هاوڵاتیانی كەركوك بەبێ ئەوەی پێی بزانن، بۆ هەر كیلۆیەك سەوزە و میوە نزیكەی 50 دینار یان زیاتر دەدەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لێكتێگەیشتنێكی نێوان دوكاندارەكانی عەلوەی نمونەیی كەركوك و ئەو بەڵێندەرەی عەلوەكەی دروستكردووە.
پرسەكە گەیەنراوەتە پارێزگاری كەركوك و ئەنجومەنی پارێزگاش ئاگادارە، بەڵام رون نییە هەنگاوی ئەوان بۆ ئەو پرسە چی دەبێت، چونكە بەڵێندەرەكە دەڵێت بەو هەنگاوەیان "ساڵانە بڕی 700 بۆ 800 ملیۆن دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنینەوە".
یونس محەمەد، كە 27 ساڵە بەقاڵی دەكات، دەڵێت ئەوان بە ناچاریی، بۆ هەرسێ پارچە سەوزە و میوە، (سندوق یان گوێنی) بڕی هەزار دینار بە عەلوەی كەركوك دەدەن، "ئەوەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گرانبونی سەوزە و میوە هەیە لە بازاڕدا".
ئەو بڕە پارەیە بۆتە جێی ناڕەزایی ئەو بەقاڵانەی كە ناچارن بۆ دەستكەوتنی سەوزە و میوە بچنە عەلوەی كەركوك، "بەگشتی هەر بەقاڵێك رۆژانە ناچارە لە نێوان 15 هەزار دینار بۆ 30 هەزار دینار پارە بە عەلوەی كەركوك بدات"، یونس وایوت.
بازاڕی عەلوەی نمونەیی کەرکوك، نزیكەی ساڵێكە كراوەتەوە، لەلایەن بەڵێندەرێكەوە دروستكراوە كە رێككەوتنی لەگەڵ ئیدارە و شارەوانی كەركوكدا هەیە.
لێپرسراوانی ئیدارەی عەلوەكە، لەکاتی کردنەوەی عەلوەكەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیانكردەوە "ئێمە پارە لە دوکاندار و بەقاڵەکان وەرناگرین، تەنها پارە لە کۆ فرۆشەکان (جوملەچی) وەردەگرین، ئەوانەی کۆگایان هەیە لە ناو بازاڕەکەدا"، بەڵام یونس محەمەد وتی "کاتێک چوین بۆ ئەوەی لە عەلوەكە بازاڕیی بکەین، سەرەتا بڕیاریاندا بۆ هەر پێنج پارچەیەک بڕی هەزار دینار وەربگرن، دوای كردیانە سێ پارچە و هەزار دینار".
یونس وتی "دەبوو خاوەن کۆگان پارە بدەن بە بەڵێندەرەکە، لەبری ئەوەی کۆگایان وەرگرتووە لە ناو عەلوەی نمونەیی کەرکوک، بەڵام ئێستا خاوەن کۆگاکان پارە نادەن، بۆیە بەڵێندەرەکە لەگەڵ خاوەن کۆگاکان کۆبۆتەوە پێی وتون، ئەگەر ئێوە پارە نەدەن، ئێمە بڕیار دەدەین بڕی پارەی پارچە گران بکەین بە جۆرێک لە پێنج پارچە بە هەزار دینارەوە بۆ سێ پارچە بە هەزار دینار زیاد دەبێت".
دەبوو خاوەن کۆگان پارە بدەن بە بەڵێندەرەکە، لەبری ئەوەی کۆگایان وەرگرتووە لە ناو عەلوەی نمونەیی کەرکوک
بەپێی وتەی بەقاڵەكان، خاوەن کۆگاکان لە نێوان خۆیاندا ئەوەیان قبوڵکردووە، بەشێوەیەك 110 خاوەن كۆگا واژۆیان كردووە بۆ ئەوەی خۆیان پارە نەدەن و لە بەرامبەردا پارەی پارچە لەسەر بەقاڵەكان زیادبكرێت.
یونس وتی "من یەکێکم لەو بە قاڵانەی ڕۆژانە 15 هەزار دینار دەدەم، بەقاڵ هەیە 30 هەزار دینار دەدات، بەو شێوەیە بەقاڵ هەیە مانگانە 750 هەزار دینار بە عەلوەی كەركوك دەدات".
بەگشتی بەپێی خەمڵاندنی بەقاڵەكان بۆ هەر كیلۆیەك سەوزە و میوە بڕی 50 دینار كەمتر یان زیاتر لەسەر هاوڵاتیان دەكەوێت، چونكە بەقاڵەكان ناچارن بۆ قەرەبوی ئەو پارەیەی لێیان وەردەگیرێت، سەوزە و میوە لەسەر هاوڵاتیان بە گرانتر بفرۆشن.
"ئەم بڕە پارەیە یەکجار زۆرە، زۆر کاریگەری لە گرانی بازاڕ و کەمکردنەوەی دەستکەوت بۆ ئێمە هەیە، بەشێک لە بە قاڵەکان وازیان لە کارەکانیان هێنا، لەبەرئەوەی هیچ دەسکەوتێکیان بۆ نەدەمایەوە"، یونس وایوت.
(کەرکوک ناو) لانیكەم هەفتەیەك لە هەوڵدابوو بۆ ئەوەی بۆچونی ئیدارە و دارایی عەلوەی نمونەیی كەركوك وەربگرێت، بەڵام بەبیانوی ئەوەی بابەتەكە ئێستا ساردبۆتەوە و "هەمووان قبوڵیان كردووە"، ئامادەنەبون لێدوان لەسەر ئەو پرسە بدەن.
هۆشمەند وەلی، بەرێوەبەری دارایی عەلوەی نمونەیی کەرکوک، پێشتر لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، وتی "ئێمە خزمەتێکی گەورەمان بە شارەکە کردووە بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، ساڵانە بڕی 700 بۆ 800 ملیۆن دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنینەوە"، بەڵام رونینەكردەوە ئەو پارەیە چۆن و بۆ كوێ و كام حكومەت دەڕوات.
بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، ساڵانە بڕی 700 بۆ 800 ملیۆن دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنینەوە
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، لە سەرەتای مانگی رابردوو لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانی کەرکوک کۆبویەوە و لەسەر ئەو پرسە بەڵێنی پێدان کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.
بەڕێوەبەری دارایی عەلوەی نمونەیی کەرکوک سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لە بەقاڵەكان، هەر لە لێدوانەكەی پێشوتریدا وتی "بەهۆی ئەوەوەیە كە خاوەن کۆگاکانی عەلوەکە ئامادەنەبون پارە بدەن بە بەڵیندەرەکە و لە ئەنجامدا خاوەن کۆگاکان و بەڵیندەرەکە ڕێکەوتن لەسەر وەرگرتنی هەزار دینار بۆ هەرسێ پارچەیەك لە بەقاڵەكان".
بەپێی رێككەوتنەكە وەك هۆشمەند وەلی وتویەتی "بەڵێندەرەکە لەو بڕە پارەیە خۆشدەبێت کە دەبوو خاوەن کۆگاکان بیدەن و بڕەکەی نزیکەی سێ ملیۆن دۆلارە؛ لە بەرامبەریشدا خاوەن گۆکان بە زۆرینەی دەنگ ڕێکەوتن کە بەڵێندەرەکە پارەی زیادە لە بەقاڵەکان وەربگرێت، بڕی پارە لە پێنج پارچە بە هەزارەوە بەرز بکاتەوە بۆ سێ پارچە بە هەزار".
ئەو پێیوایە ئەو بڕە ئەوەندە زۆر نییە تا كاریگەریی لەسەر ژیانی بەقاڵەكان و بازاڕ هەبێت.
بەڵام فەرهاد عەلی، کە پیشەی بەقاڵە وتی "رۆژانە تا ئێوارە دەسوڕێمەوە 20 بۆ 25 هەزار دینار پەیدا دەكەم، بەڵام هەر لە دەرگای عەلوە رۆژانە 15 هەزار دینار دەدەم، مانگانە نزیكەی 400 هەزار دینار دەكات".
ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەگەر هەر بڕە پارەیەک لە دەرەوەی گرێبەست لەسەر بە قاڵ و کاسبکاران زیادکرابێت، نایاساییە، ئێمە قبوڵی ناکەین، بۆ ئەوە مەبەستە بە نوسراوی فەرمی بەڕێز پارێزگارمان ئاگادار کردۆتەوە".
ئەگەر هەر بڕە پارەیەک لە دەرەوەی گرێبەست لەسەر بە قاڵ و کاسبکاران زیادکرابێت
كەركوكی وتی "ئەم هەفتەیە سەردانی عەلوەكە دەکەم، هەوڵدەدەین لە کەموكوڕییەكان بكۆڵینەوە".
یونس محەمەد لەبارەی ئەوەی ئایا ئەوان بڕیارەكە چۆن دەبینن. وتی "نایاساییە، چونکە پێشتر گرێبەستی نێوان خاوەن کۆگاکان و بەڵیندەرەکە ئەوەبوو کە تەنها بڕی هەزار بۆ هەر پێنج پارچەیەک وەربگیرێت، بەڵام خاوەن کۆگاكان بۆ ئەوەی خۆیان پارە نەدەن، ڕێکەوتون بڕی پارەی زۆرتر لە ئێمە وەربگیرێت ئەوەش لەپێناو بەڵێندەرەکە".
وەرگرتنی ئەو برە پارەیە لە عەلوەکە لە کاتێکدایە جگە لەو پارەیە، بەقاڵەكان بۆ هەر پارچەیەک بڕی 250 دینار دەدەن بە خاوەن کۆگاکان لەژێر ناوی مافی حەماڵی، بەڵام رون نییە پارەكە بۆ كوێ دەچێت.
پێشتر عەلوەی كەركوك لە بازاڕی خان خورما بوو، دوای هەوڵێكی زۆر و فشار دوكاندارەكان ناچاركران بچنە عەلوەی نمونەیی كەركوك و خان خورما داخرا.
شێرزاد ئەحمەد، بەقاڵێكی تری كەركوكە، وتی "مەبەستیانە ساڵی نوێ پارەی زیاتر لە بەقاڵەكان وەربگرن، بەشێوەیەك هەر پارچەیەك بكەنە 500 دینار"، بەڵام هیچ بەقاڵێكی تر ئەمەی پشتـڕاستنەكردەوە.