چیتر نەخۆشخانەكانی كەركوك بەخۆڕایی نین

نەخۆشخانەی گشتی داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

رێباز  حەسەن

سەردانیكردنی نەخۆشخانەكانی كەركوك لە ئەمڕۆ سێشەممە یەكی تشرینی یەكەمەوە بون بە پارە، ئەوەش لەسەر بڕیاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عیراق.

بڕیارەكە تەواوی نەخۆشخانەكانی كەركوك دەگرێتەوە، جگە لە بنكە تەندروستییەكان، بۆ هەر سەردانیكەرێك بڕی پێنج هەزار دینار وەردەگیرێت.

سامان یابە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، وردەكارییەكەی بۆ (كەركوك ناو) ئاشكراكرد و وتی "رۆژانی شەممە، یەكشەممە، سێشەممە و پێنجشەممە بۆ هەر سەر دانیكەرێك لە هەركاتێكدا بچێت بۆ نەخۆشخانە بڕی پێنج هەزار دیناری لێوەردەگیرێت".

سەبارەت بە رۆژەكانی تر، وتی "رۆژانی دووشەممە و چوارشەممە تەنیا لە كاتژمێر سێی ئێوارە تا حەوتی ئێوارە بە خۆڕاییە، دواتر دەبێتەوە بە پارە".

هەرچی رۆژانی هەینی-یە، سامان یابە وتی "رۆژانی هەینی لە كاتژمێر هەشتی بەیانی بۆ 12ی نیوەڕۆ بەخۆڕاییە و دواتر دەبێتەوە بە پارە".

لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی لە سەردانیكەر وەردەگیرێت، وتی "پێنج هەزار دینارە، ئەوە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی عیراقە”.

لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی هەركەسێك لەناو نەخۆشخانەكان جگەرە بكێشێت بڕی 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT