سەرپەرشتیاریی ناوەندی تایبەت بە کەرکوک لە دەستەی ئامار:
“لەكوێ دادەنیشیت لەوێش سەرژمێر دەكرێیت”

كەركوك، ناوەندی شار، بەردەم قەڵا. فۆتۆ: كەركوك ناو

رێباز حەسەن

حسێن حەمید خەلەف، سەرپەرشتیاریی ناوەندی تایبەت بە کەرکوک لە دەستەی ئامار، رایدەگەیەنێت كە ئەو سەرژمێرییە هیچ پەیوەندی بەو سەرژمێرییەوە نییە كە لە ماددەی 140ی دەستوری عیراقدا باسكراوە، جەختیشدەكاتەوە لەوەی "كۆبونی خۆراك و كارتی نیشتیمانیی كەس نافەوتێت"، وەك هەندێك دەنگۆی لەو شێوەیە بڵاودەكەنەوە.

حسێن حەمید، كە لە بەغدادەوە تایبەت بۆ پرسی سەرژمێری رەوانەی کەرکوک كراوە، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی (كەركوك ناو)دا دەڵێت كە ئامانجی سەرەكی ئەم سەرژمێرییە بۆ ئەوەیە حكومەت بزانێت خەڵك لەكوێ و لە چ ناوچەیەك نیشتەجێیە و دەژیت و پێویستی بە چ جۆرە خزمەتگوزارییەكە.

سەرژمێرییەكە بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجامبدرێت، ئەوەش یەكەم سەرژمێرییە لە دوای ساڵی 1997 كە بەبێ هەرێمی كوردستان و لە سەردەمی حزبی بەعسدا ئەنجامدرا.

“ئەگەر هەر ماڵێک یان هاوڵاتییەک بەڵگەی نیشتەجێبوونی شەش مانگی هەبێت کە لە شوێنێکی تر نیشتەجێیە، وەک ژماردن لەسەر ئەو شوێنە هەژمارە دەکرێت، بەڵام ئەوە کاریگەری ناکاتە سەر ڕەسەنێتی ئەو كەس و خێزانە”، حسێن حەمید زیاتر وتی “بۆ نمونە كاتێك تۆ كەركوكیت، بەڵام لە هەولێر، یان سلێمانی و بابل دادەنیشیت، ئەوە کاریگەری نابێت کە رەسەنی تۆ بسڕیتەوە کە لە بنەڕەتدا کەرکوکیت، بەڵام كاریگەریی دەبێت لەسەر ئەوەی لە كوێ دادەنیشیت هەر لەوێش پێویستت بە خزمەتگوزارییە”.

کەرکوک ناو: وەك دەزانین وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە عیراق ئەنجامدەدات، ئامانجی سەرەكی ئەم سەرژمێرییە لە ئیستادا چییە؟

حسێن حەمید:ئەمە سەرژمێریی دانیشتووانە، ئامانجەكە بۆ ئەوەیە تاوەکو بزانرێت دابەشبوونی ژمارەی دانیشتووان چۆنە و چۆن بەسەر ناوچە جیاوازەكاندا دابەشبون، بە تایبەتیش ئامانج لێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەكی باشترە، چونكە لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە باشتر بۆمان روندەبێتەوە چ ناوچەیەك چەندی ئاو، کارەبا، خوێندنگە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی پێویستە.

کەرکوک ناو: هاوڵاتیان چ بەڵگەیەكیان پێویستە لەكاتی ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە؟

حسێن حەمید: بۆ سەرژمێری تەنیا بەڵگەی کارتی نیشتیمانی و فۆرمی کۆبۆنی خۆراک پێویستە.

کەرکوک ناو: وەك دەزانین لە پەڕەی فەرمی سەرژمێری ئاماژە بە نەتەوە نەکراوە، هۆكارەكەی چییە

حسێن حەمید: وەك لە سەرەتادا ئاماژەمپێكرد،  ئامانج لەم سەرژمێرییە تەنیا ئەوەیە کە بزانین چەند مرۆڤ لە کوێ دەژین و چۆن دابەشبون، بۆ ئەوەی خزمەتیان بکەین، بۆیە ئەوە بە گرنگ نابینین کە ئەو خانەیە ئاماژە پێبکەین.

کەرکوک ناو: ئەم سەرژمێرییە نابێتە بەشێك لە قۆناغی جێبەجێكردنی ماددەی 140؟ چونكە یەكێك لە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ماددەكە ئەنجامدانی سەرژمێرییە دوای قۆناغی قەرەبوكردنەوە و ئاساییكردنەوە.

حسێن حەمید: نەخێر ئەم سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەکی بە ماددەی 140ی دەستوری عیراقەوە نییە، مەگەر تەنیا لە دۆخێکی تایبەتدا ئەنجومەنی وەزیران و دادگای فیدراڵی ئاگادار بکرێنەوە، کە ئەم سەرژمێرییە هاوشێوەی هەمان سەرژمێری دەبێت کە لە ماددەی 140ی دەستوری عیراق ئاماژەی بۆ كراوە و هەژماربكرێت، بەڵام ئێمە جارێكی تر جەختدەكەینەوە لەوەی ئەم سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەكی بەو سەرژمێرییەوە نییە كە لە ماددەی 140دا ئاماژەی پێكراوە، چونكە خانەی نەتەوەشی تیانییە.

ئەم سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەکی بە ماددەی 140ی دەستوری عیراقەوە نییە

کەرکوک ناو: ئەگەر لەو رۆژەدا لەماڵ نەبیت چی دەبێت؟ چی لەدەستدەدەیت؟

حسێن حەمید: ئەگەر هەر ماڵێک یان هاوڵاتییەک بەڵگەی نیشتەجێبوونی شەش مانگی هەبێت کە لە شوێنێک نیشتەجێیە، وەک ژماردن لەسەر ئەو شوێنە هەژمارە دەکرێت، بەڵام ئەوە کاریگەری ناکاتە سەر ڕەسەنی خۆت کە کەرکوکیت، واتا ئەوە کاریگەری نابێت کە رەسەنی تۆ بسڕیتەوە کە تۆ لە بنەڕەتدا کەرکوکیت.

ئەگەر خۆت لە رۆژی سەرژمێریدا لە ماڵ نەبیت، بەڵام ئەندامانی خێزانەكەت لە ماڵبن و کارتی نیشتیمانیی تۆ پیشانی کارمەندانی سەرژمێری بدەن بەسە بۆ ئەوەی کە تۆ لە سەرژمێریدا هەژمار بکرێت.

کەرکوک ناو: هەندێك دەنگۆی ئەوە دەكەن كە ئەگەر بۆ نمونە تۆ خەڵكی كەركوك بیت و لە سەرژمێرییەكەدا لە كەركوك نەبیت، ئەوا دواتر فۆرمی خۆراك و كارتی نیشتیمانی كەركوكت لێدەسەنرێتەوە؟

 حسێن حەمید: نەخێر بە هیچ شێوەیەك وانییە، ئەوە كاری سەرژمێری نییە كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتیمانی ئەو پارێزگایەت لێوەربگرنەوە، هەر كەسێك خەڵكی كەركوك بێت و لە شارێكی تر وەك هەولێر، سلێمانی یان بابل دابنیشێت، ئەوە زۆر ئاساییە و هەر بە خەڵكی كەركوك دەمێنێتەوە، بەڵام لەو حاڵەتەدا لەو پارێزگایەی كە لێی نیشتەجێیە سەرژمێری دەكرێت و  كاریگەریی دەبێت لەسەر ئەوەی لە كوێ دادەنیشێت هەر لەوێش پێویستت بە خزمەتگوزارییە.

كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتیمانی لە كەس وەرناگیرێتەوە

کەرکوک ناو:  لەم سەرژمێرییەدا چ زانیارییەك كۆدەكرێتەوە، پرسیاری چی لە خەڵك دەكرێت؟

حسێن حەمید: ئێمە کۆمەڵێک پرسیارمان هەیە، دەربارەی پیشەی هاوڵاتی، تەندروستی هاوڵاتییەكان، ئۆتۆمبێلی هەیە یاخود نا، خانوو كەلوپەلی ناوماڵ، ئاستی خوێندەواری ئەندامانی خێزان، پرسیار لەبارەی ئەوەی چ جۆرە خزمەتگوزارییەكیان بۆ كراوە، بۆ نمونە ئاو و ئاوەڕۆیان چۆنە، كارەبا و خزمەتگوزاری تر چییان بۆ دابینكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT