"سیستمی بتڵەكەم" هەڵنەوەشاوەتەوە
هەزار دیناری زیادە بدە و لەڕێی مۆبایلەكەتەوە غازەكەت پڕبكەرەوە

كەركوك/ كانونی دووەمی 2022/ كارگەیەكی پڕكردنەوەی غاز. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئاوات عومەر*

"سیستمی بتڵەكەم" لە كەركوك هەڵنەوەشاوەتەوە و كاتی راگیراوە، بەپێی سیستمەكە هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێی مۆابلیەكانیانەوە بتڵی غازەكانیان پڕبكەنەوە، بەڵام هەزار دینار زیاتر دەدەن.

سیستمەكە لە 25ی تەمموزی 2024 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بڕیاری لەسەردراوە، سیستمەكە بە زمانی عەرەبی (قنینتي)، بریتیی لە داواكردنی غاز لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ ماڵان و گەڕەكەكان ئەوەش لەڕێی ئەپلێكەیشنێكەوە كە لە ئێستادا بەردەستە و لە 13 پارێزگای عیراق جێبەجێدەكرێت.

فەوزی محەمەد، ژنێكی نیشتەجێی گەڕەكی شۆریجە لە كەركوك، وتی "ئێمە خێزانێكی گەورەین، دوو بتڵی غاز بەشمان ناكات، ئینجا نرخەكەی لە بەرژەوەندی هەژاراندا نییە، چونكە بۆ هەر بتڵێك غاز هەزار دنیاری چۆتەسەر".

بتڵی غاز لە كەركوك بە 7000 دینار بوو، بەڵام بە جێبەجێكردنی سیستمەكە كە ئەو پارێزگایەش دەگرێتەوە، نرخەكەی دەبێتە 8000 هەزار دینار. هەر خێزانێكیش بۆی هەیە مانگانە تەنیا دوو بتڵ غاز وەربگرێت.

بەڵام ئەحمەد عومەر لە گەڕەكی فەیلەق دادەنیشێت وتی "بڕیارەكە باشە، قەیرانی غاز ناهێڵێت، بەئاسانیی غاز دەستدەكەوێت و بۆت دەهێننە بەردەم ماڵەكەت، بەڵام هەندێك گرانبونی نرخەكەی لەبەرچاودەگرن".

بڕیارەكە باشە، وادەكات بە ئاسانیی غازت دەستبكەوێت و بۆت دەهێننە بەردەم ماڵەكەت

لەو 8000 هەزار دینارە، دوو هەزاری لەبری ئەپڵیكەیشنەكە بۆ دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان دەبێت و 1000 دیناریش بۆ ئەو شۆفێرە دەبێت كە غازەكە دەگەیەنێتە ماڵەكان.

ئەو بڕیارە ناڕەزایی غازفرۆشانی كەركوكی بەدواداهات، بەهۆی ئەوەی پابەندكراون بە پێدانی دوو بتڵ بۆ هەر ماڵێك، لەكاتێكدا بەر لە بڕیاری سیستمەكە ئازادبون چەند بتڵ دەفرۆشن، بەوەش زەرەرمەند دەبن.

zax.xopeshandan
كەركوك/ 29ی تەمموزی 2024/ خۆپیشاندانی غازفرۆشان دژی بڕیارێكی حكومەت. فۆتۆ: كەركوك ناو

بەختیار رەمەزان، غازفرۆشێكی شارەكەیە و دوو رۆژی رابردوو لەبەردەم دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان خۆپیشاندانیكرد وتی "ئەگەر سیستمەكە هەڵنەوەشیتەوە واز لە غازفرۆشتن دەهێنین".

بەپێی سیستمەكە ئۆتۆمبێلی غازفرۆشان (GPS)یان لێدەدرێت و هەر ماڵێك داوای غاز بكات، كام ئۆتۆمبێلی غاز لەو ماڵەوە نزیك بێت غازەكەیان بۆ دەبات، بەوەش فرۆشتنی غاز بۆ غازفرۆشان سنورداردەكرێت.

وتەبێژی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان ئامادەنەبوو لەسەر ئەو سیستمە قسە بۆ (كەركوك ناو) بكات، بەڵام دووشەممە 29ی تەمموز لەكاتی كۆبونەوەی لێپرسراوانی كۆمپانیاكە لەگەڵ غازفرۆشان جەختیانكردۆتەوە "جێبەجێكردنی سیستمەكە بەكاتی رادەگیرێت بەڵام هەڵناوەشێتەوە تاوەكو قسە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران نەكەن"، وەك ئەوەی غازفرۆشانی ناڕازیی بە (كەركوك ناو)یان وت. 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT