دوو دوكاندار دەستگیركراون
حكومەت دوكانەكانی سەر رێگای كەركوك – هەولێر دەڕوخێنێت

كەركوك/ 23ی تەمموزی 2024/ دیمەنێك لە دوكانەكانی سەر رێگای سەرەكی كەركوك - هەولێر لە ناحیەی پردێ. فۆتۆ: كەركوك ناو

رێباز حسێن

پۆلیسی ناحیەی پردێ دوو دوكاندار دەستگیردەكات و رەوانەی زیندانی چاكسازیی كەركوكیان دەكات، بە تۆمەتی زیادەڕۆییكردن لەسەر موڵكی دەوڵەت. ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بۆ روخاندنی 30 دوكان لەسەر رێگای كەركوك – هەولێر  لە نزیك پردێ.

ئەو دوكانانە بەشێوەی زیادەڕۆ لەسەر رێگای سەرەكی دروستكراون و لەسەر سكاڵای فەرمانگەی رێگاوبانی کەرکوک، دادگا و پۆلیس لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دوكاندارەكان دەستپێكردووە.

رێباز رەفیق، یەكێك لە دوكاندارەكانی ئەو ناوچەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو دوكانداری دراوسێمان دەستگیركراون و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی چاكسازیی كەركوك، دادوەر بڕیاریداوە بۆ ماوەی هەشت رۆژ بیانهێڵێتەوە".

"بیانوی حکومەت بۆ روخاندنی دوکانەکانمان ئەوەیە کە تەجاوزمان کردووە، بەڵام ئەگەر دوکانەکانمان تەجاوزن، بۆچی  چەند ساڵە پارەی کارەبامان لێ وەردەگرن؟"، زیاتر وتی "لە ناحیەی پردێ بە گشتی کار كەمە، دوکانەکەی ئێمە سەرچاوەی بژیوی ژیانی سێ خێزانە، ئەگەر دوکانەکانمان بڕوخێنن دەیان ماڵ نانبڕاو دەکرێن".

عەلی فەرەیدون و زنون سەلیم، ئەو دوو دوكاندارەن دووشەممە 22ی تەمموز لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراون و هێشتا ئازادنەكراون.

لەسەر رێگای سەرەكی كەركوك – هەولێر دەیان دوكان هەن، كە بەشێكی زۆریان بە فرۆشتنی سەوزە و میوە بەناوبانگن و مێژوییەكیان هەیە.

بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دوكانێكی زۆرتر بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون و حكومەت لە هەوڵی لابردنیاندایە.

دوكاندارێكی تر كە وەك خۆی وتی لە "ترسی دەستگیركردن" نایەوێت ناوی خۆی ئاشكرابكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "لانیكەم 50 خێزان بژێویان لەسەر ئەو 30 دوكانەیە كە حكومەت بەنیازی روخاندنیانە... ئێمە ئامادەین مانگانە کرێ بدەینە شارەوانی، بەو مەرجەی دوكانەكانمان بکەنە سەر موڵکی شارەوانی و بە فەرمی قبوڵمان بکەن".

عەبدولموتەلیب نەجمەین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ بە (کەرکوک ناو)ی وت "رێگاوبانی کەرکوک لەسەر راسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ، بە بەردەوامی نوسراو دەنێرێت بۆ یەکە ئیدارییەکانی پردێ بۆ روخاندنی ئەو دوكانانەی بەشیوەی زیادەڕۆ دروستكراون"، زیاتر وتی "ئەو دوو كەسەی دەستگیركراون بەپێی یاسا دەستگیركراون و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".

بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ وتی "دوكاندارەكان دەبێت لەگەڵ نوێنەری یاسایی شارەوانی و رێگاوبان رێكبكەون و كێشەكە چارەسەر بكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT