فراوانكردنى رۆڵى رۆژنامه‌نوسانى ژن
بەشداربوویەك: پڕۆگرامەکە وادەکات گرنگی زیاتر بەروماڵی ژینگەیی بدەین

سلێمانی/ تەمموزی 2024/ دوو لە بەشداربووانی پڕۆگرامی "فراوانكردنى رۆڵى رۆژنامه‌نوسانى ژن له‌ روماڵكردنی ژینگه‌ییدا". فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

"زانیارییە ژینگەییەکان بەگشتی نوێ بون، بە وردی هەنگاوەكانی ئامادەكردنی بابەتێكی رۆژنامەوانیی لە بیرۆكەوە تا بەرهەمهێنانی بابەتەكە و چۆنیەتی نوسینەوەی خرانەڕوو"، سومەیە ساڵح یەكێك لە بەشداربووانی پڕۆگرامی "فراوانكردنى رۆڵى رۆژنامه‌نوسانى ژن له‌ روماڵكردنی ژینگه‌ییدا" وایوت، كاتێك هەفتەی رابردوو یەکەی یەکەمی پڕۆگرامەكە كۆتایی هات.

پڕۆگرامەكە لەلایەن دەزگای میدیایی (کەرکوک ناو) بە کۆمەکی دارایی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ جێبەجێدەكرێت، كە شەش مانگ دەخایەنێت و لە چەند قۆناغێک پێکدێت، بەگشتی پڕۆگرامەكە لەسەر سێکوچکەی رۆژنامەگەریی بونیادنەر، روماڵی ژینگەیی و فراوانکردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن بونیادنراوە.

28ی تەمموزی قۆناغی یەکەمی پڕۆگرامەكە كە بریتی بوو لە راهێنانی پێنج رۆژە کە لە سلێمانی دەستیپێكرد، بە بەشداری 17 رۆژنامەنوسی ژن، كە لە هەشت پارێزگای عیراقەوە لەڕێی سیڤی و لیژنەیەكی چوار كەسییەوە هەڵبژێردرابون.

سومەیە ساڵح، سەرنوسەری ماڵپەڕی نەوژین، كە لە قەزای كەلارەوە هەلی بەشداربونی لە پڕۆگرامەكە بەدەستهێناوە، وتی "پڕۆگرامێكی گرنگە، ئەوەی لە مۆدیۆڵی یەکەم فێربوین، بەشی هەرەزۆری بابەتی نوێ بون، زۆرینەمان سەرباری ئەوەی هەریەکەمان چەند ساڵێکە کاری راگەیاندن دەکەین، بەڵام پێشتر نەمانزانی بوون، لەلایەکی دیکەوە، ئەوەی کە دەربارەی ژینگەیە هەر زۆر گرنگە، چونکە وەک ژنانی رۆژنامەوان بەکەمی گرنگیمان بەم پرسەداوە، ئەمە وادەکات لە داهاتودا گرنگی زیاتری پێبدەین لەكاتی كاركردندا".

"جگە لە زانیارییە ژینگەییەکان، باسكردنی ئەوەی چۆن هەنگاو بۆ ئامادەكردنی بابەتێكی رۆژنامەوانی دەبەیت لە دانانی بیرۆكەوە تا بەرهەمهێنان، هەم تازە و هەمیش زۆر گرنگ بوو بۆ من"، سومەیە زیاتر وتی كە رۆژنامەوانی ژینگەیی بۆ ژنان "زۆر بە گرنگ دەبینم، چونکە ئەو تێڕوانینەی ئێمە بۆ ژینگە هەمانە، جیاوازە لەو تێڕوانینە باوەی چەند ساڵێکە راگەیاندن کاری لەسەر دەکات".

باران محه‌مه‌د، لە هەولێرەوە بەشداری پڕۆگرامەكەی كردووە، دەڵێت پڕۆگرامەكە گرنگە بۆ ئەوەی رۆژنامەنوسان هۆشیارییان هەبێت و بزانن چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ پرسە ژینگەییەکاندا تا لەو رێیەوە خەڵك هۆشیاربكەنەوە.

"لەوێ ئاشنابوین بە پرسە ژینگەییەكانی هەر پارێزگایەك كە بەشداربووان خستیانەڕوو، ئەو زانیارییانە بۆ من تازە بون و ئاشنابوم بە كێشە ژینگەییەكانی ناوچە جیاوازەكان، هەروەها هەڵبژاردنی ژانری فیچەر بۆ خستنەڕوی بابەتی ژینگەییەكان دیسان شتێكی نوێ بوو بۆ من".

dawra.zhinga2
سلێمانی/ ئابی 2024/ وێنەیەكی بەشداربووان و راهێنەرانی پڕۆگرامی "فراوانكردنى رۆڵى رۆژنامه‌نوسانى ژن له‌ روماڵكردنی ژینگه‌ییدا". فۆتۆ: كەركوك ناو

باران زیاتر وتی  "⁠ژنان بەشێکی دانەبڕاوی كۆمەڵگەن و رۆڵیان هەیە لە پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو، ئەوان بەرکەوتەی کێشە ژینگەییەکان و کاریگەری لێکەوتەکانی ژینگەیان زیاتر لەسەرە، بۆیە بونی ئەو هۆشیارییە لای ئافرەتان پێویستییە هاوکات بونی ژنان بە بەشێک لە چارەسەری ژینگەیی گرنگییەکەی زیاترە تا بتوانن بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ ژینگەدا مامەڵە بکەن".

سەلام عومەر، راهێنەری سەرەكی پڕۆگرامەكە، وتی "پێنچ رۆژی یەکەمی راهێنانەکان بەسەر چەند تەوەرێکدا دابەشببوو؛ لەوانە هەواڵ و زانیاری چیین، چیرۆکە هەواڵ چۆن ئامادەدەکرێت و بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی پیشەیی چین. هاوکات، باس لە ژینگەی میدیایی عیراق کرا، گۆڕانی ئاوهەوا چییە و کاریگەری لەسەر ژنان چۆنە".

بەشێکی تری راهێنانەکە باسکردن و بەرهەمهێنانی چیرۆکە هەواڵ و فیچەری رۆژنامەوانی بوو وەک دوو ژانری سەرەکی بۆ روماڵکردنی ژینگەیی، وەك سەلام عومەر زیاتر وتی "تەوەریکی گرنگی تر ئەوە بوو چۆن بابەتی رۆژنامەوانی دەبێت بابەتی یەکسانی وێناکردنی ژنان لە میدیادا لەخۆبگرێت و لەو بارەیەوە هەنگاوی پراکتیکی خرانەڕوو".

وتیشی "لە رۆژانی دوایی راهێنانەکەدا، ووردە ووردە تێگەیشتنێکی هاوبەش درووست بوو دەربارەی ئەوەی بۆچی رۆژنامەوانی باو لە قەیراندایە و وەرگر بە مەبەست خۆبەدوور دەگرێت لە بەریەککەوتن لەگەڵ هەواڵەکان".

یەکەی دووەمی پڕۆگرامەكە كە پێنج رۆژی تری راهێنان لە خۆدەگرێت و 11ی ئاب دەستپێدەكات تا 15ی ئاب بەردەوام دەبێت، تیایدا بەشداربووان رادەهێنرێن لەسەر چۆنیەتی روماڵکردنی ژینگەیی بە پشتبەستن بە رۆژنامەگەریی بونیادنەر.

دوابەدوای ئەوە هەریەكە لە بەشداربووان چوار بابەتی رۆژنامەوانی بونیادنەر بەرهەمدەهێنن، بەرلەوەی لە كۆتایی پڕۆگرامەكەدا "یەکەم تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژن بۆ روماڵکردنی ژینگەیی بە پشتبەستن بە رۆژنامەگەریی بونیادنەر" رابگەیەنن.

لاڤە حیسام، دەرچوی بەشی راگەیاندنی پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی و بەشداربویەكی تری خولەكە، وتی "پێشتر تەنیا وەك كەسێكی ئاسایی هەوڵمدەدا بەشێك نەبم لە پیسكردنی ژینگە، بەڵام ئێستا هەستەكەم دەبێت رۆڵم هەبێت لە هۆشیاكردنەوەی خەڵك و هاندانیان بۆ پاراستنی ژینگە"، زیاتر وتی "ژنان دەتوانن وەک هێزێکی کاریگەربن لە باسكردنی گرفتە ژینگەییەكان بەو پێیەی گۆڕانە ژینگەییەکان زیاتر کاریان تێدەکات...".

dawra.zhinga3
سلێمانی/ ئابی 2024/ بەشداربووانی پڕۆگرامی "فراوانكردنى رۆڵى رۆژنامه‌نوسانى ژن له‌ روماڵكردنی ژینگه‌ییدا". فۆتۆ: كەركوك ناو

ئاوات عومەر، لە كەركوكەوە بەشداربوو، وتی "ناسینی گروپێكی تازە، كە خەمی پاراستنی ژینگەییانە بۆ من زۆر گرنگ بوو، دەتوانین هاوكاریی یەكتربكەین بۆ كاركردن لەسەر پرسی ژینگە".

پڕۆگرامەكە وا دیزان كرابوو كە بەشداربووان لەیەككاتدا ئەوەی بە تیۆری دەیانخوێند بە پراكتیك-یش جێبەجێیان دەكرد. شۆڕش خالید، سەرنوسەری (كەركوك ناو) وتی "لە پێنج رۆژی یەكەمی راهێنان، بەشداربووەكان 12 بابەتی رۆژنامەوانییان بەرهەمهێنا لەسەر ئەو بنەمایەی خوێندویانە، 10 لەو بابەتانە تایبەت بوو بە پرسی ژینگە و گۆڕانی ئاووهەوا، ئەوان هەموو رۆژێك دوای راهێنان ئەركێكیان پێدەسپێردرا و جێبەجێیان دەكرد... بابەتەكان هەمان رۆژ بۆ هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی وەردەگێڕدران".

وتیشی "ژورێكی هەواڵمان لە چوارچێوەی پڕۆگرامەكە دروستكردبوو، بۆ بەرهەمهێنانی بابەتی ژینگەیی، لەسەر بنەمای ژانری چیرۆكە هەواڵ، لەوێ گفتوگۆی بیرۆكەكانمان دەكرد و  بەشداربووانی تر بیرۆكەكانیان دەوڵەمەند دەكرد و دواتر هەر خۆیان بە هاوكاریی راهێنەرەكان بەرهەمیاندەهێنان".

لە دواڕۆژی یەکەی یەکەمی راهێنانەكان، هەریەكە و بیرۆكەیەكی فیچەری خستەڕوو و لەو هەفتەیەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان بەرهەمی دەهێنن و بۆ مۆدیۆڵی دووەم ئامادەی دەكەن، بەرلەوەی رۆژنامەوانی بونیادنەر بخوێنن.

سومەیە ساڵح، پێشنیاریكرد (كەركوك ناو) هاوشێوەی پەیمانگەیەكی ئەكادیمی، خولی رۆژنامەوانیی بكەنەوە و بەردەوامبن لە گواستنەوەی ئەو ئەزمونەی هەیانە، "خاوەنی ستافێکی ئێجگار بە ئەزمون و پڕۆفیشناڵن، گرنگە ئەو ئەزمونە بەتایبەت بۆ ئەوانە بگوازنەوە كە تازە هاتونەتە بوارەكەوە، تاوەكو خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن، بە تایبەت لەبواری داڕشتنەوەی هەواڵ، چیرۆکە هەواڵ و فیچەر".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT