لە گۆشەنیگای یاساوە:
ئایا راكان سەعید هێشتا دەتوانێت وەك پارێزگاری كەركوك بەردەوام بێت؟

رێباز حەسەن - كەركوك

راكان سەعید جبوری، هێشتا خۆی بە پارێزگاری كەركوك دەناسێنێت، هەرچەندە لە 11ـی تەمموزەوە وەكو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەكاربووە و تەمەنیشی گەیشتۆتە كاتی خانەنشینیی كە 60 ساڵە، بۆیە هەندێك لایەن لە گۆشەنیگای یاساوە پێیانوایە؛ چیتر پارێزگار نییە و "دەبێت روبەڕوی دادگا بكرێتەوە".

پێنجشەممە 18ـی تەمموز دیلان غەفور، پەرلەمانتاری عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكی دەستەی باڵا بۆ هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان كردووە و لە بڕگەیەكیدا جەختدەكاتەوە، لەوەی زانیارییان پێگەیشتووە راكان سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك "هێشتا مومارەسەی كارەكەی دەكات وەكو پارێزگاری كەركوک بەوەكالەت و نوسراوی نوێ بە بەراوری كۆن واژۆ دەكات".

دیلان دەڵێت "ئەوە پێشێلكاریی یاساییە، چونكە لەكاتێكدایە ناوبراو وەكو ئەندامی ئەنجومەن سوێندی یاسایی خواردووە"، هەر بۆیە داوادەكات لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكبهێنرێت و دەستبەسەر تۆمارە دەرچووەكانی دیوانی پارێزگای كەركوكدا بگیرێت، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "كەمتەرخەم روبەڕوی دادگا بكەنەوە".

راكان سەعید، كە پێشتر جێگری پارێزگار بوو، لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە وەكو پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئەوكات دانراوە، لە 10ـی تەمموزی ئەمساڵ لەبەردەم دادوەر سوێندنی یاسایی خوارد و رۆژی دواتر لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا وەكو ئەندامی ئەنجومەن دەستبەكاربوو.

لەو رۆژەوە لێكدانەوەی جیاواز بۆ پرسی یاساییبونی مانەوەی راكان سەعید لە پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكرێت، هەندێك پێیانوایە یاسا رێگەنەدات ئەندامی ئەنجومەن لەیەككاتدا دوو پۆستی هەبێت (دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن)، هەندێكی تر خوێندنەوەی جیاواز دەكەن بەوەی راكان سەعید، تەمەنی 60 ساڵی تەواوكردووە و بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو دەبێت خانەنشین بكرێت.

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "راکان سەعید جبوری لە یەكی تەمموزی ئەمساڵەوە بەهۆی ئەوەی 60 ساڵی تەمەنی تەواوكردووە، بەشێوەیەكی فەرمی لە پۆستی پارێزگاری كەركوك خانەنشین كراوە".

ماوەی دوو هەفتەیە راکان جبوری هیچ واژۆیەكی وەكو پارێزگار نەكردووە

لەگەڵ جەختكردنەوەی دیلان غەفور، بەوەی راكان سەعید نوسراوی نوێ بە بەرواری كۆن واژۆ دەكات، بەڵام عەلی حەمادی، وتی "واژۆكردن لەسەر نوسراو راوەستاوە، ماوەی دوو هەفتەیە راکان جبوری هیچ واژۆیەكی وەكو پارێزگار نەكردووە، بۆیە واژۆكردنی نوسراو لە دیوانی پارێزگا وەستاوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە راكان سەعید، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك و راگەیاندنی رەسمی دیوانی پارێزگا، بەناوی پارێزگاری كەركوكەوە چالاكی بڵاودەكاتەوە و لە كۆڕ و كۆبونەوەکاندا بەشداریی دەكات.

لە 9ـی تەمموز – رۆژێك بەر لە سوێندخواردنی راكان سەعید وەكو ئەندامی ئەنجومەن-، چوار پەرلەمانتاری عیراق كە سێ پەرلەمانتاریان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بون، لە نوسراوێكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق، داوایانكرد راكان سەعید رەوانەی خانەنشینی بكرێت، چونكە تەمەنی یاسایی خانەنیشنی تەواوكردووە، ئەوەش پاڵپشت بە یاسای خانەنیشینی یەكگرتوو و هەروەها بڕیاری ئەنجومەنی دەوڵەت كە ساڵی 2021 دەركراوە، وەك لە نوسراوەكەدا هاتووە.

جگە لە خوێندنەوە بۆ پرسی خانەنشینبونی راكان سەعید، هەندێك دەڵێن "ناكرێت" ئەندامی ئەنجومەن لەیەككاتدا پۆستێكی تری هەبێت.

سەرچاوەیەكی یاسایی كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لێپرسراوێتی هەیە و بەباشی نەزانی ناوی بهێنرێت، بە (كەركوك ناو)ـی وت "خۆناساندنی راكان سەعید وەكو پارێزگار كارێكە پێچەوانەی یاسایە". ئەو بۆ پشتیوانی قسەكانی نمونەی یاسای ساڵی 2008ـی پارێزگاكانی عیراقی هێنایەوە.

لە ماددەی 18ـی ئەو یاسایەدا هاتووە، "ناكرێت ئەندامێتی ئەنجومەن لەگەڵ هیچ کارێک یان پۆستێکی تری فەرمیدا کۆبکرێتەوە".

هەروەها سەرچاوەكە جەختیكردەوە "بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، هەر كارمەندێکی حكومەت كاتێك تەمەنی گەیشتە 60 ساڵ، دەبێت خانەنشین بكرێت"، ئەو وتەیە لەكاتێكدایە ئێستا راكان سەعید 60 ساڵی تەمەنی تەواوكردووە.

بەڵام عەلی حەمادی وتی "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی راكان سەعید وەک پارێزگاری كەركوك بمینێتەوە، تاوەكو ئەنجومەن كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێرێت"، حەمادی زیاتر وتی "بۆ ئەوە داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق كراوە بە بڕیارێك تەمەنی خزمەتی راكان سەعید لەو پۆستەدا درێژبکرێتەوە، بەڵام تائێستا سەرۆک وەزیران هیچ وەڵامێكی بۆ ئەو داواكارییە نەبووە".

هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی راكان سەعید وەک پارێزگاری كەركوك بمینێتەوە

بەپێی ماددەی 30ـی یاسای پارێزگاكانی عیراق، پارێزگار، جێگرەكانی و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان دوای كۆتاییهاتنی ماوەی هەڵبژاردن یان تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگا، لە پۆستەكانیان وەكو كاربەڕێكەر دەمێننەوە تا ئەوكاتەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگا كەسێكی تر بۆ جێگاكەیان هەڵدەبژێرن.

یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 11ـی تەمموزدا بووە و دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا لەو بەروارەوە كاندیدی پۆستی پارێزگار هەڵبژێرن.

بەبڕوای چوار پەرلەمانتارەكەی عیراق كە داوای خانەنشینكردنی راكان سەعید دەكەن، ئەو ماددە و رێكارە یاساییانەی هەن پەیوەست بە مانەوەی پارێزگار تا هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ راكان سەعید دەستنادات، چونكە ناوبراو لە سەرەتاوە جێگری پارێزگار بووە و لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە وەكو پارێزگار هەڵنەبژێردراوە، بەڵكو دواتر بە پارێزگاری بەوەكالەت دیاریكراوە.

دكتۆر بورهان دەروێش، راگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانكۆی کەرکوک، بە (کەرکوک  ناو)ـی وت "راکان جبوری بە سوێندخواردنی وەكو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا هەموو مافێکی یاسایی خۆی لەدەستداوە وەک پارێزگار، چونکە بەگوێرەی یاسا ناکرێت لەیەككاتدا لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنیشدا کاربکات".

دكتۆر دەروێش زیاتر وتی "بەهیچ شێوەیەک سەرۆک وەزیران ناتوانێت راکان جبوری بەبێ هەڵبژاردن لەو پۆستەدا بهێڵێتەوە، چونکە ناوبراو سوێندی خواردووە و بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا".

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، چەند مانگێك لەمەوبەر و پاڵپشت بە ماددەی 30ـی یاسای ساڵی 2008ـی پارێزگاكانی عیراق، موسەنا تەمیمی، پارێزگاری پێشوی دیالەی كردەوە بە پارێزگار بۆ راییكردنی كاروباری رۆژانە وەكو كاربەڕێكەر، تا ئەوكاتەی لایەنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكە لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ رێكدەكەون، هەرچەندە موسەننا تەمیمی هاوشێوەی راكان سەعید سوێندی یاسایی دەستبەكاربونی وەكو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا خواردووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT