مەرجی تەمەن چیتر رێگر نییە
رزگاربووانی دەستی داعش دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن

له‌ خوێندنگه‌ی كانی سپی منداڵانی رزگاربوی ئێزیدی ده‌خرێنەوە‌ سه‌ر ئاینی خۆیان فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عەمار عەزیز

تەواوی رزگاربووانی دەستی داعش بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەتوانن بەبێ مەرجی تەمەن درێژە بە خوێندن بدەن و لەگەڵئەوەشدا هاوكارییەكی داراییان پێشكەش دەكرێت، ئەوەش بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی حكومەت.

پڕۆژەكەی حكومەت، لە چەند بەشێك پێكهاتووە، بەشێكی هاوكارییەكی مانگانەیە بۆ ئاسانكارییكردن بۆ ئەوانەی لە خوێندن دابڕاون، لەوانەش خوێندن بەبێ مەرجی تەمەن و بێ بەرامبەر لە پەیمانگە حكومی و ئەهلییەكان، بەشێكی تری تایبەتە بە كردنەوەی سەنتەرێكی دەرونی كە هەموو خزمەتگوزارییەكی چارەسەری دەروونی لە خۆدەگرێت.

سەعید جردو، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری كە چاودێری جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرۆكی حكومەتی هەرێم پڕۆژەكەی پەسەندكردووە، بەپێی پڕۆژەكە هەر رزگاربویەكی دەستی داعش مانگانە هاوكارییەكی پێدەدرێت كە بڕەكەی 150 هەزار دینارە، پارەكە لەم چەند رۆژەدا بەسەر رزگاربوواندا دابەشدەكرێت".

هەروەها ئەو رزگاربوانەی لە خوێندن دابڕاون، دەتوانن جارێكی تر بەبێ مەرجی تەمەن دریژە بە خوێندن بدەن، لەكاتێكدایە پێشتر دەیان رزگاربوی دەستی داعش بەهۆی مەرجی تەمەن-ەوە لە خوێندن بێبەشبون.

"ئەم هەنگاوەی حكومەت كارێكی زۆر گرنگە و هەڵێكی تر دەداتە رزگاربووان تا جارێكی تر دەست بە خوێندن بكەنەوە"، سەعید جردو وایوت.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە 18ی تەمموز چەند بڕیارێكی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا راگەیاند و لە بەشێكیدا هاتووە "دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان خۆیان سەرپەرشتی لیژنەیەكی تایبەتمەند بەم بابەتە بكەن، تەواوی دەسەڵاتەكان  بۆ بەدەركردن  لە مەرجەكانی  تەمەن دەبەخشین بە بەڕێوەبەری گشتیی  پەروەردەی پارێزگاكان".

هەروەها هاتووە "ئەگەر رزگاربووانی دەستی داعش، دەرچوی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بون، لە تەواوی مەرجەكانی وەرگرتن لە پەیمانگە  حكومییەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەبەخشرێن، واتە بەبێ‌ هیچ مەرجێك لە پەیمانگە حكومییەكان وەردەگیرێن و هەر پەیمانگەیەكیان هەڵبژارد دەتوانن بەردەوامی بدەن بە پرۆسەی خوێندن".

ئاماژە بەوەشكراوە كە ئەگەر دەرچوی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بون، لە پەیمانگە ناحكومییەكان "ئەهلییەكان"ی سەر بە وەزارەتی پەروەردە وەردەگیرێن (بێبەرامبەر) بۆ هەموو ساڵەكانی خوێندن.

وەزارەتی پەروەردە جەختیكردۆتەوە لەوەی پێشكەشكردن بۆ پەیمانگە حكومی و ناحكومییەكان بەگوێرەی ئەو لیستەی رزگاربووان دەبێت كە وەزارەتی پەروەردە لەلایەنی پەیوەندیداری حكومی وەریگرتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT