بۆنی كێڵگە پەلەوەرییەكان خەڵكی باشیك هەراسان دەكات

نەینەوا/ 2024/ پرۆژەی كێڵگەیەكی پەلەوەری لە سنوری ناحیەی باشیك فۆتۆ: ڤێتێرنەری باشیك

عەمار عەزیز – نەینەوا

وەرزی پاییزە و كەشێكی فێنكی هەیە، تا ئێواران و شەوان فاروق محەمەد لە حەوشەی ماڵەكەیدا دابنیشێت، بەڵام لە تاو بۆنی ناخۆشی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەو مافەی بێبەش بووە.

نزیكەی 12 كێڵگەی پەلەوەری لە باشیك هەن، هەندێكیان بە دوری یەك كیلۆمەتر و تیاندا هەیە تەنیا 500 مەترێك لە ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانەوە دوورە، ئەوەش وایكردوو دەمەوئێواران و بە تایبەتتر لەكاتی شنەبا و رەشەبادا، بۆنی ناخۆش بگاتە زۆربەی ماڵەكان. بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو).

فاروق محەمەد، دانیشتووی ناوەندی باشیك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بۆنی ئەو کێڵگانە هەموو خەڵکی باشیكی بێزار کردووە، بەتایبەت ئەوانەی له بەحزانێ-ـن، چونکە کێڵگەکان نزیکن لەوانەوە، بۆنەکە لە ئێواران و شەواندا زۆرە، ئەگەر بایەكی بەهێزیش هەبێت ئەوە بۆنەکە زیاتر بڵاودەکاتەوە".

"ئەم كێشەیە هی ئێستا نییە، زۆر لە مێژە هەیە و چارەسەر نەكراوە" بەوتەی فاروق، دەشڵێت لەكاتێكدا بەپێی یاسا نابێت كێڵگەكان نزیكبن لە ماڵانەوە، ئەگەر زۆر پێشتریش هەبووبن، ئەوا ئێستا شار گەورە بووە و كێڵگەكان كەوتوونەتە نزیكی ماڵی هاوڵاتیانەوە.

بەپێی رێنمایی و رێكارە بەركارەكانی عیراق، هەر پرۆژەیەكی پەلەوەری پێویستە لانیكەم یەك كیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانەوە دوربێت و پاشماوەی كێڵگەكان چارەسەر بكرێن، ئەوەش لە شوێنێكدا كە كاریگەریی و بۆنی ناخۆشی بۆ هاوڵاتیان نەبێت.

خەیرەدین نەبی حسێن، خاوەنی پرۆژەی هەڵهێنانی هێلكەیە (بەرهەمهێنانی جوجك) لە باشیك، دەڵێت هیچ بۆنێكی ناخۆش لە پرۆژەكەی ئەوانەوە بڵاونابێتەوە، چونكە هەر بە جوجكەیی بەرهەمەكانیان دەدەن بە كێڵگەكان و لەوێ گەورە دەكرێن، "بۆنە ناخۆشەكە زیاتر لەو كێڵگانەوەیە كە مریشكی سور بەخێو دەكەن بۆ بەرهەمهێنانی هێلكە".

لەو 12 پرۆژە پەلەوەرییەی باشیك، بەرهەمهێنانی جوجكەی تێدایە لەگەڵ بەخێوكردنی مریشك بۆ هێلكە یان گۆشتەكەی.

عەدنان محەمەد، بەرێوەبەری ڤێتێرنەری باشیك نەیشاردەوە كە كێشەی بڵاوبونەوەی بۆنی ناخۆش لە ناوچەكەدا هەیە، بەڵام بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە "کێڵگەکان هەموویان بۆنیان نییە، تەنیا دوو کێڵگە بۆنیان هەیە و ئەوانیش ئەوانەن مریشک بەخێو دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی هێلكە".

palawar kelga bashik 2024 (1)
نەینەوا/ 2024/ كۆكردنەوە و گواستنەوەی پاشماوەی كێڵگەیەكی پەلەوەری لە باشیك فۆتۆ: ڤێتێرنەری باشیك

 تیمی هاوبەشی ناحیە و شارەوانی و كشتوكاڵ، بە شێوەی مەیدانی ماوەی جارێك سەردانی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكەن، دوایینجار چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بووە و خاوەنی پرۆژەكان ئاگاداركراونەتەوە، رۆژانە كێڵگەكە پاك بكەنەوە، زبڵ و پاشماوەی پرۆژەكەش چارەسەر بكرێن یان لە شوێنێكدا فڕێبدرێن كە بۆنەكەی بڵاونەبێتەوە تا سزا نەدرێن.

"کێڵگەکان زبڵێکی زۆریان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی هێلکە بەرهەمدەهێنن، هۆکاری بۆنەکەش بۆ ئەو ماددانە دەگەڕێتەوە کە بەمریشک دەدرێت وەكو پرۆتین... لەگەڵ ئیدارەی ناحیە لەسەر خەتین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە" عەدنان محەمەد وای وت.

پاشەڕۆی پەلەوەر لەوانەش مریشك وەك ئالیك بۆ ئاژەڵ لە زۆربەی ناوچەكانی عیراق بەكاردەهێنرێت، بۆیە كۆمپانیا یان خەڵك دەیكڕنەوە و بە چەند رێگایەك، چارەسەری دەكەن و ئالیكی لێ بەرهەمدەهێنن.

غەزوان داودی، بەرێوەبەری ناحیەی باشیك بە (کەرکوك ناو)ـی وت "بەردەوام بۆ ئەم بابەتە لەسەر خەتین بۆ ئەوەی خاوەنی پرۆژەكانی پەلەوەری مەرج و رێنماییەكان جێبەجێبكەن، بەوپێیەی هەمویان لەژێر چاودێری ئێمەدا كاردەكەن" بەوتەی ناوبراو دوو مانگ پێش ئێستا بەدوای سكاڵاكاندا دەربارەی ئەو كێشەیە چوون.

"بەمەیدانی سەردانی کێڵگەکانمان کرد  و ئەوەمان بەسەر خاوەنەكانیاندا فەرز كرد، كە رۆژانە پاشماوەكان هەڵبگیرێنەوە و پرۆژەكە پاكبكرێتەوە" بەوتەی داودی.

پارێزگای نەینەوا، لەروی ژمارەی كێڵگەی پەلەوەرییەوە یەكەمین پارێزگایە لەسەر ئاستی عیراق و 499 پرۆژەی پەلەوەری لە كاردان، بەپێی راپۆرتێكی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی 2022.

"پێویستە كێڵگە پەلەوەرییەكان پابەندبكرێن بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان، ئەوەش لەڕێی چاودێری بەردەوامی حكومەتی خۆجێییەوە تا چیتر بۆنی ناخۆش بە ناوچەكەدا بڵاونەكەنەوە و ئەم كێشەیە بە تەواوی چارەسەر بكرێت" فاروق محەمەد، جارێكیتر جەختی لەو داواكارییە كردەوە بە ناوچەی خەڵكی باشیكەوە.

ناحیەی باشیك، سەر بە قەزای ناوەندی موسڵە (12كم باكوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ)، ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 149 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، جگە لە شەبەك، پێكهاتەكانی ئێزیدی و كریستیانی تێدایە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT