كۆجۆی نوێ چاوەڕێی بەغدایە

دیمەنێك لە گۆڕەپانی خوێندنگەی گوندی كۆجۆ، لەم شوێنە چەكدارانی داعش خەڵكی گوندەكەیان كۆكردەوە، بەرلەوەی بیانكەن بە گروپ گروپ و بیانگوازێتەوە بە مەبەستی كۆمەڵكوژیكردن یان رفاندنیان. فۆتۆ: Andrea DiCenzo for NPR

عەمار عەزیز

هیچ هەنگاوێكی كرداریی لەسەر ئەو زەوییە نەنراوە كە بڕیاربوو  تا كۆتایی 2023 گوندی كۆجۆی لەسەر بیناتبنرێتەوە، خەڵكی گوندی كۆجۆ پشكی شێری قوربانیانی دەستی داعشیان بەركەوت، بەڵام هێشتا دوای 10 ساڵ خەڵكەكەی لە ئاوارەییدا دەژین.

نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، لە نیسانی 2021دا دەستپێشخەرییەكی بۆ دروستكردنی گوندێكی نوێ بە دوری 4كم لە گوندی كۆجۆ راگەیاند، ئەوەش لەپێناو ئەوەی شوێنەواری هێرشی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە گوندی كۆجۆ وەكو خۆی بمێنێتەوە و دەستكاریی نەكرێت.
ئەو دەستپێشخەرییەی نادییە موراد، چالاكوانی ئێزیدی، لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی هات بۆ كۆمەڵگەی ئێزیدی، ئەوەش بە هاوكاریی حكومەتی عیراق و لەسەر بودجەی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ  (IOM)، وەك سەڵاح حەسەن، نوێنەری دەستپێشخەری نادیە موراد جەختیلێكردەوە.

داود سالم بەشار، قوربانییەكی دەستی داعش و خەڵكی كۆجۆیە، هێشتا لە ئاوارەییدا دەژیت و لە چاوەڕوانی دروستكردنی خانووەكەیدا لە كۆجۆی نوێ.

ئەو دایك و باوكی كەوتنە دەست "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام" ناسراو بە (داعش)، باوكیان كوشت و دایكیشی رزگاركرا. "ماڵەكەم لە گوندی كۆجۆ بووە وێرانە، چاوەڕێم بەردەی بناغەی كۆجۆی نوێ تەواوبێت".

ماڵەكەم لە گوندی كۆجۆ بووە وێرانە، چاوەڕێم بەردەی بناغەی كۆجۆی نوێ تەواوبێت

بەپێی ئاماری موختاری گوندی كۆجۆ، بەر لە هێرشی داعش 196 خانوو لە گوندی كۆجۆ هەبون، بەڵام زۆرینەیان روبەڕوی روخان و لەناوچون بونەتەوە.

داعش له‌ 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال و له‌ 15ی ئاب "كۆمه‌ڵكوژی" له‌ گوندی كۆجۆی ئێزیدینشین ئه‌نجامدا. تەنانەت زۆرینەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی دەستی داعش خەڵكی كۆجۆ-ن. ئەوەش وایكرد نادیە موراد دەستپێشخەریی بكات بۆ دروستكردنەوەی گوندێكی نوێ تاوەكو شوێنەواری هێرشی داعش لە كۆجۆ وەكو خۆی بمێنێتەوە.

گوندە نوێیەكە بڕیارە لەسەر روبەری 65 دۆنم زەوی دروستبكرێتەوە.

بەڵام خەڵكی كۆجۆ چاوەڕێن ئەو گوندە زوو تەواو بێت، داود سالم وتی "هەموو بەڵگەنامە و زانیارییەكانم پەیوەست بە روخاندنی خانووەكەم پێشكەشی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ كردووە، هەر دەڵێن بەمنزیكانە دەست بە دروستكردنی گوندی كۆجۆ دەكرێت".

"نە دەتوانین بگەڕێینەوە، نە حاڵمان لە ئاوارەییدا باشە، پێویست بوو ئەوەیان لەبەرچاوبگرتایە و زوو دەستیان بە دروستكردنی گوندەكە بكردایە".

گوندە نوێیەكە كە بڕیاربوو لە كۆتایی 2023 تەواوبێت، بەدوری 4كم لە گوندە كۆنەكەوە دورە، لە قۆناغی یەكەمدا 150 خانوو لە خۆدەگرێت، لەگەڵ خوێندنگە، نەخۆشخانە و ژمارەیەك باخچە، ئەوەش بەپێی دیزاینەكەی.

سەڵاح حەسەن، نوێنەری دەستپێشخەری نادیە موراد بە (كەركوك ناو)ی وت "راستە دواكەوتووە، ماوەیەك كێشەی زەوی هەبوو، ئەوەش چارەسەر كرا، ئێستا هەموو شتێكی پڕۆژەكە تەواوبووە، تەنیا چاوەڕێین ئەو نوسراوەی سەرۆك وەزیران بڕیاری لێداوە و لە ئەمیندارێتی گشتییە بگاتەوە ئیدارەی نەینەوا و دەست بە پڕۆژەكە بكەین".

عەلی گەعبۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئاوارە و رێكخراوەكان بە ( كەركوك ناو )ی وت "هەر لە رۆژی یەكەمی راگەیاندنی پڕۆژەكە لەسەر خەت بوین، بۆ ئەوەی بە زوترین كات تەواوبكرێت، هیچ كێشەیەك لەبەردەم پڕۆژەكەدا نەماوە، ئەوەی هەیە پێویستە نوسراوەكە لە تاپۆی دەوڵەت بگەڕێتەوە بۆ شارەوانی نەینەوا، ئەوەش لەپێناو بەكارهێنانی زەوییەكە بۆ یەكەی نیشتەجێبون".

"پێشبینی دەكەم لەم یەك دوو هەفتەیەدا هەموو شت تەواوبێت"، عەلی كەعبۆ وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT