە یەکەم ئامێری لەو شێوەیەیە لە عیراقدا".

رەنج عەلیش هەمان بۆچوونی هەیە، "مامەڵەکان قورسن، ستارتئەپ و کارساز پێویستە جیاوازبن لە کردنەوەی جێشتخانەیەک." "دەبێت ئاسانکاریی زیاتر بکرێت بۆ تۆمارکردنی بزنسی نوێ.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاگاداری پڕۆژەکەن، دکتۆر سەلام عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ووتی ئاگاداری ئەو پڕۆژەیەم، کێشەکە ئەوەیە هیچ لایەنێک لە یاسادا دانەنراوە بۆ ئەو بابەتە. "بۆیە لەگەڵ سەرۆکی ژوور قسەمکردوو  و ووتی چیمان پێبکرێت دەیکەین. راستەوخۆ پێشنیازی کرد بۆ پارێزگاری سلێمانی تا لیژنەیەک لە ژووری بازرگانی، پارێزگا و شارەوانیی و لایەنی تریش پێکبێت بۆ راییکردنی کاروباری ئە و لایەنانەی تازەگەریی دەکەن."

زۆر ماندودەبیت تا فەندێک وەردەگریت، دەبێت پارەی گیرفانی خۆتی تێبکەیت

 دکتۆر سەلام عەبدوڵا ووتیشی، "ئەم گەنجانە پێویستیان بەوەیە تۆزێک لە رۆتینات دووریانبخەینەوە، تا خۆیان پێدەگەیەنن." پێشنیازی رێکخستنی کۆبونەوەەیەکی گەنجانی هاوشێوەمان بۆ کردوون تا کێشەکانیان بۆ چارەسەربکەین.

سەرەڕای ئەوەش، رەنج دەڵێت، "یەکێک لە کێشەکانی تر ئەوە، مافی خاوەندارێتی بیرۆکەکان نییە. من خۆم بیرۆکەی خۆم براوە و خاوەنکاری تر بەکاریهێناوە." "مافی کۆپیکردن نییە بۆ بیرۆکەی ستارتئەپ".

لە مادەکانی (16)، (17) و (18) لە یاسای بڕوانامەی داهێنان و نمونەی پیشەسازیی عیراقی ژمارە (65) ساڵی (1970) هەموارکراو  هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خاوەندارێتی بیرۆکەکان روونکراوەتەوە. بە پشتبەستن بە یاساکە وەزارەتی پیشەسازیی لیژنەیەک دەنێرن، ئەگەر پەسەندیان کرد، دواتر تۆماریدەکەن.

سەبارەت بە پرسی بەردەوامی پڕۆژەکە، پروشە ئەوەی ووت، ئەگەر باسی سەرچاوەی مرۆیی بکەین خەڵکی "زۆر باش" هەیە دەتوانن هاوکاری بن؛ "(سولی-سایکڵ) پرۆژەیەکی بچکۆلە نییە، پێویستی بە هاوکاریی حکومەتە تا بە تەواوی بڵاوبێتەوە."

"بیرۆکەی ئەوەشمان هەیە کۆنفرانسێک ببەستین بۆ باسکردنی کێشەکانی گەنجان،" دکتۆر سەلام عەبدوڵا وای ووت.

پڕوشە پڕوشەی سەردەمێکی نوێی گەنجانە لە بواری کارسازییدا، ئێستا جارێکی تر لە زانکۆی سلێمانی زانستی کۆمپیوتەر دەخوێنێت تا زیاتر گەشەبکات  و دەڵێت، زۆر دڵنیایە لەوەی (سولی-سایکڵ)ناوەستێت، "لە ماوەیەکی زۆر زۆر نزیکدا هەمووان لە (هەرێمی کوردستانی عیراق) دەتوانن ببن بە بەشێک لە تەحەدی پاراستنی ژینگە."

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT