جڤاتی رۆحانی ئێزیدی: مارەبڕین لە 75گرام-ەوە بۆ 47 گرام كەمبكەنەوە

فۆتۆ: Thomas Curryer، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە

عەمار عەزیز

جڤاتی روحانی ئێزیدیی، كاردەكات بۆ ئەوەی مارەبڕین لە 75گرام-ەوە بۆ 47 گرام كەمبكاتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئاڵتون و لەپێناو ئاسانكاریی بۆ هاوسەرگیریی كردن.

نرخی ئاڵتون لە ئەمساڵدا ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد و ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئاب نرخی یەك مسقاڵ زێڕ عەیار 21 گەیشتە 526 هەزار دینار.

خدر دێرو خانسوری، راوێژکاری جڤاتی روحانی ئێزیدیی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەیەكە بەشێك لە كچان و كوڕان و كۆمەڵێك كەسایەتی و سەرۆک عەشیرەت داوا دەکەن ماڕەبرین کەمبکرێتەوە بە جورێک لەگەڵ دۆخی ئێستا-دا بگونجێت، بۆیە جڤاتی رۆحانی بڕیاری سەرەتایی ئەوەیە 26گرام كەمبكاتەوە".

مارەبڕین بەگشتی لە نێو ئێزیدییەكاندا دیاریكراوە، كە 75گرامە، كە دەكاتە نزیكەی 18 مسقاڵ ئاڵتون، لە ئێستادا دەیەوێت 26گرام كەمبكاتەوە و بیكاتە 47گرام، بەواتای 11 مسقاڵ.

 "جڤاتی روحانی لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆی کردووە، بۆ سوككردنی باری سەرشانی گەنجان و لەپێناو ئەوەی گەنجان هاوسەرگیریی بكەن و توشی كێشە نەبن، دەیەوێت مارەبڕین كەمبكاتەوە، بەڵام هێشتا بڕیاریی كۆتایی نەدراوە"، خدر دێرو خانسوری زیاتر وتی "هەركات بریاریی كۆتایی درا رادەگەیەنرێت".

"توانای گەنجانی ئێمە سنوردارە و ناتوانن ئەو بڕە پارەیە پەیدابکەن بۆ هاوسەرگیری، ئەمەش وادەكات خۆیان بەدوربگرن لە هاوسەرگیری، بۆیە راگەیاندنی ئەو بڕیارە بەزویی زۆر پێویستە".

جڤاتی روحانی كە میری ئێزدییان سەرۆكایەتی دەكات، پێكدێت لە سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌شێخ، شێخی وه‌زیره‌  و سه‌رۆكی قه‌والان و چەند ئەندامێكی تر، هه‌موو ئه‌وانه‌ش بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT