"دەترسین پەرلەمان بە شودانی كچی نۆ ساڵان بە یاسایی بكات"

فۆتۆ: Sage Friedman، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 2ی ته‌مموزی 2020

سومەیە ساڵح*

بەرگریكاران لەمافەكانی ژنان ترسیان هەیە بەشودانی كچان لەتەمەنی نۆ ساڵییەوە بە یاساییبكرێت، ئەوەش لەحاڵەتی سەرگرتنی هەوڵی ژمارەیەك پەرلەمانتار كە دەیانەوێت یاسای باری كەسێتی هەمواربكرێتەوە.

ژمارەیەك پەرلەمانتاری عیراق لە چەند فراكسیۆنێكی جیاواز، هەموارێكیان بۆ یاسای باری كەسێتی كردووە، بەڵام چوارشەممەی رابردوو 24ی تەمموز بەهۆی ناڕەزایی دژ بەو هەوڵە سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنەكەی هەڵگرت و ئەو پرسەی لە بەرنامەی كارلابرد.

شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لە سلێمانی – بەشێك لە كارەكانیان بەرگریكردنە لە مافەكانی ژنان-، وتی "ئەوەی لە هەمواركەدایە عیراق بەرەو دواوە دەبات... لەڕاستیدا ئێمە لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاساکەداین، چونکە کۆنە و دۆخەکە وا دەخوازێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، بەڵام بەو شێوەیە نا كە لە هەمواركەدا باسدەكرێت".

بەپێی هەمواری یاسای باری كەسێتی، پێشنیارکراوە بەپێی مەزهەبەکان رێگە بە هاوسەرگیری بدرێت و دادگاکانیش ئەو هاوسەرگیرییانە قبوڵبكەن.

شۆخان ئەحمەد، كە هاوكات پارێزەرە، وتی "هەندێك لە مەزهەبەكان رێگە بە بەشودانی كچانی نۆ ساڵانیش دەدەن، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە ئێمە لەگەڵ رەتكردنەوەیدان".

هەندێك لە مەزهەبەكان رێگە بە بەشودانی كچانی نۆ ساڵانیش دەدەن، نامانەوێت ئەمە پاڵپشتی یاسایی هەبێت

به‌پێی یاسای باری كەسێتی ژماره‌ 188ـی ساڵی 1959ـی هه‌مواركراو لە عیراق، مه‌رجه‌ كچ 18 ساڵی ته‌واوكردبێت بۆ هاوسه‌رگیری، به‌ڵام له‌ بڕگه‌ی 1ـی مادده‌ی 8ـی هه‌مان یاسادا هاتووه‌؛ هه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نی 15 ساڵی ته‌واو كردبێت، ئه‌گه‌ر پێویستی زۆر هه‌بێت بۆ هاوسه‌رگیریییه‌كه‌ی، ئه‌وا ره‌زامه‌ندی پێده‌درێت له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی باڵغ بێت و له‌ڕوی جه‌سته‌ییه‌وه‌ شیاو بێت.

دادگاكانی عیراق (بەبێ هەرێمی كوردستان) لە ساڵانی 2020 و 2021ـدا زیاتر لە چوار هەزار و 92 دۆسیەی تەڵاقدانی ئەو ژنانەیان تۆماركردووە كە تەمەنیان نەگەیشتۆتە 15 ساڵ، ئەوەش لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبونەوەی رێژەی جیابونەوەیە، وەك لە راپۆرتێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا هاتووە.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عیراق، وتی "بەهچ شێوەیەک جارێکی دیکە هەموارەکە بەمشێوەیە ناهێنرێتەوە نێو پەرلەمان، دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتاران رەتیانكردەوە و ناكۆكی زۆری لەسەر دروستبوو".

بەهچ شێوەیەک جارێکی دیکە هەموارەکە بەمشێوەیە ناهێنرێتەوە نێو پەرلەمان

نزیكەی 200 پەرلەمانتار بە واۆژی خۆیان داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد هەمواركردنەوەكە رابگرێت.

"دەبێت پێداچونەوە بۆ هەموارەكە بكرێت و رەزامەندی هەموو لایەنەكانی لەسەربێت"، كاروان یاروەیس وایوت.

لە بەشیكی تری هەموارە ئامادەكراوەكەدا و لەبارەی ماددەی 57ەوەهاتووە "دوای جیابونەوەی هاوسەرەكان راستەوخۆ منداڵ بدرێت بە باوك، تەنانەت ئەگەر تەمەنی رۆژێكیش بێت".

شۆخان ئەحمەد، وتی "لەکاتێکدا ئێمە کێشەی مناڵانی بێ ناسنامەمان هەیە، پەرلەمان دەیەوێت مافی دابینكردنی منداڵ لە دوای جیابونەوە لە دایكیان وەربگرێتەوە..."، هەروەها رەخنەی گرت "لە عیراق هەوڵدەدرێت دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانی ژنان وەربگیرێتەوە".

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT