سەرۆك وەزیرانی عیراق:
پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك كاتی زیاتری دەوێت

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەكاتی كردنەوەی وێستگەی كرابەای غازی دوبز لەڕێی ئۆنلاین-ەوە. فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆك وەزیران

كەركوك ناو

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئاشكرای كرد كە وادیارە پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك كاتی زیاتری بوێت.

ئەو وتەیەی لە پێشەكیی وتاری كردنەوەی وێستگەی كارەبای غازی دوبز-دا هات كە سەرۆك وەزیران بەشێوەی ئۆنلاین پێنجشەممە 8ی ئاب وێستگەكەی كردەوە.

سودانی وتی "دەمانویست لە پارێزگای كەركوك ئامادەبین و حەزمانكرد چاوەڕێی هەڵبژاردنی حكومەتی خۆجێی كەركوك بكەین، بەڵام پێموایە پێویستمان بەكات هەیە، بۆیە كردنەوەی وێستگەكەمان لەڕێی ئۆنلاینەوە كردەوە".

ئەو وتەیەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەكاتێكدایە 11ی ئاب ئەو وادە یاساییە تەواودەبێت كە پەیوەستە بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، چونكە مانگێك تێپەڕدەبێت بەسەر یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەندا.

بەپێی یاسا دەبێت لە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگادا، سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردرێن و لە ماوەی 30 رۆژیشدا پارێزگار و جێگرەكەی، بەڵام ئیدارەی كەركوك بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان، ئەو دوو پرسەی لە دانیشتنەكەی 11ی تەمموز دواخست.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، كورد حەوت كورسی هەیە (5 یەكێتی و 2 پارتی)، عەرەب شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 3، قیادە 2، هاوپەیمانی عروبە 1)، بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.

لە 15 پارێزگاكەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ، تەنیا لە كەركوك بەهۆی ناكۆكییەكانەوە ئیدارەی نوێ پێكنەهێنراوە، مشتومڕی سەرەكیی لە كەركوك پەیوەندی بە پۆستی پارێزگارەوە هەیە، كە لە هەڵبژاردنی 2005ـەوە لای كورد و لە ئۆكتۆبەری 2017ـەوە كەوتۆتەوە دەست پێكهاتەی عەرەب.

ئەوەش لەكاتێكدایە نزیكدەبینەوە لە تێپەڕبونی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كە لە 18ی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT