(كەركوك ناو) دەقی بڕیارەكە بڵاودەكاتەوە

بڕیارێكی پەرلەمانی ئەوروپا هۆشداری بە عیراق دەدات:
دەستبەجێ و بەتەواوی هەمواری یاسای باری كەسێتی رەتبكەنەوە

نەینەوا/ 2024/ ناڕەزایی چالاكوانی ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی لە پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: ئەحمەد بلە

كەركوك ناو

پەرلەمانی ئەوروپا داوای دەستبەجێ رەتكردنەوەی تەواوەتی پێشنیازەكانی هەمواری یاسای باری كەسێتیی لە پەرلەمانی عیراق دەكات، بەهۆی پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەكانی ژنان، بەپێچەوانەوە هۆشداری دەدات لە پاشەكشێی ناوبانگی عیراق و كەمكردنەوەی یارمەتییە بیانییەكان.

داواكارییەكەی ئەوروپا، لە چوارچێوەی بڕیارێكدایە و 10ـی تشرینی یەكەمی 2024 دەریكردووە دەربارەی دۆسیەی هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە 188ـی ساڵی 1959 لە عیراق، كە شەپۆلێك لە ناڕەزایی ژنان و رێكخراوە داكۆكیكارەكانی مافی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

دەقی هەموارەكە بریتییە لە دەستكاریكردنی هەردوو ماددەی 2 و 10ـی یاسای باری كەسێتی، كە ئامانج لێی زیادكردنی پشتبەستنە بە حوكمەكانی هەردوو مەزهەبی شیعە و سونە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا، لەگەڵ پەسەندكردنی گرێبەستی هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا.

مەترسی گەورەی رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە ژنان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئەوەیە؛ هەمواری پێشنیازكراوی یاساكە، رێگە بۆ هاوسەرگیری كچانی منداڵی نۆ ساڵ دەكاتەوە.

دەقی-بڕیارنامەی-پەرلەمانی-ئەوروپا كە (كەركوك ناو) دەقەكەی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە بۆ زمانی كوردی، تیایدا هاتووە "هانی پەرلەمانی عیراق دەدات ئەو هەمواركردنە پێشنیازكراوانەی بۆ یاسای 188/1959 (یاسای باری كەسێتی) کراون بە تەواوی و دەستبەجێ رەتبكاتەوە؛ ئەوە بەوپەڕی نیگەرانییەوە پشتڕاستیدەكاتەوە كە ئەم هەمواركردنانە پێشێلكردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عیراق دەبن لەمەڕ مافە سەرەتاییەكانی ژنان، كە دەبێتە هۆی پاشەكشەیەكی بەرچاو، ناوبانگێكی نێودەوڵەتی نەرێنی تر و ڕاگرتنی هەندێك یارمەتی بیانی لەلایەن ڕێكخراوە فرەلایەنەكانەوە".

لە خاڵێكی دیكەی بڕیارەكەدا، داوا لە جێگری سەرۆك/نوێنەری باڵا و وڵاتانی ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا دەكات، كە هەمواركردنە پێشنیازكراوەكان ئیدانەبكەن؛ "شاندی یەكێتیی ئەوروپا بۆ عیراق داوای مەرجداركردنی یارمەتییەكانی گەشەپێدان بە مەشقی دادوەری سەبارەت بە توندوتیژی سێكسی و جێندەری و دامەزراندنی پەناگە (شێڵتەر)ی ژنان بكات".

پەرلەمانی ئەوروپا بەوپەڕی نیگەرانییەوە پشتڕاستیدەكاتەوە كە ئەم هەمواركردنانە پێشێلكردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عیراق دەبن لەمەڕ مافە سەرەتاییەكانی ژنان

پەرلەمانی ئەوروپا لە لێكدانەوەی مەترسییەكانی ئەو هەموارە، گەڕاوەتەوە بۆ شارەزایانی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ كە بۆ هەندێك كەس، كەمترین تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری نۆ ساڵ دەبێت بۆ كچان و 15 ساڵ بۆ كوڕان، ترس هەیە لە زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە داهاتوودا؛ لە كاتێكدا سەدا 22ـی هاوسەرگیرییە تۆمارنەكراوەكان كچانی خوار تەمەنی 14 ساڵانن.

هەروەها ئاماژەی بە دەرەنجامی روپێوییەكی تیمی ڕاپرسی عیراقیی كردووە، كە سەدا 73ـی بەشداربوان "دژایەتییەكی توند"ـیان دەربڕیووە بەرامبەر  بەو گۆڕانكاریانەی کە پێشنیازكراون لە یاسای باری كەسێتییدا بكرێن.

هەمواری یاسای باری كەسێتی، رائد مالیكی پەرلەمانتاری سەربەخۆ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزیكردۆتەوە و پاڵپشتی پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی باڵای شیعە مەزهەبی هەیە، لە نێویاندا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان.

بەپێی هەموارەكە بڕگەیەك بۆ ماددەی 2ـی یاساكە زیاددەكرێت و تیایدا هاوڵاتی سەرپشك دەبێت بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری، حوكمەكانی یاسای باری كەسێتی جێبەجێبكات یان حوكمەكانی مەزهەبی شیعە یاخود سونە لە هەموو بابەتەكانی پەیوەست بە باری كەسێتیدا، لەوەشدا پشت بە (تۆماری حوکمە شەرعییەکان لەپرسەکانی باری کەسێتیدا) دەبەستن.

ئەو تۆمارەی حوكمی شەرعی پێویستە هەردوو دیوانی وەقفی شیعە و سونە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری دایبنێن، لە ماوەی شەش مانگدا لە چونە بواری جێبەجێكردنەوەی هەموارەكەوە، رەوانەی پەرلەمان بكرێت تا رەزامەندی لەسەر بدرێت.

شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لە سلێمانی – بەشێك لە كارەكانیان بەرگریكردنە لە مافەكانی ژنان-، بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەندێك لە مەزهەبەكان رێگە بە بەشودانی كچانی نۆ ساڵانیش دەدەن، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە ئێمە لەگەڵ رەتكردنەوەیدان".

ڤیدیۆ: بەغدا/ 2024/ خۆپیشاندانی ناڕەزایی "هاوپەیمانی 188" دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی سەرچاوە: پەیجی هاوپەیمانییەكە لە فەیسبوك

لە كاتێكدا به‌پێی یاسای باری كەسێتی كە ئێستا و پێش هەموارەكە بەركارە، مه‌رجه‌ كچ 18 ساڵی ته‌واوكردبێت بۆ هاوسه‌رگیری، به‌ڵام له‌ بڕگه‌ی 1ـی مادده‌ی 8ـی هه‌مان یاسادا هاتووه‌؛ هه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نی 15 ساڵی ته‌واو كردبێت، ئه‌گه‌ر پێویستی زۆر هه‌بێت بۆ هاوسه‌رگیریییه‌كه‌ی، ئه‌وا ره‌زامه‌ندی پێده‌درێت له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی باڵغ بێت و له‌ڕوی جه‌سته‌ییه‌وه‌ شیاو بێت.

پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارەكەیدا مەترسی ئەوەی نیشانداوە كە رەشنووسی هەمواركردنەوەكان، ئەگەری لاوازتركردنی منداڵانی كچ زیاتر دەكات، بە تایبەت منداڵانی بێ باوك و منداڵانی خێزانە كەم داهاتەكان، مەترسی بوونیان بە قوربانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و ئیستغلالكردن زیاد دەكات.

داواشدەكات عیراق پلانێكی كرداری نیشتمانی بگرێتەئەستۆ بۆ نەهێشتنی هاوسەرگیری منداڵان و بە تاوان ناساندنی دەستدرێژی خێزانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و پێشخستنی مافەكانی ژنان و كچان.

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عیراق، لە 20ـی ئەیلولی 2024 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا بەڵێنیدا، هەموو ناڕەزایی و تێبینییەكان لە بارەی هەمواری یاسای باری كەسێتی، بە هەند وەربگرن و رەتیكردەوە سەپاندنی ئیرادەی هیچ لایەك لە تێپەڕاندنی هەموارەكەدا هەبێت.

هەموارەكە لە 4ـی ئابی 2024 خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، لە 3ـی ئەیلولی ئەمساڵ پەرلەمان هەوڵیدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكات بەڵام هەڵمەتی پەرلەمانتاری ناڕازی نەیهێشت نیسابی دانیشتنەكە تەواو بێت، دواتر لە 16ـی هەمان مانگدا پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ یاساكە كرد و بڕیار بوو لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2024 دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

بەهۆی هەموارەكەوە بابەتە خێزانییەكان، لەوانەش هاوسەرگیری، جیابوونەوە و سەرپەرشتیكردنی منداڵ، بە شێوەیەكی كاریگەر دەچنە ژێر دەسەڵاتی دادگا ئاینییەكان نەك دادگا مەدەنییەكان

مەیسەم عەبدوڵا، چالاكوانی مافەكانی ژنان لە نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە هەموارەكە رەتدەكەینەوە چونكە پێشێلكاری مافەكانی ژنانی تێدایە، بەپێچەوانەی ئەو بانگەشانەی گوایە بۆ پارێزگاریكردنە لە مافەكانمان"، ئەوەش لەكاتی گردنەوەیەكی ناڕەزاییدا هات بە بەشداری دەیان ژن و چالاكوان.

لە بەرانبەر پشتگیری بەهێزی پەرلەمانتارانی شیعە، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی پێكهاتەكانی دیكە، بە تایبەت لیستە كوردییەكان دژی هەمواری یاسای باری كەسێتیی دەوەستنەوە، جگە لە هەڵمەتی بەردەوام و گردبونەوەی ناڕەزایی رێكخراوەكانی ژنان لە زۆربەی پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، لە نێویاندا "هاوپەیمانی 188" كە چەندین رێكخراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاكوانی ژنانی تێدایە.

"هاوپەیمانی 188"ـی عیراق و سلێمانی، چەند رۆژێك لەمەوبەر و بە بەیاننامەیەك، پێشوازییان لە بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەوروپا كرد و جارێكیتر جەختیانكردەوە، لە دژایەتی هەمواری یاسای باری كەسێتی.

پەرلەمانی ئەوروپا هەر لە بڕیارەكەیدا ئەو هەموارەكە بە "زۆر بەرتەسك" ناودەبات، كە كاریگەری لەسەر مافەكانی ژنان هەیە؛ چونكە بەهۆیەوە بابەتە خێزانییەكان، لەوانەش هاوسەرگیری، جیابوونەوە و سەرپەرشتیكردنی منداڵ، بە شێوەیەكی كاریگەر دەچێتە ژێر دەسەڵاتی دادگا ئاینییەكان نەك دادگا مەدەنییەكان.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عیراق، 22ـی ئەیلولی ئەمساڵ، لە راگەیەندراوێكدا پشتگیری خۆی بۆ هەموارەكەی یاسای باری كەسێتی نیشاندا و رەتیكردەوە، هەنگاوێك بێت بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە و منداڵ، ئەوەشی رونكردەوە هەموارەكە پاڵپشتی ماددەی 41ـی دەستوری هەمیشەیی هەیە كە تیایدا هاتووە "عیراقییەكان ئازادن لە پابەندبوون بە رای كەسێتییان بەپێی ئایین و ئایینزا و بیروباوەڕ و هەڵبژاردنی خۆیان، ئەمەش بە یاسا رێكدەخرێت".

هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی، لە 17ـی ئەیلول لێكدانەوەی بۆ ئەو ماددەیەی دەستور كردووە وەكو پاڵپشتییەك بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتیی و جەختیكردۆتەوە، هاوڵاتیانی عیراق ئازادن لە رێكخستنی باری كەسێتییاندا.

461780022_8274955545935840_1056562186899247302_n

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، 10ـی تشرینی یەكەمی 2024 لە راپۆرتێكدا داوای راگرتن و رەتكردنەوەی هەمواری یاسای باری كەسێتی كرد، بەوپێیەی دەبێتە هۆی پێشێلكردنی مافەكانی ژنان و كچان، جیاكاری زیاددەكات و رێگە دەدات كچانی منداڵ لە تەمەنی 9 ساڵیدا بە شوو بدرێن.

رازاو ساڵحی، توێژەر كاروباری عیراق لە رێكخراوەكە دەڵێت "پێویستە یاسادانەرانی عیراق گوێ لە هۆشدارییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، گروپەكانی داكۆكیار لە مافەكانی ژنان بگرن دەربارەی كاریگەری وێرانكارییەكانی ئەم هەموارە، كە رەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەمەنی ئێستای یاسایی هاوسەرگیری 18 ساڵ بۆ كچان و رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ هاوسەرگیری منداڵان".

بەپێی رێكخراوی لێبوردن، ئەو هەموارە پێشێلكردنی پەیمانە نێودەوڵەتییەكانە كە عیراق پەسەندی كردووە، لە نێویاندا رێككەوتننامەی نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی جیاكاری دژی ژنان (سیداو) و رێككەوتننامەی مافەكانی منداڵ.

سەدا 28ـی كچانی عیراق پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیری دەكەن، بەپێی ئامارێكی رێكخراوی یونیسێف، هەروەها ئامارێكی یونامی ئاشكرایدەكات، سەدا 22ـی هاوسەرگیری تۆمارنەكراو كچانی خوار تەمەنی 14 ساڵی لە خۆدەگرێت. ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی هۆشداریی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئه‌و كچانه‌ی به‌ر له‌ 18 ساڵی هاوسه‌رگیرییان پێده‌كرێت، زیاتر له‌ هه‌ر كه‌سێكی تر روبه‌ڕوی توندوتیژی، هه‌ڕه‌شه‌ و كێشه‌ی ته‌ندروستی ده‌بنه‌وه‌.

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، لە ئابی ئەمساڵ بە راپۆرتێك مەترسییەكانی هەمواری یاسای باری كەسێتی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، كە كاریگەری "كارەستباری" دەبێت بۆ مافەكانی ژنان و كچان، رێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی نۆ ساڵ دەدات.

تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، (نیوەڕۆی 13ـی تشرینی یەكەمی 2024)، پەرلەمانی عیراق و ناوەندی بڕیار لە بەغدا، هیچ كاردانەوە و وەڵامێكیان بۆ بڕیارنامەكەی پەرلەمانی ئەوروپا نەبووە، دیار نییە هەمواری یاسای باری كەسێتی تێدەپەڕێت یان روداوەكانی ساڵانی 2014 و  2017 دوبارە دەبنەوە، كە هەمواری هاوشێوە بۆ یاساكە هەبوون و بەهۆی ناڕەزایی بەرفراوانەوە پەسەندنەكران.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT