عەبدوڵا ئەسیل نوجەیفی، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت تائێستا خشتەكانی بودجەیان لە حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ نەنێردراوە و وادەی ناردنیشی نادیارە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، نوجەیفی ئاماژەی بەوەشدا لیژنەكەی بەهۆی تەواونەبونی نیسابەوە نەیتوانیووە هیچ دانیشتنێك بكات، سەرباری ئەوەش هەوڵدەدەن، سیاسەتی ئابوری پارێزگاكە بە جۆرێك دابنێن لەگەڵ خواستی خەڵك و پێداویستییەكانیاندا بگونجێت.
كەركوك ناو: ئایا هیچ زانیارییەكتان هەیە لەسەر وادەی ناردنی بودجە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە؟
عەبدوڵا نوجەیفی: تائێستا هیچ خشتەیەكی بودجەمان بۆ نەنێردراوە و وادەی ناردنی نازانین، هێشتا چاوەڕوانین، ئەوەی هەمانبووە تەنیا بودجەی تەواوكاری بووە و پێویستە لە حكومەتی فیدراڵییەوە بودجەمان بۆ بنێردرێت بۆیە جارێ هیچ زانیارییەكانمان لەوبارەیەوە نییە.
كەركوك ناو: دیارترین كێشە داراییەكانی پارێزگاكە چین؟
عەبدوڵا نوجەیفی: كێشە لە هەندێك دۆسیەی دارایی و ئابوری پارێزگاكەدا هەیە، بودجەی نەینەوا بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمترە، ئەوەش وادەكات كێشەكان كەڵەكە ببن، جگە لە دیارترین گرفت كە بریتییە لە ناوەندێتی بڕیارەكان (مەركەزیەتی بەغدا) و كاریگەری نەرێنی بەسەر پارێزگاكانەوە بە تایبەت لە پرسی بودجەدا هەبووە.
بودجەی گشتی عیراق روبەڕوی چەندین كێشە بۆتەوە و پێویستی بە سیاسیەتی نوێ هەیە، بە ئامانجی كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی وەبەرهێنان و داهات، سەرباری هەبوونی كورتهێنان بە بڕی 62 تریلیۆن دینار و لە كاتێكدا سەدا 60ـی بودجە بۆ بەكاربردن و خەرجی دەڕوات، ئەوەش مەترسییە.
كەركوك ناو: ستراتیژی و پلانی ئێوە لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا چییە بۆ بودجە؟
عەبدوڵا نوجەیفی: ئێمە پابەندین بە جێبەجێكردنی ستراتیژی بەهێزكردنی ژێرخانی پارێزگاكە و ئەركی سەرەكیمان ئەوەیە گەشە بە سیاسەتی ئابوری بدەین تا بتوانێت خۆی پاڵپشتی ئەو گەشەپێدان بكات و بەردەوامی پێبدات.
بودجەی نەینەوا بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمترە
پێویستە بودجە بەرەو ستراتیژی ئابوری چالاك ببرێت، بە جۆرێك سەركەوتن تەنیا لە چۆنیەتی خەرجیدا نەبێت بەڵكو بەشێوەیەك بێت ئەو خەرجییە ببێتە هۆی بەدەستهێنانی داهات، دەبێت دەوڵەتیش تەركیز بخاتە سەر وەبەرهێنان لە پرۆژەكانی پەیوەست بە ژێرخانی پارێزگاكە كە رۆڵی دەبێت لە ئاسانكاری و بەتواناكردنی كەرتی تایبەت بۆ بنیاتنانی كارگە، گرنگە پلان و پرۆژەكان بەو ئاڕاستەیەدا بێت رێگەبدات بە كەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان و رەخساندنی دەرفەتی كار.
كەركوك ناو: ئایا دواكەوتنی بودجە كاریگەری بەسەر پارێزگاكەوە چی دەبێت؟
عەبدوڵا نوجەیفی: دواكەوتن هەیە بەڵام زۆر نییە تا ببێتە رێگر لەبەردەم كارەكانی پارێزگاكەدا، تائێستا بودجەمان بۆ نەنێردراوە، كێشە گەورەكەش بەوهۆیەوە لە لیژنەی وەبەرهێنانە، رەنگە ئەوە بەڕێوەچونی كارەكانی تێكبدات، هێشتا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیش دیارینەكراوە و كاندید هەیە بەڵام یەكلایینەكراوەتەوە.
دانانی نەخشەی دارایی و وەبەرهێنان لە ئەركەكانی ئەنجومەنە، دەتوانێت ئەو بابەتە لە ماوەیەكی كورتدا یەكلاییبكاتەوە، دوای ئەوە بەرەو نەخشەی پلانی وەبەرهێنان دەڕۆین.
كەركوك ناو: هیچ پرۆژەیەكی دیاریكراو هەیە زیاتر تەركیزی بخەنە سەر؟
عەبدوڵا نوجەیفی: قەیرانی راستەقینە و گەورە كە پارێزگاكە روبەڕوی دەبێتەوە قەیرانی نیشتەجێكردنە، لە نەینەوا و لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا پێویستمان بە دەوروبەری 500 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دەبێت، ئەوەش ژمارەیەكی گەورەیە و پەیوەستە بە پرۆسەی رێكخستنەوەی شار، هەروەها پرۆژەی فراوانكردنی شارمان هەیە كە 192 هەزار دۆنم لە روبەری موسڵ دەگرێتەوە، لەگەڵ دابەشكردنی ناوچەكان بۆ نیشتەجێبوون و بازرگانی و سەوزایی و خوێندنگە، ئەم بابەتە پەیوەستە بە رەزامەندی وەزارەتی پلاندانان و شەش مانگ لەمەوبەر پرۆژەكە رەوانە كراوە و دەبێت لە ساڵ و نیوێكدا تەواو بكرێت، ئەو پرۆژەیە و دانانی پلانی وەبەرهێنانی دروست دەتوانن رۆڵیان لە راستكردنەوەی بارودۆخی شارەكەدا هەبێت.
كەركوك ناو: لە دابەشكردنی دادپەروەرانەی بودجەدا كام ناوچە زیاتر گرنگی پێدەدرێت؟
عەبدوڵا نوجەیفی: ئێمە پابەندین بە رێژەكانی وەزارەتی پلاندانان، گرنگیپێدانی گەورەی حكومەتیش بۆ شنگال هەیە، كە رێز لەو گرنگیپێدانە دەگرین و پشتگیری دەكەین، بەڵام پێموایە شاری موسڵ بە تایبەت لە دۆسیەی قەرەبووكردنەوەدا، پێویستیان بە گرنگیپێدانی زیاتر هەیە تا گرەنتی گەڕانەوەی هاوڵاتیان و رێكخستنەوەی كاروبارەكانیان بكرێت بەشێوازێك لەگەڵ بارودۆخی ئەواندا بگونجێت.