دوای روداوەكانی رێگای كەركوك – تكریت
كامێرای چاودێری دادەنرێت و هاتوچۆی بارهەڵگر سنوردار دەكرێت

سەڵاحەدین/ 30ـی ئەیلولی 2024/ راگرتنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە سەر رێگای سەرەكی تكریت - كەركوك بە ئامانجی كەمكردنەوەی روداوەكانی هاتوچۆ فۆتۆ: بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە

كەركوك ناو

ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە رۆژانە بۆی نییە لە رێگای سەرەكی نێوان كەركوك – تكریت هاتوچۆ بكات، جگەلەوەش بە دانانی كامێرای چاودێری و زیادكردنی لێپرسینەوە، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كەركوك و سەڵاحەدین دەیانەوێت روداوەكان كەمتر بكەنەوە.

بەپێی راگەیاندنی ئیدارەكانی پارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین، بە سەرپەرشتی و پاڵپشتی حكومەتی خۆجێیی هەردولا، بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ لەسەر زنجیرەیەك رێكار رێككەوتن بۆ رێكخستنەوەی هاتوچۆ لەرێگای سەرەكی دوو پارێزگاكەدا، دوابەدوای تۆماركردنی چەندین روداوی هاتوچۆی كوشندە.

ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئەیلول، یەكێك لە بڕیارەكانی هاتوچۆ چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بریتییە لە راگرتنی جوڵەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە (چوار تۆن یان زیاتر) لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە لەسەر ڕێگای کەرکوک - تکریت و بە هەردوو ئاڕاستەدا.

ئەوەش دوای ئەوەهات پێنجشەممەی رابردوو 26ـی ئەیلول، سێ ئۆتۆمبێل لەو رێگایە پێكیاندادا و لە ئەنجامدا 10 كەس گیانیانلەدەستدا و سێی تر برینداربون، روداوەكەش لە نێوان ئۆتۆمبێلی جۆری جی ئێم سی، ئەڤەلۆنێك و كرێنێكدا بوو.

بڕیار و رێكارە هاوبەشەكانی هاتوچۆی كەركوك و تكریت، كە راگەیاندنی رەسمی هەردوو ئیدارەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ بڵاویانكردۆتەوە، خاڵێكی دیكەی تایبەتە بە دانانی کامێرا و ڕادار بۆ پابەندبوون بە خێرایی سنوردار، هەروەها هاتووە كە پێویستە بەرێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەکان لە هەردوو پارێزگاکە پابەندبكرێن بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، جگە لەوەش جێگیرکردنی مەفرەزەکانی هاتوچۆ و جێگیرکردنی مەفرەزەی پزیشکی و بەرگری شارستانی لەگەڵ دانانی هێماکانی هاتوچۆ لە نێو رێكارە نوێیەكاندایە.

تەنیا ساڵی رابردوو لە پارێزگای كەركوك 386 روداوی هاتوچۆ بە رەسمی تۆماركراون، كە بەهۆیەوە 174 كەس گیانیان لەدەستداوە و 485 كەسی تر برینداربون، بەپێی راپۆرتێكی دەزگای ناوەندی ئامار و تیایدا هاتووە؛ لە پارێزگای سەڵاحەدین لەو ساڵەدا 354 روداو هەبوون، كە 136 گیان لەدەستدان و 301 برینداری لێكەوتۆتەوە.

لە پارێزگاكانی عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، ساڵی رابردوودا بە گشتی 11 هەزار و 552 روداوی هاتوچۆ تۆماركراوە، رێژەی زیاتر لە سەدا 56ـیان لەسەر رێگای سەرەكی رویانداوە و بەوهۆیەوە، سێ هەزار و 19 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 12 هەزار بریندار هەبوون.

بەگشتی رێگای نێوان كەركوك – سەڵاحەدین، كە پارێزگاكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان بە رێگای بەغدا دەبەستێتەوە، یەكێكە لەو رێگایانەی بەردەوام بۆتە جێی ناڕەزایی شۆفێران و مانگانە چەندین روداوی هاتوچۆی لێ رودەدات، بەشێوەیەك شۆفێران بە "رێگای مەرگ" ناوی دەبەن.

ئەو رێگایە چەند ساڵێكە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی دەستیپێكردووە و هێشتا تەواو نەكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT